Accessibility links

کوەیت: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێشتا هەڕەشەی تیرۆری لەسەرە


وەزیری دەرەوەی کوەیت شێخ سەباح خالید حەمەد ئەلسەباح داوای دروستکردنی ئاسۆیەکی نوێ و هەماهەنگی هاوپەیمانێتی دژی داعش کرد بۆ دانانی ستراتیژییەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەی وەزیرانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش لە کوەیت، سەباح هۆشیاریدا و وتی " کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێشتا لەژێر هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆی گروپە تیرۆریستیە چەکدارەکاندایە سەرەڕای ئەوەی لە ڕاستیدا پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە."

وتی " ئێستا پێویستە هاوپەیمانێتییەکەمان ئاسۆیەکی نوێ دروست بکات لەچوارچێوەی بەردەوامبوونی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان و هەماهەنگی هاوبەش لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا و هەروەها بەردەوامبوون و پەرەپێدانی ئەو ستراتیژییەی کە هاوپەیمانێتی دژی داعش کێشاویەتی."

وەزیری دەرەوەی کوەیت پیرۆزبایی لە عێراق کرد و وتی هیوادارە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ ڕاوەدوونانی تیرۆریستان سەرکەوتوو بێت."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسن لە هەمان کۆبوونەوەدا وتی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش سەرکەوتوو بووە لە لەناوبردنی داعش و %98ی ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بوون کۆنتڕۆڵی کردوونەتەوە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە کۆتایی هاتنی ئەرکە سەربازییەکان دژی داعش مانای ئەوە نیە کە داعش بەتەواوەتی نەمابێت.

تیلەرسن وتی زیاتر لە 3 ملیۆن کەس گەڕاونەتەوە بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان دوای ئەوەی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ناچار کرابوون شوێنی خۆیان بەجێبهێڵن، ئاماژەشی بە پێویستی دووبارە بنیادنانەوە ئەو شوێنانە کرد کە ڕێکخراوی داعش وێرانی کردوون.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وتی واشنتن بڕی 200 ملیار دۆلاری زیاد دابین دەکات بۆ پشتیوانیکردنی هەوڵەکان بۆ خستنەوەی سەقامگیری لە ناوچە ئازادکراوەکانی سوریادا.

سەرچاوە/سکای نیوز

XS
SM
MD
LG