Accessibility links

سۆزان شه‌هاب:چه‌ند مه‌رجێكمان بۆ پارتی و یه‌كێتی داناوه‌ تابێنه‌ ناو هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌وه‌ و به‌یه‌ك لیست به‌شداربین


سۆزان خاڵه‌ شه‌هاب-هاودیدی هاوپه‌یمانی دیموكراتی و دادپه‌روه‌ری

سۆزان خاڵه‌ شه‌هاب-هاودیدی هاوپه‌یمانی دیموكراتی و دادپه‌روه‌ری له‌گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ده‌ڵێت،لیستی هاوبه‌شی سێ لایه‌نه‌كه‌ له‌كه‌ركوك و دیاله‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ڕێگری بكه‌ین(١٦)ی ئۆكتۆبه‌رێك)ی تر به‌سه‌ر خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌دا بێته‌وه‌ كه‌ له‌وكاته‌دا پارتی و یه‌كێتی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌یان بۆ حه‌شدی شه‌عبی به‌جێهێشت ،ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌و متمانه‌یه‌ی به‌كوردبوون كه‌ دۆڕاندویانه‌ به‌ده‌ستی بهێنینه‌وه‌ و جارێكی تر كورد بوونی خۆیان به‌رچاو نه‌كه‌وێت،ئه‌وه‌ی پێی خۆشه‌ له‌گه‌ڵمان بێت ،ده‌بێت عه‌قڵیه‌تی یه‌ك لیستی كه‌له‌و ناوچه‌یه‌دا هه‌یه‌ له‌پێناوی پله‌ و پۆستدا نه‌بێت گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه‌ی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌یه‌ وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌رامه‌ت و شكۆیان وه‌ چیتر جارێكی تر به‌ته‌نها به‌جێ نه‌هێڵدرێن ."

سۆزان خاڵه‌ شه‌هاب هاودیدی هاوپه‌یمانی دیموكراتی و دادپه‌روه‌ری له‌گفتوگۆكه‌دا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ئه‌مریكا وتی" له‌ئێستادا له‌عیراق و هه‌رێمی كوردستان كۆمه‌ڵێك كێشه‌ و قه‌یرانی حوكمڕانی هه‌یه‌،ئێمه‌ له‌هاوپه‌یمانی بڕوامان وایه‌ ده‌بێت هاوپه‌یمانی له‌ناو هێزه‌كاندا دروست بێت بۆ دروست بونی حكومه‌تی هاوڵاتی،ئه‌و حكومه‌ته‌ی كه‌خزمه‌تی هاوڵاتی بكات چ له‌عیراق یاخود له‌كوردستان."

وتیشی"تاكو ئێستا ئه‌وه‌ی هێناویانه‌ ئه‌م حیزبانه‌ توشی كۆمه‌ڵێك شكست و قه‌یران بووه‌ هه‌رێمی كوردستان،به‌تایبه‌ت ئه‌و چاره‌كه‌ موچه‌یه‌ی كه‌ به‌(٦٠-٧٠)ڕۆژ فه‌رمانبه‌ر وه‌ریده‌گرێت،وه‌ قه‌یرانی كاره‌بامان هه‌یه‌،قه‌یرانی بێ متمانه‌یی هاوڵاتیانمان هه‌یه‌ به‌حكومه‌ت،بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ك هاوپه‌یمانی پێمان باش بوو هه‌ڵگری په‌یامی حكومه‌تی هاوڵاتی بون و حوكمی دادپه‌روه‌رانه‌ بین كه‌ ژیان و گوزه‌رانێكی شایسه‌ت بۆ هاوڵاتیان به‌یه‌كسانی دابین بكات."


ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی ڕابردوو قه‌واره‌ی هاوپه‌یمانی دیموكراتی و دادپه‌روه‌ری یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی خۆی له‌شاری سلێمانی به‌ست و تێیدا(دكتۆر به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح)وه‌ك سه‌رۆكی حیزبی هاوپه‌یمانی دیموكراتی و دادپه‌روه‌ری هه‌ڵبژێردرا.

سۆزان خاڵه‌ شه‌هاب له‌باره‌ی كۆنگره‌كه‌یانه‌وه‌ وتی"ئه‌وه‌ پێی ده‌وترێت كۆنگره‌ی دامه‌زراندن وه‌ك جێ به‌جێ كردنی مه‌رجێكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ تۆماركردنی هاوپه‌یمانی نێوان لیسته‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان،چونكه‌ بۆ به‌ستنی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ هه‌رلیستێك پێویستی به‌ ئیمزای سه‌رۆكی حیزبه‌كه‌یه‌ تا ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ پێشكه‌ش به‌ كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژرادرنه‌كان بكرێت،ئه‌گه‌رنا خۆمان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌بردن و ئه‌نجومه‌نی گشتی كۆنگره‌ له‌هه‌ولێر ئاماده‌ده‌كه‌ین و له‌وێ كۆنگره‌ ده‌به‌ستین ئه‌وه‌ پێی ده‌وترێت كۆنگره‌ی حیزبی به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێشتر كۆنگره‌ی دامه‌زراندن بوو."

سۆزان خاڵه‌ شه‌هاب جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ كه‌ حیزبه‌ نوێیه‌كه‌یان سنوری شارێك و ناوچه‌یه‌كی دیاریكراوی پێوه‌ دیارنیه‌ و نابێت و ده‌ڵێت"ئێمه‌ سنوری كاركردنمان هه‌موو كوردستانه‌ چاومان له‌بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری و لایه‌نگری هیچ حیزبێك نیه‌ و به‌وشێوازه‌ش كارناكه‌ین،كه‌ ئێمه‌ ده‌ڵێین حكومڕانی دادپه‌روه‌رانه‌ و دیموكراتی بۆ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان ته‌نانه‌ت عیراقیش،وه‌ك وتم كۆنگره‌كه‌مان له‌شاری هه‌ولێر ئه‌نجام ده‌ده‌ین."

وتیشی"چاومان له‌ده‌نگی لایه‌نگر و كادیری هیچ حیزبێكی تر نیه‌،وه‌ك ده‌زانرێت له‌كوردستان زیاتر له‌ دوو ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌،خه‌ڵكێكی زۆر متمانه‌ی به‌حوكمڕانی نه‌ماوه‌ و ناچێت بۆ ده‌نگدان ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت كار له‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵكانه‌ بكه‌ین كه‌متمانه‌یان نه‌ماوه‌ تابچن بۆ ده‌نگدان.پێیان بڵێین ئێمه‌ له‌هاوپه‌یمانێتی بۆ ئه‌وه‌ی حوكمێكی دادپه‌روه‌رانه‌ و خزمه‌تگوزاری و وڵاتێكی ئاوه‌دان پێشكه‌ش به‌تۆ بكه‌ین دامه‌زراوین."

هه‌روه‌ها وتی"ئێمه‌ چاومان له‌ده‌نگی گه‌نج و ژن و ئه‌و خه‌ڵكه‌ سته‌ملێكراوه‌یه‌ كه‌ ئێستا بێ كاره‌بایه‌،بێ موچه‌یه‌ بێ نه‌وته‌ له‌م سه‌رمایه‌دا."

سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵوێستی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌سه‌ر دامه‌زراندنی ئه‌و حیزبه‌ نوێیه‌؟سۆزان خاڵه‌ شه‌هاب وتی"وه‌كو هاوڕێیه‌تی زۆرێك له‌و هه‌ڤاڵانه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ (دكتۆر به‌رهه‌م)ه‌وه‌كردووه‌ بۆ پیرۆزبایی،وه‌ من وه‌ك خۆم ماوه‌ی سێ ساڵ زیاتر بوو وازم له‌كاری حیزبی هێناوه‌ چونكه‌ پێویستمان به‌ حیزبێكه‌ به‌ده‌ر له‌ ئایدۆلۆژیا و ته‌نها هه‌ڵگری خزمه‌تی خه‌ڵك بێت."

هاودیدی هاوپه‌یمانی دیموكراتی و دادپه‌روه‌ری وتیشی"دكتۆر به‌رهه‌م له‌پێشوتردا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی داوه‌ به‌مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان."

له‌باره‌ی ڕۆڵی خانمان له‌ حیزبه‌ نوێیه‌كه‌یان،سۆزان شه‌هاب وتی"له‌كۆنگره‌دا دوو خانم خۆیان كاندید كردبوو بۆ پۆستی سه‌رۆكی حیزبه‌كه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌بوو (دكتۆر به‌رهه‌م) ده‌نگی زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی كۆنگره‌ی هێنا،وه‌ ئێمه‌ وه‌كو خانمان ده‌مانه‌وێت ڕێژه‌ی كۆتا له‌م حیزبه‌ نوێیه‌ تێپه‌ڕێنین و كار بۆ یه‌كسانی واته‌ په‌نجا به‌ په‌نجا له‌گه‌ڵ پیاوان ده‌كه‌ین له‌به‌ڕێوه‌بردنی پۆسته‌كاندا."

دوێنێ هه‌ریه‌كه‌ له‌بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی و هاوپه‌یمانی دیموكراتی ڕایانگه‌یاند"له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌یه‌ك لیستی هاوبه‌ش جیاواز له‌لیستی دیكه‌ به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن،به‌شێك له‌كاردانه‌وه‌كان به‌وجۆره‌ بوو كه‌به‌شداری كردنی كورد به‌دوو لیست یه‌كڕیزی كورد له‌و ناوچه‌ جێ ناكۆكنه‌ تێكده‌دات.

به‌ڵام سۆزان شه‌هاب ڕه‌تیكرده‌وه‌ لیسته‌كه‌یان ببێته‌ هۆی تێكدانی یه‌كڕیزی كورد و وتی"هێشتا ده‌رگای هاوپه‌یمانێتی كراوه‌یه‌ تا ڕۆژی شه‌ممه‌، هێشتا زووه‌ بڕیاری ئه‌وه‌ بده‌ین به‌ڵام بیرمان نه‌چێت پارتی و یه‌كێتی له‌و ناوچانه‌ (دیاله‌ و كه‌ركوك)كوردیان له‌(١٦)ی ئۆكتۆبه‌ر به‌جێ هێشت،به‌ڕاستی ئه‌وه‌ له‌دڵ و یاده‌وه‌ری خه‌ڵك ده‌رناچێت."

وتیشی" ئێمه‌ زۆریش به‌لامانه‌وه‌ ئاساییه‌ كه‌له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێك یان پارتی و یه‌كێتی ببینه‌ یه‌ك لیست له‌وناوچانه‌ وه‌ ناوی خۆمان به‌خۆمانه‌وه‌یه‌ هاوپه‌یمانی،واته‌ هه‌میشه‌ ده‌رگامان كراوه‌یه‌ بۆ هه‌رلایه‌نێك به‌ڵام به‌ پارتی و یه‌كێتیمان وتووه‌ ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت به‌یه‌ك لیست به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ین ئه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك مه‌رج هه‌یه‌ ده‌بێت جێ به‌جێی بكه‌ین(نامه‌وێت لێره‌دا باسی مه‌رجه‌كانمان بكه‌ین).هه‌رگیز نابینه‌ هۆی تێكدانی یه‌كڕیزی كورد،وه‌ مه‌رج نیه‌ له‌مسه‌ره‌وه‌ هاوپه‌یمانی ببه‌ستین گرنگه‌ له‌وه‌سه‌ره‌وه‌ به‌جۆرێك به‌یه‌كڕیزی كاربكه‌ین كه‌مافه‌ ده‌ستوری و یاساییه‌كانی كورد به‌ده‌ست بهێنین."

هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاند"ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت به‌خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ بڵێین ده‌مانه‌وێت خزمه‌تتان بكه‌ین وه‌ جێ به‌جێ كردنی ماده‌ی(١٤٠)به‌ته‌نها به‌ گوتار نه‌مێنێت و ببێته‌ كردار."

سۆزان شه‌هاب وتیشی" ئێمه‌ نامانه‌وێت (١٦)یه‌كی ئۆكتۆبه‌ری دیكه‌ دووباره‌ بێته‌وه‌ ئێمه‌ هێزی عه‌سكه‌ریمان نیه‌ به‌ڵام به‌یاسا مافه‌كانیان ده‌پارێزین و خزمه‌تی خه‌ڵكی كه‌ركوك و ئه‌و ناوچانه‌ ده‌كه‌ین، به‌جۆرێك ده‌مانه‌وێت ئه‌و متمانه‌یه‌ی كه‌ دۆڕاندویانه‌ به‌ده‌ستی بهێنینه‌وه‌ و جارێكی تر كورد بوونی خۆیان به‌رچاو نه‌كه‌وێت."

هاودیدی هاوپه‌یمانی دیموكراتی و دادپه‌روه‌ری ئه‌وه‌شی وت"ئه‌وه‌ی پێی خۆشه‌ له‌گه‌ڵمان بێت ده‌رگامان كراوه‌یه‌ بۆ پارتی و یه‌كتیش به‌ڵام به‌چه‌ند مه‌رجێك وه‌ك وتم،ده‌بێت عه‌قڵیه‌تی یه‌ك حیزبی كه‌له‌و ناوچه‌یه‌دا هه‌یه‌ له‌پێناوی پله‌ و پۆستدا نه‌بێت به‌ڵكو ده‌بێت له‌پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه‌ی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌یه‌ وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌رامه‌ت و شكۆیان وه‌ چیتر جارێكی تر به‌ته‌نها به‌جێ نه‌هێڵدرێن ."

XS
SM
MD
LG