دەزگای هەواڵی سوریا ئاماژەی بەوەدا بەهۆی " هێرشێکی " ئیسڕائیلەوە بۆ سەر بەندەری لازقییە ئاگر لە بەندەرەکەدا کەوتۆتەوە و دواتر ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە، هێشتا دیار نیە زیانی گیانی لێکەوتبێتەوە یاخود نا، بەڵام زیانی ماددی هەبووە.
کەناڵی فەڕمی سوریا وتی دوای " هێرشەکەی " ئیسڕائیل پێنج تەقینەوە بەندەرەکەیان هەژاندووە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بەپەلە ڕەوانەی شوێنەکە کراون.
جێی ئاماژەیە ئیسڕائیل بەردەوام هێرشی ئاسمانی لە سوریادا ئەنجام دەدات و دەڵێت ئێرانیەکانی ناو ئەو وڵاتە و گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران دەکاتە ئامانج بە حیزبوڵای لوبنانیشەوە، کە لە شەڕی ناوخۆی سوریادا یارمەتی سەرۆکی ئەو وڵاتە بەشار ئەسەدییان داوە.
بەندەری لازقییە بەندەری سەرەکی سوریایە و لەوێوە خواردن و کەلوپەلە سەرەکییەکانی دیکە دەگەنە سوریا، هەروەها نزیکیشە لە بنکەی ئاسمانی سەرەکی حمیمیمی ڕوسیاوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز