Accessibility links

سلێمان مسته‌فا:ده‌توانین لە سێ مانگ و نیو هەتا شه‌ش مانگ ئاماده‌كاری هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان ته‌واو بكه‌ین


سلێمان مسته‌فا جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان

هۆكاری نه‌گه‌یشتنی حكومه‌ت و كۆمسیۆن و په‌رله‌مانی كوردستان بۆ دیاریكردنی ڕۆژێك بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بوونی به‌ربه‌ستی یاسایی و ئه‌مه‌ش به‌پێی وته‌ی جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان،هه‌روه‌ك ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت،بۆ ئاماده‌كاری و به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كۆمسیۆن پێویستی به‌(١٠٥-١٨٠)ڕۆژه‌.

به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، خولی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستانی عیراق ماوه‌كه‌ی چوار ساڵه‌ به‌وپێیه‌ش خولی په‌رله‌مان له‌ (٦-١١-٢٠١٧)ماوه‌كه‌ی ته‌واو ده‌بوو،به‌ڵام له‌ مانگی ده‌ی ساڵی ڕابردوو په‌رله‌مانی كوردستان بڕیاری درێژكردنه‌وه‌ی خولی بۆ دوو وه‌رزی یاسادانان واته‌ یه‌ك ساڵ دا.

سلێمان مسته‌فا جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گفتوگۆیه‌كی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا وتی"هۆكاری نه‌گه‌یشتنمان به‌ دیاریكردنی ڕۆژێك بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ بابه‌ته‌كه‌ زیاتر یاسایی پاشان سیاسیه‌،چونكه‌ په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ خولی خۆی درێژكردۆته‌وه‌ واته‌ تا(٦-١١-٢٠١٨)واته‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌پێش ئه‌و واده‌یه‌ ئه‌نجام بدرێت ئه‌وا ده‌ه‌ت په‌رله‌مان خۆی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ وه‌ ئه‌وه‌ش پێویستی به‌ڕێكه‌وتنی سیاسی لایه‌نه‌كانه‌،بۆیه‌ هه‌رچه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاتی دیاریكردنی ڕۆژی هه‌ڵبژاردن دراوه‌ته‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌ڵام له‌پێش ئه‌و واده‌یه‌ ئه‌و ناتوانێت ڕۆژه‌كه‌ دیاریبكات."

ئه‌مڕۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌مه‌به‌ستی دیاریكردنی ڕۆژی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كۆبونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا،به‌ڵام له‌دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ نێچیره‌ڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م ڕۆژنامه‌نوساندا ڕایگه‌یاند"نه‌یانتوانیووه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و كۆمسیۆن بگه‌نه‌ دیاریكردنی ڕۆژێك بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان."

به‌وته‌ی جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا باس له‌و ئه‌گه‌ره‌ كراوه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن له‌پێش ته‌واو بونی خولی درێژكراوه‌ی په‌رله‌مان ئه‌نجامبدرێت ئه‌وا پێویستی به‌وه‌یه‌ په‌رله‌مان خۆی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌."

وتیشی"له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان به‌شداربوون و وادیاربوو هه‌موو سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنیان له‌كوردستان ده‌وێت."

سه‌باره‌ت به‌و ماوه‌یه‌ی كۆمسیۆن پێویستی پێیه‌تی بۆ ئماده‌كاری و به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان؟سلێمان مسته‌فا جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌نگی ئه‌مریكای وت"كۆمسیۆن پێویستی به‌(١٠٥ تا ١٨٠)ڕۆژه‌ بۆ ته‌واوكردنی ئاماده‌كارییه‌كان و به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژرادنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان،جگه‌ له‌وه‌ش پێویستی به‌ بودجه‌یه‌كی تایبه‌ته‌ كه‌پێشتر نوسراو كرا بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران وه‌ ئه‌مڕۆش له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ دیسانه‌وه‌ باسی لێوه‌ كرا و حكومه‌ت به‌ڵێنی دابین كردنی بودجه‌ی تایبه‌تی دا بۆ كۆمسیۆن."

جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی كرده‌وه‌"ئاماده‌كاری و به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كاری كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژرادنه‌كانی كوردستانه‌ ئه‌وه‌ به‌پێی یاسا یه‌كلایی كراوه‌ته‌وه‌ نه‌ك كاری كۆمسیۆنی باڵای عیراق."

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:13 0:00

XS
SM
MD
LG