Accessibility links

كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی هه‌رێمی كوردستان شه‌ش بڕیاری نوێی سه‌باره‌ت به‌ پڕۆسه‌ی ده‌نگدان ده‌ركرد


وێنه‌ی كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانی وته‌بێژی فه‌رمی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی له‌كوردستان.

كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆ و ڕاپرسی له‌هه‌رێمی كوردستانی عیراق له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا كه‌ له‌شاری هه‌ولێر ئه‌نجامیدا شه‌ش بڕیاری نوێی بۆ به‌ڕێوه‌چونی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركرد، كه‌ به‌وته‌ی وته‌بێژی فه‌رمی كۆمسیۆن مه‌به‌ست له‌و بڕیارانه‌ "زیادكردنی متمانه‌ی هاوڵاتیانه‌ به‌ كۆمسیۆن و پڕۆسی ده‌نگده‌ران وه‌ڕێگری كردنه‌ له‌ساخته‌كاری."

له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا كه‌ ئه‌مشه‌و بۆ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ڕاپرسی له‌هه‌رێمی كوردستان له‌شاری هه‌ولێر ئه‌نجامدرا ،شێروان زراری وته‌بێژی فه‌رمی كۆمسیۆن ئاماژه‌ی به‌شه‌ش بڕیاره‌كه‌ی كۆمسیۆن دا، ڕایگه‌یاند" پێویسته‌ ده‌نگده‌ر ناسنامه‌ و ڕه‌گه‌زنامه‌ی عیراقی پێكه‌وه‌ له‌كاتی ده‌نگداندا پێبێت سه‌باره‌ت به‌ كارتی نیشتمانی و پاسپۆرت ئه‌وا یه‌كێك له‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ به‌سه‌، به‌ڵام ده‌بێت ناسنامه‌ و ڕه‌گه‌زنامه‌"ته‌سكه‌ره‌ و جنسیه‌ی" پێكه‌وه‌ پێبێت له‌كاتی ده‌نگدان، وه‌ نوێنه‌ری لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و چاودێره‌كان مافی وردبینیان هه‌یه‌ له‌ناسنامه‌ و ڕگه‌زنامه‌كه‌ هه‌روه‌ها مافیان هه‌یه‌ كه‌ وێنه‌ی له‌ڕێگای مۆبایله‌وه‌ بگرن."

زراری ئاماژه‌ی به‌بڕیارێكی دیكه‌ی كۆمسیۆن دا ، وتی" چونه‌ ژوره‌وه‌ی ئه‌ندامانی ئاسایش و هێزه‌كانی ناوخۆ بۆ بنكه‌كانی ده‌نگدان ده‌بێته‌ هۆی پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ده‌نگی ئه‌و بنكه‌یه‌، وتیشی: هه‌ر ده‌نگده‌رێكی تایبه‌ت به‌شداری ده‌نگدانی گشتی بكات ده‌نگی ئه‌و سندوقه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌."

وته‌بێژی فه‌رمی كۆمسیۆن باسی له‌بڕیارێكی دیكه‌ی كۆمسیۆن كرد سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگی هه‌ربنكه‌یه‌ك وتی" به‌ڕێژه‌ی ده‌نگی ٢\٣ی ده‌نگی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران ده‌بێت."

شێروان زرار له‌كۆتایدا وتی: كۆتا بڕیار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ فه‌رمانبه‌ری سه‌ر سندوق بۆی هه‌یه‌ وردبینی له‌په‌نجه‌ی ده‌نگده‌ر بكات ئه‌ویش به‌مه‌به‌ستی دڵنیابوون له‌وه‌ی هیچ مادده‌یه‌ك به‌په‌نجه‌ی ده‌نگده‌ره‌وه‌ نیه‌ ئه‌گه‌ر مادده‌ی دیكه‌ هه‌بوو ئه‌وا ڕێگه‌ی پێنادرێت ده‌نگ بدات."

هه‌ر له‌دوای كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌كه‌ی كۆمسیۆن، سمكۆ ئه‌سعه‌د یه‌كێك له‌ڕاوێژكاره‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌هه‌مان شێوه‌ له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا بڕیاره‌كانی كۆمسیۆنی ڕه‌تكرده‌وه‌، ڕایگه‌یاند" یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئه‌و بڕیاره‌ نوێیانه‌ی كۆمسیۆن ڕه‌تده‌كاته‌وه‌ وه‌ پێویسته‌ كۆمسیۆن ئه‌و بڕیار و ڕێنماییه‌ نوێیانه‌ ڕابگرێت."

ڕاوێژكاره‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی وتیشی" كۆمسیۆن ده‌زانێت ده‌رفه‌تی تانه‌دان نه‌ماوه‌ چه‌ند كاتژمێرێكی كه‌می ماوه‌ بۆ ده‌سپێكردنی پڕۆسه‌ی ده‌نگدان بۆیه‌ ئه‌و بڕیاره‌ نوێیانه‌ی ده‌ركرد."

وابڕیاره‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ٣٠\٩ ده‌نگدانی گشتی بۆ هه‌ڵبژاردنی(١١١) ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی هه‌رێمی كوردستان-عیراق ئه‌نجامبدرێت، ڕۆژی هه‌ینی ڕابردوو ٢٨\٩ پڕۆسه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت به‌ڕێوه‌چوو.

XS
SM
MD
LG