Accessibility links

ڕوسیا : ڕۆژی پێنجشەممە لاڤرۆڤ سەردانی کۆریای باکوور دەکات


وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤ
وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤ

وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ئاماژەی بەوەدا وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە سێرگەی لاڤرۆڤ ڕۆژی پێنجشەممە سەردانی کۆریای باکوور دەکات بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور ڕی یۆنگ هودا سەبارەت بە ڕەوشی نیمچە دوورگەی کۆریا.

لاڤرۆڤ وتی کۆبوونەوەکە یارمەتی دەدات لە هەڵوێستی کۆریای باکوور تێبگات سەبارەت بە یەکلاکردنەوەی بەرنامە ناوەکییەکەی، ئەم سەردانەی لاڤرۆڤیش پێش کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون دەبێت.

جێی ئاماژەیە لەماوەی ڕابردوودا وتەبێژی کۆشکی سپی سارە ساندەرز وتی کۆشکی سپی ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە لە دوانزەی مانگی شەشدا.

دەزگای هەواڵی تاسی ڕوسیا لە زاری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤەوە بڵاویکردەوە " زۆر بەسوود دەبێت بۆ من تێبگەم لەوەی چۆن دراوسێکانمان لە کۆریای باکوور مامەڵە لەگەڵ هەموو بابەتەکانی پەیوەست بە ڕەوشی نیمچە دوورگەی کۆریاوە دەکەن."

وتیشی هیوادارە کۆبوونەوەکەی نێوان کیم و سەرۆک ترامپ نەبێتە شوێنێک بۆ تۆمەتبار کردنی یەکتری.

هەروەها وتیشی " ئێمە پشتیوانی لەو گۆڕانکارییانە دەکەین کە ئێستا ڕوودەدەن لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو کۆریاکە و پیۆنگیانگ و واشنتندا."

سەرچاوەر/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG