Accessibility links

ئەمەریکا بیر لە قەدەغەکردنی لاپتۆپ دەکاتەوە لە هەموو گەشتە ئاسمانیە نێودەوڵەتییەکاندا


ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی جان کێڵی وتی بیر لە قەدەغەکردنی هەڵگرتنی لاپتۆپ دەکاتەوە لە هەموو گەشتە ئاسمانیە نێودەوڵەتییەکان و لە هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی ناو ئەمەریکاشدا.

جان کێڵی وتی نیشانەی بوونی هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە هەیە لە بوونی ئامێرە ئەلەکترۆنییەکان لەناو گەشتە ئاسمانییەکاندا دژ بە خەڵکی سڤیل.

کێڵی لە میانەی لێدوانێکیدا بۆ پرۆگرامی تەلەفیزیۆنیFox News Sundayوتی تیرۆریستان حەزیان لە بیرۆکەی خستنە خوارەوەی فڕۆکە هەیە.

قەدەغەکردنەکە لەوانەیە فراوان ببێت و کاریگەری بۆ سەر 50 گەشتی ئاسمانی هەبێت لە یەک ڕۆژدا لە دە شارەوە بۆ ئەمەریکا، لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و ئەفریقای باکوور. قەدەغەکردنەکە ئەو ئامێرانە دەگرێتەوە کە لە ئامێری مۆبایلی زیرەک گەورەترن.

شایەنی باسە بەپێی شارەزایانی بواری گەشتی ئاسمانی وا پێشبینی دەکرێت نزیکەی 3250گەشتی ئاسمانی لە هاویندا لە یەک هەفتەدا لە ئەوروپاوە گەشت بکەن بۆ ئەمەریکا.

بەریتانیا هەمان کاری کردووە لە گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا و لوبنان و ئوردن و میسر و تونس و عەرەبستانی سعودیە بۆ بەریتانیا.

هەفتەی پێشوو لە ئەوروپا لەمیانەی گەشتە نۆ ڕۆژییەکەی سەرۆک دانۆڵد ترامپدا، کێڵی چاوی بە کاربەدەستە باڵاکانی ئەوروپا کەوت لە برۆکسل بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەگەری قەدەغەکردنی لاپتۆپ لە گەشتە ئاسمانییەکاندا.

سەرچاوە / VOA

XS
SM
MD
LG