Accessibility links

عه‌دنان عوسمان:به‌چوار به‌ڵگه‌ ئەگەر پارتی بیویستایە ڕۆژی هەڵبژاردن دیاریبکات دەیکرد


عه‌دنان عوسمان-هه‌ڵسوڕاوی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
عه‌دنان عوسمان-هه‌ڵسوڕاوی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان

عەدنان عوسمان هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت، بزوتنەوەی گۆڕان هەموو خولەکێک ئامادەی هەڵبژاردن بووە، بەڵام پارتی بەپلەی یەک وە شەریکەکانی بەرپرسن لە دواخستنی هەڵبژاردنەکان، دەشڵێت"ئەو حیزبانەی ئێستا باڵادەستن ڕەنگە لە هەڵبژاردن ببنە هێزێکی بچوک ئیتر حیزبی سیاسی چۆن وادەی هەڵبژاردن دیاریدەکات؟."

پێشتر فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا گوتی"تەحەدا دەکەین وەک پارتی دیموکراتی کوردستان تاکە لایەن بووین داوامان کرد هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە کاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت بەڵام هیچ لایەنێکی سیاسی ئامادەی هەڵبژاردن نەبووە و هەریەکەیان بیانویەکی دەهێنایەوە."

عەدنان عوسمان هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا وتی" قسەکانی کاک فازڵ ڕاست نین، من بە چوار بەڵگە دەیسەلمێنم کە پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەی هەڵبژاردن نەبوون، ڕاستە لەوانەیە لایەنی تریش هەبووبێت حەزی کردبێت هەڵبژاردن دوابخرێت بەڵام بۆ بزوتنەوەی گۆڕان ڕاست نیە ڕێک پێچەوانەکەیەتی، چونکە بزوتنەوەی گۆڕان لیستی ئامادەکردبوو هەتا پێشکەشی کۆمسیۆنیشی کردبوو ئیتر خۆ حازرکردن چیە؟."

عەدنان عوسمان وتیشی"بە چوار بەڵگە قسەکانی کاک فازڵ پێچەوانەکەی ڕاستە، یەکەم ئەو کاتەی پێویست بوو ڕۆژی هەڵبژاردن دیاریبکرێت سەرۆکایەتی هەرێم ئەگەر بە نایاسایش بووبێت لای پارتی بوو، سەرۆکی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ پەرلەمان و کۆمسیۆن دەیتوانی ڕۆژی هەڵبژاردن دیاریبکات، دووەم سەرۆکی حکومەت کە پێویستە هەموو پێداویستیەکانی هەڵبژردن ئامادەبکات سەرۆکەکەی لای پارتی دیموکراتی کوردستانە، سێیەم سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانیش لای پارتیە، چوارەم سەرۆکی کۆمسیۆنیش لای پارتیە، ئەم چوار لایەنە گرنگە لای پارتیە،ئەگەر پارتی بیویستایە ڕۆژی هەڵبژاردن دیاریبکات دەیکرد."

ئەو هەڵسوڕاوەی گۆڕان وتیشی"دوای ئەوە سەیر ئەوەیە سکرتێری حیزبێک بیت و ناوی دیموکرات بێت بەڵام هەڵبژاردن بخەیتە مەزاجی ئەم حیزب و ئەو حیزب، هەڵبژاردن ئیستیحقاقە بەپێی یاسا و دەستور دەبێت لە کاتی خۆیدا بکرێت نەک لەبەر خاتری ئەم حیزب و ئەو حیزب دوابخرێت ئەمە ئەم قسە هەلەق و مەلەقە تەنها لە کوردستان و لای پارتی هەیە, هەڵبژاردن چ حەقی بەلایەنی سیاسیەوە هەیە؟ هەڵبژاردن لایەنی خۆی ڕۆژی ئەنجامدانی دیاریدەکات کە لایەنی کۆمسیۆنە، حیزبی سیاسی چۆن دەبێت وادەی هەڵبژاردن دیاریبکات؟"

عەدنان عوسمان لە درێژەی گفتوگۆکەدا وتی"بزوتنەوەی گۆڕان هەموو خولەکێک ئامادەی هەڵبژاردن بووە وە لایەنەکانی تریش ئێمە تەنها داوای پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەرانمان کردووە کە ئەمەش مەرج نیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن چونکە ئەوە دەمێکە دەبوو بکرێت وە کۆمسیۆن خۆی دەڵێت دەستمان بەو خاوێنکردنەوەیە کردووە، ئینجا فازڵ میرانی کە دەڵێت ئامادەی هەڵبژاردنین ئێ بێگومان چونکە پارتی هەموو کات بیست کورسی ئامادەیە و لەناو دەستیایەتی، یانزە کورسی کۆتاکان، ئەوی تری دەنگی ساختە و مردووەکانن، بەڵام پێم وایە لە هەڵبژاردنی داهاتوو ئەمە گۆڕانکاری بەسەردا دێت و مەسیحی و تورکمانە ڕاستەقینەکان ڕێگە نادەن چیتر ئەو مەسیحی و تورکمانانەی تا ئێستا نوێنەرایەتی بە تەنها بەرژەوەندییەکانی پارتیان کردووە کۆتاکان پڕبکەنەوە وە حیزبەکانی تریش قبوڵی ناکەن ئەو یانزە کورسیە بە مسۆگەر بە ناوی کۆتاوە بدرێتە لایەنێکی سیاسی، وە ئەو سیستمەی لە عیراق پەیڕەو دەکرێت لە هەرێمیش پەیڕەوبکرێت ئەوە چ مانایەکی تێدایە لە عێراق سیستمێک پەیڕەودەکرێت لە هەرێم سیستمێکی تر."

عەدنان عوسمان هەندێک لایەنی سیاسی هەرێمی تۆمەتبارکرد بە ڕێگرتن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و وتی"ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن له‌كوردستان پارتی و شەریکەکەی لێی بەرپرسە بە تەنها."

پێش دواخستنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئۆکتۆبەری ڕابردوو بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان(محەمەد تۆفیق ڕەحیم)ی ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی لەکۆمسیۆن ناونوس کرد وەک کاندیدی ئەو حیزبە بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم."

لە بەشێکی تری گفتوگۆکەدا فازڵ میرانی لە بارەی هەڵبژاردن بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم ڕایگەیاندبوو"پۆستی سەرۆکی هەرێم لە موقابیلاتی کیانێکی فیدراڵە کوردستانە وە ئەم بابەتەمان خستۆتە ئەستۆی پەرلەمانی داهاتوو وە لیژنەی دەستوری، ئیتر دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێم و شێوازی هەڵبژاردنی ئەمە دامانناوە بۆ لیژنەی دەستور ئیتر کێ کاندید بێت ئێمە کێشەمان نیە."

بەڵام عەدنان عوسمان ڕەتیکردەوە بزوتنەوەی گۆڕان ڕازی بووبێت بە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و وتی"قسەکانی زۆر نامەنتقی و نایاسایی بوو چونکە ئێستا یاسای سەرۆکایەتی هەرێممان هەیە کە پێشتر داوای هەموارکردنیمان دەکرد، ئێستا یاساکە هەڵنەوەشاتەوە، نادرێتە پەرلەمانی داهاتوو ئەوە پارتی پێشتر ئەو پۆستەی بە نایاسایی داگیرکردبوو دوای شکستەکەی ڕیفراندۆمیش دەسەڵاتەکانی میرات بێت و دابەشی سەر دەزگاکانی کرد بەڵام ئەو پۆستە هێشتا بە فەرمی ماوە و هەڵنەوەشاوەتەوە."

XS
SM
MD
LG