Accessibility links

بێگەرد تاڵەبانی:بەشێك لەو پەرلەمانتارانەی ڕەخنەی توندییان لەیاسای خانەنشینی گرت كاندیدن بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو


بێگه‌رد تاڵه‌بانی سكرتێری په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانی عیراق

بێگه‌رد تاڵه‌بانی سكرتێری په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانی عیراق ده‌ڵێت،به‌ هۆی نیگه‌رانیه‌كانی خه‌ڵكه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی پڕۆژە یاسای چاکسازی خانەنشینی په‌رله‌مانی دا نه‌ك له‌سه‌ر داواكاری هیچ فراكسیۆنێك چونكه‌ فراكسیۆنه‌كان مافی قسه‌كردنی خۆیان هه‌بوو له‌په‌رله‌مان به‌ڵام خه‌ڵك له‌ناو په‌رله‌مان نه‌بوون،ده‌شڵێت"به‌شێك له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی ڕه‌خنه‌ی توندییان گرت له‌ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ له‌دوای ده‌نگدانیان به‌ پڕۆژه‌ یاساكه‌ كاندیدیدن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان."

بێگه‌رد تاڵه‌بانی سكرتێری په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانی عیراق له‌گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا باسی له‌وه‌كرد،كه‌ پڕۆژه‌ یاسای چاكسازی خانه‌نشینی به‌كۆی ده‌نگی په‌رله‌مانی كوردستان په‌سه‌ندكراوه‌،ئه‌و كاردانه‌وه‌ توندانه‌شی لێی كه‌وته‌وه‌ دوو جۆر بوو به‌شێی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان بوون كه‌ موچه‌ی نایاسایی خانه‌نشینیان وه‌رده‌گرت یاخود به‌شێك له‌ڕئوێژكاره‌كانی په‌رله‌مان كه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ بوون و له‌به‌رژه‌وه‌ندییان درا دواتر به‌هه‌ڵه‌ گواستیانه‌وه‌ بۆ خه‌ڵك تا ناڕه‌زایی دروست بكه‌ن،به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ش خه‌ڵكانێك بوون مافی خۆیان بوو."

سه‌باره‌ت به‌هۆكاری ئه‌نجامدانی ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ی په‌رله‌مان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاساكه‌ به‌شێوازی نهێنی؟بێگه‌رد تاڵه‌بانی وتی"به‌ڕاستی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاو گرت كه‌ یه‌كه‌م په‌رله‌منتاران ئازاد بن له‌سه‌ر گفتقگۆكردنی ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌،دووه‌م،ترسمان هه‌بوو به‌شێك له‌فڕاكسیۆن و په‌رله‌مانتاران به‌كاری بهێنن وه‌ك هه‌ڵمه‌تێكی هه‌ڵبژاردن به‌تایبه‌ت كه‌ ئێستا به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتاران كاندیدن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌مانویست له‌ناو په‌رله‌مان كاری نه‌خوازراو ئه‌نجام بده‌ن."

له‌دوو ڕۆژی ڕابردوودا فڕاكسیۆنی گۆڕان له‌په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كرد كه‌ گوێی له‌داواكارییه‌كه‌یان له‌ڕێگه‌ی یاداشتێكه‌وه‌ گرتووه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ یاسای چاكسازی خانه‌نشینی،داواشیان كردبوو سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بڕگه‌ی دووه‌می گرته‌ ڤیدیۆیی كۆبونه‌وه‌ داخراوه‌كه‌ی په‌رله‌مان بڵاوبكه‌نه‌وه‌."

به‌ڵام بێگه‌رد تاڵه‌بانی سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت."سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ناڕه‌زایی و نیگه‌رانی خه‌ڵك و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له‌پێش چاوگرت نه‌ك داواكاری فڕاكسیۆنه‌كان،چونكه‌ فراكسیۆنه‌كان له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مان مافی داواكاری و گفتوگۆی ته‌واویان پێدرابوو."

سكرتێری په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان وتیشی"هه‌موو فراكسیۆنه‌كان به‌فه‌رمی یاداشتی ناڕه‌زاییان دایه‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان به‌ته‌نها فراكسیۆنی گۆڕان نه‌بێت كه‌ هیچ یاداشتێكیانمان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌ به‌فه‌رمی ته‌نها له‌ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ بینیومانه‌."

بێگه‌رد تاڵه‌بانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو.دوو سه‌رۆك لیژنه‌ له‌و شه‌ش لیژنه‌یه‌ی گفتوگۆی پڕۆژه‌ یاساكه‌یان كردووه‌ له‌پێشوتردا سه‌ر به‌فراكسیۆنی گۆڕانن،وه‌ جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایش هه‌ر گۆڕانه‌،هه‌موو نوسراو و وته‌كانی خۆیان ماوه‌،دواتر به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی فراكسیۆنه‌كه‌ ده‌نگیان به‌و بڕگانه‌ی یاساكه‌ داوه‌ وه‌ دواتریش فراكسیۆنه‌كه‌ خۆی ده‌نگی به‌ كۆی پڕۆژه‌كه‌ داوه‌."

هه‌روه‌ها پێشتر حاجی كاروان په‌رله‌مانتاری فڕاكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یس بووك نوسیبووی"خوا شاهیده‌ فراكسیۆنی یه‌كگرتوو ده‌نگی به‌ یاساكه‌ نه‌داوه‌،وه‌ داوای كردووه‌ موچه‌ی خانه‌نشینی له‌(٤٠٠)هه‌زار كه‌متر نه‌بێت بۆیه‌ ده‌نگیان به‌و بڕگه‌یه‌ نه‌داوه‌."

به‌ڵام بێگه‌رد تاڵه‌بانی سكرتێری په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت"وه‌ك وتم به‌شێك له‌كاردانه‌وه‌ی په‌رله‌مانتاران له‌دوای په‌سه‌ندكردنی یاساكه‌ له‌ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌بوو كه‌ كاندیدی هه‌ڵبژاردنه‌كانن،بۆیه‌ نامه‌وێت قسه‌ له‌سه‌ر قسه‌كانی به‌ڕێز كاك حاجی كاروان بكه‌م چونكه‌ به‌ڕێزیان یه‌كێكه‌ له‌كاندیده‌كانی په‌رله‌مانی عیراق،وه‌ دوای ئه‌وه‌ پێویست به‌وه‌ نكات خوا به‌شاهید بگرین له‌سه‌ر دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان هه‌مومان موسڵمانین و به‌ڵگه‌ و هه‌موو شته‌كانیش له‌ناو په‌رله‌مان ماوه‌."

سكرتێری په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌خنه‌شی له‌حكومه‌تی هه‌رێم گرت كه‌ده‌بوو له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ی خۆی ڕونكردنه‌وه‌ی بدایه‌ و بهاتایه‌ ده‌نگ"چونكه‌ حكومه‌ت خۆیان هاتنه‌ په‌رله‌مان و داوایان كرد كه‌ به‌هۆی خراپی دۆخی داراییه‌وه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌و یاسایه‌ بكه‌ن و په‌سه‌ندی بكه‌ن به‌ڵام دوای كاردانه‌وه‌ تونده‌كان هیچ ڕونكردنه‌وه‌یه‌كی نه‌دا و به‌رگری له‌پڕۆژه‌ یساكه‌ی خۆی نه‌كرد."

XS
SM
MD
LG