Accessibility links

سەفین دزەیی:حكومەتی هەرێم ناتوانێت هیچ جۆرە مامەڵەیەك بەو بڕە پارەیە بكات كه‌ بەغداد رەوانەی هەولێری كردووە


سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا وتی"تا ئێستا بانكی ناوه‌ندی له‌به‌غداد ئه‌وه‌یان دیارینه‌كردووه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌ یاخود بۆ ڕایی كردنی كاروباره‌كانی لقه‌كه‌ی خۆیه‌تی له‌هه‌ولێر به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه‌ ئاگاداربین بۆ ڕاییكردنی كاروباری خۆیانه‌ و هیچ په‌یوه‌ندی به‌ موچه‌وه‌ نیه‌."

سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتی" به‌ر له‌سێ هه‌فته‌ كه‌ شاندی هه‌رێم چوونه‌ به‌غداد به‌سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراقی كه‌ تێیدا وه‌زیری ناوخۆ به‌شداربوون،گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێككه‌وتن كه‌ گفتوگۆكان به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر چه‌ند بابه‌تێك له‌وانه‌ بابه‌تی فڕۆكه‌خانه‌كان و موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی بابه‌تی نه‌وت،پاشان لیژنه‌یه‌ك هاته‌ هه‌ولێر داوای داتاكانیان كرد هه‌موو داتاكانیان خرایه‌ به‌رده‌ست به‌ڵام ئه‌وان تاوه‌كو ئێستاكه‌ش وردبینی تێدا ده‌كه‌ن یاخود ئێمه‌یان ئاگادارنه‌كردۆته‌وه‌ تێبینییه‌كیان هه‌بێت یا كاره‌كانیان كۆتایی هاتووه‌."

وتیشی"هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وپێش ،شاندێكی باڵای عیراقی هاتنه‌ هه‌ولێر به‌سه‌رۆكایه‌تی جێگری وه‌زیری خوێندنی باڵای عیراقی جگه‌ له‌وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی و پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ له‌گه‌ڵ هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان دانیشتن و داوای ئامارییان كرد هه‌موو ئاماره‌كانیان پێدرا به‌ڵام تا ئێستاش نه‌ وه‌ڵام نه‌ تێبینی هیچیان نه‌وتووه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌."

هه‌فته‌ی پێشوو له‌زاری چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی كورد له‌په‌رله‌مانی عیراق بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ بانكی ناوه‌ندی عیراقی بڕی(٢٥٠)ملیار دیناری ناردووه‌ بۆ لقی بانكی ناوه‌ندی له‌هه‌ولێر به‌مه‌به‌ستی پێدانی موچه‌ی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی.

سه‌باره‌ت به‌و بڕه‌ پاره‌یه‌یی نێردراوه‌ له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندی عیراقه‌وه‌ بۆ لقی بانكی ناوه‌ندی هه‌ولێر؟سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گفتوگۆكه‌دا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا وتی" حكومه‌تی هه‌رێم به‌فه‌رمی یاخود نافه‌رمی ئاگادارنه‌كراوه‌ته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی ته‌خسیس كردنی بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ پێدانی موچه‌ی هه‌روه‌زاره‌تێك ،ته‌نها ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ئاگادارین دوای ئه‌وه‌ی بڕیاری مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ بانكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ بانكی ناوه‌ندی بڕی(٢٥٠)ملیار دیناری بۆ لقی خۆی كه‌ له‌هه‌ولێره‌ ناردووه‌."

وتیشی" حكومه‌تی عیراقی و بانكی ناوه‌ندی له‌به‌غداد ئه‌وه‌یان دیارینه‌كردووه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌ یاخود بۆ ڕایی كردنی كاروباره‌كانی لقه‌كه‌ی خۆیه‌تی له‌هه‌ولێر به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه‌ ئاگاداربین بۆ ڕاییكردنی كاروباری خۆیانه‌ و هیچ په‌یوه‌ندی به‌ موچه‌وه‌ نیه‌."

دزه‌یی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو" حكومه‌تی هه‌رێم ناتوانێت هیچ جۆره‌ مامه‌ڵه‌یه‌ك به‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بكات چونكه‌ ئه‌وه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی لقی بانكی ناوه‌ندیه‌ له‌هه‌ولێر ته‌نها كاتێك ده‌توانێت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌بكات كه‌ بانكی ناوه‌ندی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بگوازێته‌وه‌ سه‌ر حسابی حكومه‌تی هه‌رێم."

وته‌بێژی فه‌رمی حومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌وه‌شكرد" ئێمه‌ وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێم پرسیارمان له‌ لقی بانكی ناوه‌ندی عیراقی كرد له‌هه‌ولێرن سه‌باره‌ت به‌مه‌به‌ستی ناردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌،ئه‌وانیش به‌نوسراو پرسیاریان له‌ ناوه‌ندی خۆیان له‌به‌غداد كردووه‌ به‌ڵام تا ئێستا ئه‌وانیش وه‌ڵامیان وه‌رنه‌گرتۆته‌وه‌."

ده‌رباره‌ی هۆكاری ڕانه‌گایاندنی ته‌واوبونی پڕۆسه‌ی وردبینی لیستی ناوی فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن به‌غداده‌وه‌؟سه‌فین دزه‌یی وتی" خۆی ڕاسته‌ ڕه‌نگه‌ هه‌ندێك كێشه‌ هه‌بوبێت له‌سه‌ر ناوه‌كان به‌تایبه‌ت پێش بایۆمه‌تری به‌ڵام به‌غداد بۆ دڵنیایی خۆی وه‌فدێكی له‌به‌غدادوه‌ نارد كه‌ به‌كتوپڕی مه‌یدانی خۆیان ده‌چونه‌ قوتابخانه‌ و بنكه‌ی ته‌ندروستی بۆیان ده‌ركه‌وت كه‌ ناوه‌كانی ئه‌و شوێنانه‌ ته‌واون و گرفتی تێدا نیه‌."

سه‌فین دزه‌یی ئه‌وه‌شی وت"به‌ڵام لێره‌دا پرسیار دێته‌ سه‌ر جدیه‌ت بون و ڕاستگۆیی بونی به‌غداد كه‌ ئایا جدیه‌ له‌پێدانی موچه‌ی فه‌رمنبه‌رانی هه‌رێم؟ یاخود له‌به‌ر بارودۆخێكی سیاسیه‌ و له‌به‌ر هه‌ڵبژرادنه‌كانه‌ گه‌مه‌ به‌هه‌ستی خه‌ڵك ده‌كات؟"

ڕاشیگه‌یاند" به‌ڵام تا ئێستا ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت دووه‌میانه‌ كه‌زیاتر یاریكردنه‌ به‌هه‌ستی خه‌ڵك نه‌ك جدیه‌ت بوون له‌پێدانی موچه‌،ئومێده‌وارین ئه‌وه‌ وانه‌بێت به‌ڵام تا ئێستا له‌ڕووی جێ به‌جێ كردن هیچ نه‌كراوه‌.ئه‌فزه‌لیه‌ت و ئه‌وله‌ویه‌ت به‌وه‌ ده‌درێت كه‌موچه‌ خۆران له‌كاتی خۆیدا موچه‌ وه‌ربگرن كه‌مافێكی یاسایی خۆیانه‌."

به‌پێی وته‌ی هه‌ندێك له‌په‌رله‌مانتر و وه‌زیره‌ كورده‌كان له‌به‌غداد،ده‌بوو حكومه‌تی عیراقی تا(٢٠-١)موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی بدایه‌،به‌ڵام زیاتر له‌دوو هه‌فته‌ به‌سه‌ر ئه‌و واده‌یه‌ تێپه‌ڕی هێشتا ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ موچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌."

سه‌فین دزه‌یی له‌باره‌ی لێدوانی په‌رله‌مانتار و وه‌زیره‌ كورده‌كانه‌وه‌ وتی" زۆرێك له‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ به‌ڕێزانه‌ له‌خه‌می موچه‌ و به‌ده‌ست هێنانی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانن له‌به‌غداد وه‌ خۆشیان هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هه‌ڵبژێردراون،به‌ڵام ئه‌وانیش به‌هۆی ئه‌و كه‌شوهه‌وا سیاسیه‌ی له‌به‌غداد هه‌یه‌ و لێدوانی فه‌رمی حكومه‌تی عیراق له‌وێ وه‌رده‌گرن هه‌ر كه‌ هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وپێش ڕایانگه‌یاند كه‌ بڕی(٢٥٠)ملیار دیناره‌كه‌ بۆ موچه‌ هاتووه‌ یاخود له‌فه‌یس بوك شت ده‌نوسن دڵنیام بۆ ئازاردانی خه‌ڵكی كوردستان نیه‌ به‌ڵكو له‌خه‌م و په‌رۆشیانه‌ بۆ خه‌ڵكی كردستان."

سه‌فین دزه‌یی له‌كۆتایی گفتوگۆكه‌دا وتی" ئێمه‌ نامانه‌وێت كۆتایی به‌و گفتوگۆیانه‌ بهێنین و بگه‌ینه‌ بنبه‌ست به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ره‌تای ئه‌و ئاڵۆزییانه‌وه‌ داوای گفتوگۆی كردووه‌ تا كێشه‌كان به‌گفتوگۆ چاره‌سه‌ر ده‌بێت هه‌ركات به‌غداد به‌فه‌رمی خۆی بڕیاری دا كه‌ موچه‌ ده‌نێرێت یا نا ئه‌وه‌ بڕیاری خۆیه‌تی،ئه‌وكات ئێمه‌ هه‌ڵوێستی خۆمان ده‌بێت،ئێمه‌ نامانه‌وێت ببینه‌ لایه‌نی بڕیارده‌ر له‌و ڕوه‌وه‌ بڕیاره‌كه‌ له‌ده‌ست ئه‌وانه‌ ئێمه‌ ناتوانین بڕیار بده‌ین موچه‌ ده‌نێرێت یاخود نا؟!"

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:26 0:00

XS
SM
MD
LG