سه‌عدی پیره ئه‌ندامی وته‌بێژی فه‌رمی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌ڵێت" بابه‌تی داواكردنی دوباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان بابه‌تێك نیه ئێمه وه‌ك یه‌كێتی قڕه یا قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین هه‌ر ڕێگایه‌كی یاسایی ده‌ستوری بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ئه‌وان ئێمه هیچ ڕێگرییه‌كمان نیه، ده‌شڵێت، باسكردنی ئه‌وه‌ی كام لایه‌ن پۆستی باڵای عیراق وهردهگرێث له‌م كاته‌دا نه‌نگیه و ده‌بێت بخرێته دوای هه‌موو بابهتهكان، هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات یه‌كێتی به‌م نزیكانه بانگهێشتی هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كات بۆ كۆبونه‌وه‌یه‌كی فراوان له‌سه‌ر تاوتوێ كردنی ناردنی وه‌فدێكی هاوبه‌شی لایه‌نه‌كان بۆ به‌غداد."
سه‌عدی پیره له گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا سه‌ره‌تا ئاماژه‌ی به‌كۆبونه‌وه‌ی دوێنێی مه‌كته‌بی سیاسی حیزبه‌كه‌ی كرد و وتی"له پاش كۆبونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌نیازین له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان بكه‌وینه گفتوگۆ بۆ كۆبونوهیهكی هاوبه‌ش هه‌موو لایه‌نه‌كان بانگهێشت بكه‌ین له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا باسی شێوه‌ی وه‌فدی هاوبه‌ش بۆ به‌غداد و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه عیراقیه‌كان، هه‌روه‌ها ده‌سته‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ین، كێ سه‌رۆكایه‌تی وه‌فده‌كه ده‌كات هێشتا دیاریكراو نیه ئه‌وه له‌پاش كۆبونه‌وه بڕیاری لێده‌درێت."
وته‌بێژی فه‌رمی یه‌كێتی وتیشی"ئه‌وه بڕیاری مه‌كته‌بی سیاسیه كه گفوتگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان ده‌ست پێبكرێت تا ئه‌مجاره هه‌موو لایه‌نه‌كان پێكه‌وه بچینه‌وه به‌غداد به‌ڵام ئایا لایه‌نه‌كان به‌ده‌م ئه‌و بانگهێشتهوه دێن و قبوڵی ده‌كه‌ن؟ ئه‌وه ده‌كه‌وێته سه‌ر چه‌ند ڕۆژی ئاینده كه كۆبونه‌وه‌كه كرا، هه‌ركه‌سه و به‌رپرسیاره له ئاماده‌بونی له‌و كۆبونه‌وه‌یه."
له ئێستادا شه‌ش لایه‌نی هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند لایه‌نێكی عیراقی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی عیراقی ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه و داوای دوباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق ده‌كه‌ن، سه‌عدی پیره له‌باره‌ی داواكاری ئه‌و شه‌ش لایه‌نه‌ی كوردستانه‌وه وتی" ئه‌وه بابه‌تێك نیه ئێمه وه‌ك یه‌كێتی قڕه یا قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین هه‌ر ڕێگایه‌كی یاسایی ده‌ستوری بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ئه‌وان ئێمه هیچ ڕێگرییه‌كمان نیه."
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی تانه‌ی لایه‌نه‌كان زیاتر له‌ناوچه‌ی سلێمانی بوو؟به‌پێی وته‌ی سه‌عید كاكه‌یی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، سه‌عدی پیره وتی" ئه‌وه قسه‌یه‌كه كه‌زیاتر سایته سێبه‌ره‌كان به‌تایبه‌ت سێبه‌ره‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌و قسانه‌یان ده‌كرد، ئه‌گه‌رنا سكاڵاكان له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كان بوو، ئه‌وه به‌قسه و هاتوهاوار نابێت، ئه‌وه دادگا و كۆمسیۆن با له‌وێوه سكاڵاكان بخه‌نه‌ڕوو."
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی دوای كۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان، ئێستا یه‌كێتی پێی وایه له‌كام لایه‌نی سیاسیه‌وه نزیكه؟ پیره ڕایگه‌یاند" یه‌كێتی له‌و لایه‌نه‌وه نزیكه كه زۆرترین داواكارییه‌كانی جێ به‌جێ ده‌كات." هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌داواكاریه‌كانی یه‌كێتی دا و وتی" چاره‌سه‌ركردنی كێشه ئابورییه‌كانی هه‌رێم، جێ به‌جێكردنی ماده‌ی ١٤٠ بێ سێ و دوو، هه‌روه‌ها هه‌رێمی كوردستان و پێشمه‌رگه وه‌ك براوه‌ی شه‌ڕی داعش مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت نه‌ك به پره‌نسیبی لوله‌ی ده‌بابه."
به‌بڕوای وته‌بێژی فه‌رمی یه‌كێتی ئه‌مجاره جێ به‌جێ كردنی داخوازییه‌كانی كورد جیاوازتره چونكه به‌وته‌ی ئه‌و، لیسته گه‌وره عیراقیه‌كان وه‌ك پێشوتر نه‌ماون و هه‌موویان ژماره‌ی كورسیه‌كانیان نزیكه له ژماره‌ی كورسیه‌كانی كورد."
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كورد كام پۆستی باڵای عیراق وه‌رده‌گرێت؟ئایا وه‌ك یه‌كێتی سورن له‌سه‌ر وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق؟ سه‌عدی پیره وتی" بابه‌تی كێ و چۆن پۆست وه‌رده‌گرێت بابه‌تێكه كه ده‌بێت بخرێته دوای هه‌موو بابهتهكان چونكه كێشه‌ی ئه‌مڕۆی هاوڵاتیانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌كانه ئه‌وه زۆر بابه‌تێكی نه‌نگی و مه‌كروهه له‌م كاته‌دا باس بكرێت ئه‌وه‌ی گرنگه باس بكرێت پێش پۆست و داواكاری بابه‌تی خه‌می خه‌ڵك و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی خه‌ڵكه."
ده‌رباره‌ی مه‌رجی یه‌كێتی بۆ به‌ستنی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه كوردییه‌كان، پیره باسی له‌وه‌كرد" یه‌كێتی ده‌یه‌وێت هه‌موو لایه‌نه‌كان پێكه‌وه بههاوپهیمانێتیهكی هاوبه‌ش كار بكه‌ن، بابه‌تی چاكسازی و داواكاری ئه‌و لایه‌نانه با له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ناوخۆی باسی بكرێت و باشتره هه‌مووان نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیانه له‌به‌غداد به‌رگری له‌كورد بكه‌ین."