ئهسعهد شاوری چالاكوان و چاودێر دهڵێت "ئەوەی لە عەفرین بینیم، نە بینیومە و نە لە مێژوو خویندومەتەوە، خەڵكێكی بە ورە و قارەمان، لە كاتێكدا بۆردومانی فڕۆكە و تۆپخانەكانی توركیا شارەكەی بۆ خەڵكی سڤیل كردبووە كوشتارگەیەكی گهوره، ژن و منداڵ و پیرو پەكکەوتە ئامانجی بۆردومانەكانی توركیا بوون."
ئهسعهد شاوری یهكێك بوو لهو چالاكوانانهی كوردستانی عێراق لە ههفتهی ڕابردووداچوونه عهفرین و دهڵێت " عەفرین نەكەوتووە، عەفرین بەشێكی بە هۆی نابەرابەری هێزو چەك داگیر كراوە، ئەگینا عەفرین بەرخۆدان درێژە پێ ئەدات بە شێوازی جیاوازتر و كاریگەرتر، پێش ئەوەی بشچم بۆ عەفرین پێشبینی داگیركردنی عەفرینم دەكرد چونكە ئەوەی هێرشی دهكرده سەر عەفرین هەموو هێزی ناتۆ و ڕوسیا و وڵاتانی ههرێمی و هەموو پاشماوەكانی چەتەكانی داعش و قاعیدە و بەرەی نوسرە و سوپای بە ناو ئازاد لە بەرامبەردا شەڕڤانان جگە لە چەكی سوك و چەند هەزار شەڕڤانێك هیچی تر نیە."
ئهسعهد شاوری باسی له دیمهنهکانی ناو شاری عەفرین دەکات کەلهنزیكهوه بهچاوی خۆی بینیونی و دهڵێت سوپای توركیا هەر لەسەرەتای هێرشەكانیەوە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی شارەكەی لەكارخست و بەو هۆیەوە ئاوی خواردنەوە لە شارەكە نەبوو، خواردن و پێداویستی ڕۆژانە دەگمەن بوون هاوکاتی ئەو بۆردومان و تۆپبارانە زۆرانەی ڕۆژانە دەکران و دەشڵێت ئەوەی لەو شارە کوردنشینەی سوریادا بینیویەتی دیمەنێکی تراژیدیانەتر بوو لە کارەساتی هەڵەبجە و کۆڕەوەکەی ساڵی 1991ی باشوری کوردستان.
لە وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکادا، ئەسعەد شاوری ئاماژەش بەوە دەکات هیچ بارەگا یاخود هێزیكی سەربازی لە ناو شار بەدی نەئەكرا، وەک دەڵێت "تەنانەت سەرسام بووم بەوەی ئەو چەند ڕۆژەی لەوێ بووم یەك چەكدارم نەبینی لە ناو شار و كوچەو كۆڵانەكانی بۆیە ئامانجی سوپای توركیا لە ناوبردنی گەلی كوردە جا پیر بیت یا گەنج یان پەکكەوتە یا ژن، بۆردومان كردنی ناوشار مەبەستی تەنها سڤیل بوو."
مانگی ڕابردوو هێزه كوردییهكانی سوریا له عهفرین ڕێکكهوتنێكیان لهگهڵ حكومهتی سوریادا کرد و چهند هێزێكی سوپای سوریا بهپێی ڕێكهوتنهكه چوونە ناو شارهكه
ئهسعهد شاوری لهبارهی ئهو هێزانهوه دەڵێت 'ئەو هێزەی چووبووە عهفرین هێزی سوپای سوریا نەبوو، هێزیكی شیعەی خەڵكی گوندەكانی سنوری عەفرین بوون كە شیعەن و لە لایەن سوپای تورکیاوە کرانە ئامانج و هیچ کاریگەرییەکیان نەبوو.
ههروهها وتی عهفرین شهش ساڵە گەمارۆدراوە لە لایە توركیاو سوریا و چەكداره ئیسلامیە توندڕهوهكان"ئەوە عەفرینە توانیویەتی ئەم شهش ساڵە بە پشت بەستن بە خۆی، خۆی بەڕێوەبەرێت، بێدەنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پشتیوانی زلهێزەكان لەتوركیا و بەكارهێنانی فڕۆكەی پێشكەوتووی وەك ئێف شازدە و تانك و تۆپی مۆدێرنی سەردەم لە بەرامبەر چەند هەزار شەڕڤانێك کە بە چەكی كڵاشنكۆف شەڕ دەکەن، هۆكاری داگیرکردنی عەفرینە.
ئەسعەد شاوری دەڵێت پێناچێت تەنها عەفرین مەبەست و ئامانجی ئەو هێرشانە بێت " بە دڵنیایەوە پیلانێكی نێودەوڵەتی مەترسیدار لەسەر كانتۆنەكانی تر و باشوری كوردستانیش هەیە." وە دەشڵێت
كوردەكانی ڕۆژئاوا بەنیازی بەرخۆدانی بەردەوامن و هەموو ئەڵێن "تەسلیم بون مردنە بەرخۆدان ژیانە."