Accessibility links

لاڤرۆڤ بە تیلەرسن دەڵێت وتارە دووژمنانەییەکەی ئەمەریکا سەبارەت بە کۆریا جێی قبوڵکردن نیە


وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە سێرجی لاڤرۆب بە هاوتا ئەمەریکییەکەی ڕێکس تیلەرسنی وتووە وتارە دوژمنانەییەکەی واشنتن گرژییەکانی نیمچە دوورگەی کۆریا زیاتر دەکات و جێی قبوڵکردن نیە.

وتیشی دوو وەزیرەکە لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفونیدا باسیان لە کۆمەڵێک ڕێوشوێن کردووە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی سوریا و ڕەوشەکەی ئۆکرانیا.

جێی ئاماژەیە لە ماوەی ڕابردوودا کرێملن ڕایگەیاند ڕوسیا ئامادەیە ڕۆڵی نێوەندگیر ببینێت لەنێوان کۆریای باکوور و ئەمەریکادا ئەگەر هاتوو دوو وڵاتەکە بەوە ڕازی ببن.

لە مێژە مۆسکۆ داوا لە کۆریای باکوور و ئەمەریکا دەکات دانوستاندن ئەنجام بدەن بۆ کەمکردنەوەی ئەو گرژییانەی کە بەهۆی بەرنامە ناوەکیی و موشەکییەکەی کۆریای باکوورەوە دروست بوون سەرەڕای بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دژی کۆریای باکوور.

وتەبێژی کرێملن دیمیتری بێسکۆڤ لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " ئامادەیی ڕوسیا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و ڕێخۆشکردن بۆ دانوستانەکان ڕوون و ئاشکرایە."

سیاسەتمەدارانی ئەمەریکا دەڵێن هەوڵدەدەن بگەنە چارەسەرێکی سیاسیی بەڵام سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ دەڵێت پێش ئەوەی بچینە گفتوگۆکردنەوە دەبێت پیۆنگیانگ واز لە پەرەپێدانی چەکە ناوەکییەکانی بهێنێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG