Accessibility links

لاڤرۆڤ: هەست بە ئامادەیی ئەمەریکا دەکەین بۆ بەردەوامبوون لە گفتوگۆکان


وەزیری دەرەوەی روسیا سیرجی لاڤرۆڤ وتی پێی وایە ئەمەریکییەکان ئامادەن بۆ بەردەوامبوون لە گفتوگۆکان لەگەڵ مۆسکۆدا سەبارەت بە بابەتە گرنگەکان سەرەڕای ئاڵۆزیی پەیوەندییەکانی نێوانیان.

لاڤرۆڤ لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی نێودەوڵەتی لە مانیلا چاوی بە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رێکس تیلەرسن کەوتوو و وتی تیلەرسن سەرەتا سەبارەت بە وەڵامدانەوەکەی ڕوسیا بەرامبەر بە سزا نوێیەکانی سەر وڵاتەکەی پرسیاری لێکردووە.

وتیشی " تیلەرسن زۆر گرنگی داوە بە وردەکاریی ئەو بڕیارانەی کە داومانە وەکوو وەڵامدانەوەیەک دژی یاسای سزا نوێیەکانی سەر ڕوسیا."

ئەم کۆبوونەوەیەی نێوان دوو وەزیرەکە یەکەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ یاسای سزا نوێیەکانی سەر ڕوسیای پەسەند کرد و ڕوسیا وتی ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی جەنگی بازرگانیی و هەموو هیواکان بۆ باشکردنی پەیوەندییەکان لەناودەبات.

لاڤرۆڤ وتی ڕوونکردنەوەیەکمان داوە سەبارەت بە دەستبەسەراگرتنی ئەو شوێنانەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بەکرێی گرتوون و هەروەها ڕوونکردنەوەشمان داوە سەبارەت بە کەمکردنەوەی دیبلۆماتکارانی ئەمەریکا لە ڕوسیا.

لاڤرۆڤ وتی لەگەڵ تیلەرسندا باسیان لە کۆمەڵێک بابەتی جیا جیای گرنگ کردووە لەوانەش بەرنامە ناوەکییەکەی کۆریای باکوور و هەماهەنگی پلانەکانی نێوان ڕوسیا و ئەمەریکا بۆ پەرچدانەوەی هێرشەکان.

وتیشی " هەستمان بە ئامادەیی هاوڕێ ئەمەریکییەکانمان کرد بۆ بەردەوامبوون لە گفتوگۆکردن. پێم وایە بێجگە لەوە هیچ بژاردەیەکی ترمان نیە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG