Accessibility links

خه‌سرۆ گۆران:سه‌ردانی سێ لایه‌نه‌كه‌ بۆ به‌غداد بۆ پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌


خه‌سرۆ گۆران-ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان
خه‌سرۆ گۆران-ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان

خەسرۆ گۆران ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەخنە لە چونی وەفدی سێ لایەنەکە دەگرێت بۆ بەغداد و دەڵێت"وەفدی سێ لایەنەکە هەر لەخۆیانەوە سەردانی بەغدادیان کرد،هیچ له‌بابه‌ته‌كان نه‌گۆڕاوه‌، ئەوان لە ڕاگەیاندنەکانەوە باس و داوای موچەی فەرمانبەران دەکەن، بەڵام لەپشتەوە هۆکاری نەناردنی موچە و پارەی جوتیارانی کوردستان دوو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکەن و گومانیان لای عەبادی دروست کردووە، هاوکات ئاماژە بە نمونەیەکیش دەدات کە خۆی دەڵێت بۆ مێژوی ئەمە باس دەکەم."

لەپێشتردا نوێنەرانی هەریەکە لە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی دیموکراسی بە وەفدێک سەردانی بەغدادیان کرد و جگە لەلایەنە سیاسیەکان چاویان بە سەرۆک وەزیرانی عێراقیش کەوت.

خەسرۆ گۆران ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانەی گفتوگۆیەکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا ڕەخنەی لە سەردانی شاندی سێ لایەنەکە گرت بۆ بەغداد و ڕایگەیاند"وەفدی سێ لایەنەکە هەر لەخۆیانەوە سەردانی بەغدادیان کرد، بەڕای من چونی شاندی ئەو سێ حیزبە بۆ بەغداد(بزوتنەوەی گۆڕان،کۆمەڵی ئیسلامی، ڕەوتی بەڕێز بەرهەم ساڵح) هیچی لە بابەتەکە نەگۆڕی، وە هیچ شتێک نەکراوە کە بڵێین ئەمە گۆڕانکاریە لە سیاسەتی بەغداد بەرامبەر هەرێم، تا ئێستا فڕۆکەخانەکان نەکراونەتەوە، موچە نەنێردراوە، وە ڕێژەی بەشە بودجەی هەرێم کەمکراوەتەوە، بەداخەوە تەنانەت فراکسیۆنە کوردییەکانیش لەناو پەرلەمانی عێراق نەیانتوانی قەناعەت بە حەیدەر عەبادی بکەن یا بە پەرلەمانتاری عێراقی تر بکەن کە ڕێژەکە وەک خۆی لێبکەنەوە، ئەوە مانای ئەوەیە کە چونی ئەو شاندە بۆ بەغداد هیچ دەستکەوتێکی نەبووە وە چونی هەر شاندێکی حیزبی بۆ بەغداد هیچ دەسکەوتێکی نابێت وە ئەمە شتێکی زۆر خراپ و خەتەرە."

خەسرۆ گۆران سەردانی شاندەکەی بە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن ناوبرد و وتی"دەبێت شاندی حکومەت بچێتە بەغداد بۆ گفتوگۆکردن نەک شاندی ئۆپۆزسیۆن یا شاندی چەند حیزبێک کە بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەکان بەهۆی نزیکبونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکان ئەنجامی دەدەن و بازرگانی بە هەستی خەڵکی کوردستان دەکەن بە تایبەت لەم دۆخەی ئێستای کوردستان کەبێ کاری و بێ موچەیی هەیە."

وتیشی" کورد تا ئاوا پەرتەوازە بێت هیچ دەسکەوتمان نابێت، ئەوەی بەدەستمان هێناوە لە پێشوتردا بەهۆی یەکگرتووی کورد بووە."

پێشتر شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان کە هاوکات ئەندامی شاندەکەی بزوتنەوەی گۆڕان بوو لە شاندی سێ لایەنەکە بۆ بەغداد پێشتر و لەمیانی گفتوگۆیەکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو ئەوانیش پێـیان خۆشە شاندێک بچێتە بەغداد کە نوێنەری هەموو لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی تێدابێت، بەڵام خەسرۆ گۆران وتی "بەخوا داهێنەری پەرتەوازەیی لە هەرێمی کوردستاندا بزوتنەوەی گۆڕان بووە، زۆر جار کە وەفد ڕۆیشتوە گۆڕان و کۆمەڵ خۆیان نەیانویستووە لەگەڵ ئەو وەفدە بن، ئەوان هەمیشە کارەکانیان تاکڕەویانە بووە ، لەو کاتەوەی بزوتنەوەی گۆڕان دروست بووە نەیهێشتووە ئەو خەڵکە ئیسراحەت بکات، چ بەناوی ئۆپۆزسیۆن چ بەناوی خۆپیشاندان چ بەناوی مافی خەڵک و موچە چ بەهەر ناوێک ، لایەنە عێراقیەکان کار لەسەر پەرتەوازەیی کورد دەکەن وە دەکرێت ئێمە کێشەکانمان لە ناوخۆی هەرێم چارەسەر بکەین نەک کێشە ناوخۆییەکان ببەینە بەغداد و ئیعاز بدەین بە حکومەتی عێراقی کە بودجە و موچە نەنێرێت."

خەسرۆ گۆران کە ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانە لە هەمانکاتدا، بۆ ماوەی سێ ساڵ زیاتر سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو لە پەرلەمانی عێراق، لە پێش ڕیفراندۆمەکەی(٢٥ی ئەیلول)ی ساڵی ڕابردوو دەستی لەکاری پەرلەمانتاری کێشایەوە و گەڕایەوە کوردستان بە وتەی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی حیزب.

خەسرۆ گۆران لە گفتوگۆکەدا بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی تۆمەتبارکرد بەوەی بەوتەی خۆی ئیعاز دەدەن بە حکومەتی عێراقی بۆ ئەوەی بودجە و موچە نەنێرێت بۆ کوردستان. بۆ ئەوەش بەڵگەی لەسەر ئەو قسانەی خۆی هێنایەوە و بە دەنگی ئەمریکای وت"بە ڕاشکاوی دەیڵێم بۆ مێژوو ئەم قسەیە دەکەم وە شاهێدم هەیە، لە ساڵی (٢٠١٥) جارێک ئێمە کە سەرۆکی هەر پێنج فراکسیۆنە کوردییەکە لە بەغداد بوین ویستمان بەڕێز حەیدەر عەبادی ببینین بۆ پارەی گەنمی جوتیاران و پارەی بودجە و موچە لەگەڵی کۆبوینەوە، بەڵام سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عیراق بەڕێز(ئەحمەدی حاجی ڕەشید) لە کۆبونەوەکە بە عەبادی وت"بەڕێز حەیدەر عەبادی ئەو ژمارانەی بە ئێوە وتراوە لەسەر جوتیاران و گەنمی جوتیاران ئەوە ڕاست نیە ئەو گەنمەی تەسلیمی سایلۆی دهۆک کراوە و بە ژمارە دراوە بەتۆ ڕاست نیە چونکە زۆر لەو گەنمە گەنمی سوریا و تورکیاوە و بەقاچاغ هێناویانەتە کوردستان و دراوە بە سایلۆی دهۆک، منیش لێی هەستامەوە بە کوردی پێم وت، ئەگەر هۆکاری خێر نابیت هۆکاری شەڕ مەبە ئەگەر خەڵکی کوردستان نوێنەر و پەرلەمانتاری وەک تۆی هەبێت لە بەغداد دوژمنی بۆچیە؟!"

خەسرۆ گۆران لە قسەکانی بەردەوام بوو وتی"جا ئەوە لە پێش من و هەموان هەستا وای وت، لەبری ئەوەی بڵێت، عەبادی تۆ چوار ساڵە پارەی جوتیارانت نەداوە دەبێت پارە بنێریت کەچی هەستا وتی، ئەو گەنمەی ناو سایلۆکە زۆری ساختەیە ئەمەش تەنها بۆ ئەوەی گومان لای عەبادی دروست بکات و خەڵک زیاتر تەنگاو بێت تەنها مەبەستیان ئەوەیە خەڵک زیاتر فشاری بچێتە سەر جا ئەوە لەپێش من وای وت، بووە هۆی هۆکاری نەناردنی ئەو بڕە پارەیەی جوتیاران کە (٧٠٠) ملیۆن دۆلاربوو. حەتمەن ئەو قسەیە هۆکار بوو بەڵام هۆکاری تریش هەبوو، ئەو لایەنە کوردیانە بەدەستی خۆیان کوردییان ناشرین کرد لای عەبادی. ئیتر خوا بۆ خۆی دەزانێت لە پشتەوە چی تر بە عەبادی دەڵێن.!"

ئەندامەکەی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان وتیشی"هەموو لایەنەکانیش وەک یەک نین، وەک دەزانرێت بەتەنها گۆڕان و کۆمەڵ ئۆپۆزسیۆنن، خۆ ئەگەر ئەوان لەپشت ناردنی موچەوەن لەلایەن عەبادی ئەوا ماڵیان ئاوابێت بەڵام من گومانم هەیە لەم قسانە، پێچەوانەکەی دروستە ، هەموو کەس دەزانێت کە شاندی هونەری وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە هەفتەیەک پێشتر چونە بەغداد بۆ وردبینی موچەی فەرمانبەران، ئەوەی ئەو برادەرانە باسی دەکەن بە تایبەت (کاک ئەحمەدی حاجی ڕەشید) پڕوپاگەندەی پێش وەختەی هەڵبژاردنەکانە لە میدیاکان، جا هەڵبژاردنەکانی کوردستان بێت یاخود هی عێراق."

هەروەها جەختی لەوەکردەوە"ئەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی لە میدیاکان دەیلێن جیاوازە لەوەی لە پشتەو دەیکەن، لەپشتەوە هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە حکومەت بڕوخێنن بە نەهاتنی بودجە و موچە و نەکردنەوەی فڕۆکەخانەکان."

خەسرۆ گۆران باسی لەوەشکرد"ئەوان چوار ساڵە وەزیریان هەیە لەو حکومەتە کەچی دوو مانگ ماوەی حکومەت ماوە وەزیرەکانیان کشاندەوە، ئەوان ویستیان حکومەتێکی کاتی پەکبخەن کە ئەسڵەن جێی پێکەنینە چونکە کوا لە عێراق و کوردستان بە دوو مانگ حکومەت دروست دەبێت؟!"

ڕاشیگەیاند"دواجار هەر دەسکەوتێک هەبێت بۆ ناردنی موچە هی لیژنە هونەرییەکانی وەزارەتەکانە کە هەفتەیەک پێش سەردانی ئەو سێ لایەنە لەسەر داوای خودی حکومەتی عێراقی چونە بەغداد، نەک دەسکەوتی ئەم حیزب و هی پەرلەمانتار با ئیتر کەس نەیکاتە دەسکەوتی خۆی و بۆ هەڵبژاردن بەکاریبهێنێت."

خەسرۆ گۆران ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی ئەو حیزبە لە پەرلەمانی عیراق لە کۆتایی وتەکانیدا وتی" من ئەو ماوەیەی لە بەغداد بووم کە زیاتر لە سێ ساڵ بوو گۆڕانم نەبینی لە هیچ پرۆژەیەکی نیشتمانی دەنگ بدات، ئەوان دژی وەزیرە کوردەکان دەنگیان دا، بۆ یاسای حەشدی شەعبی دەنگیان دا، ئەوان لەدژی کورد و بەرژەوەندی بەغداد دەنگیان دەدا."

بەبڕوای خەسرۆ گۆران ئەگەر کورد یەک ڕیز بوایە وەک پێشتر، عێراق نەیدەتوانی ئەو هەموو فشارە بۆ سەر هەرێم دروست بکات."وتیشی"تەنانەت حکومەتی عیراقی نەیدەتوانی سوپا و حەشدی شەعبی بنێرێت بۆ کەرکوک و کەرکوک داگیر بکات."

ئاماژەی بەوەشکرد"ئەوەی بۆ کورد کرا لە دوای ساڵی(٢٠٠٣) بەهۆی یەکڕیزییەوە بوو بەڵام پاش نەمانی ئەو یەکڕیزیە بەتایبەت لەدوای ساڵی(٢٠١٥) ئەوەتا ئێستا بەغداد گوێمان بۆ ناگرێت."

XS
SM
MD
LG