Accessibility links

د.سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان:به‌ ئه‌ندازه‌ی زیاتر له‌(٤٠)كورسی په‌رله‌مان ناوی ساخته له‌م تۆماره‌ی ئێستای ده‌نگده‌رانی كوردستاندا هه‌یه‌


د.سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان سه‌رۆكی په‌یمانگای ئه‌نیستتۆی په‌ی بۆ چاودێری و په‌روه‌رده‌

له‌م گفتوگۆیه‌دا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا(د.سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان)سه‌رۆكی په‌یمانگای ئه‌نیستتۆی په‌ی بۆ چاودێری و په‌روه‌رده‌ په‌رله‌مانتاری پێشووی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌ڵێت"به‌پێی ئه‌و به‌دواداچونه‌ی ئێمه‌ كردومانه‌ بۆ تۆماری ئێستای ده‌نگده‌رانی هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ نۆسه‌د هه‌زار ناوی ساخته‌ كه‌ به‌شی زیاتر له‌ چل كورسی ده‌كات له‌تۆماری ئێستای ناوی ده‌نگده‌رانی كوردستاندا هه‌یه‌."

د.سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان سه‌رۆكی په‌یمانگای ئه‌نیستتۆی په‌ی بۆ چاودێری و په‌روه‌رده‌ ده‌ڵێت"به‌داخه‌وه‌ ئه‌و لیستی تۆماره‌ی ده‌نگده‌رانه‌ی ئێستا له‌هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌ جگه‌ له‌ناوی دوباره‌ و گوماناوی و ساخته‌ و وه‌همی و مردوو،چه‌نده‌ها ناوی كوردی پارچه‌كانی تر و ناوی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم له‌ناو ئه‌و لیسته‌دا هه‌یه‌."

د.سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان كه‌ له‌خولی په‌رله‌ماندا ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان بوو له‌فراكسیۆنی سه‌وز ڕه‌خنه‌ له‌پارتی و یه‌كێتی و لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان ده‌گرێت كه‌ هه‌وڵی جدیان نه‌داوه‌ بۆ پاككردنه‌وه‌ی لیستی ناوی ده‌نگده‌رانی هه‌رێم له‌ناوی ساخته‌ و دوباره‌ و مردوو وتی"به‌داخه‌وه‌ له‌خولی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستانیش ئێمه‌ چه‌ندین جار هه‌وڵمان داوه‌ له‌په‌رله‌مان به‌ڵام حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به‌رژه‌وه‌ندییان له‌وه‌دا بوو كه‌ ئه‌و لیسته‌ خاوێن نه‌كرێته‌وه‌ تا كورسی زیاتری پێبهێنن"

وتیشی"ته‌نانه‌ت لایه‌نه‌كانی پێشووی ئۆپۆزسیۆنیش له‌و ئیراده‌یه‌ی پارتی و یه‌كێتی بۆ ڕێگریكردن له‌خاوێنكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران بێده‌نگ بوون."

هه‌فته‌ی ڕابردوو هاوڕێ تۆفیق به‌رپرسی ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق ڕایگه‌یاند"ماوه‌ی سێ ساڵه‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ پاككردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران هه‌ڵمه‌تی تۆماركردنی بایۆمه‌تری خستۆته‌گه‌ڕ بۆ تۆماركردنه‌وه‌ی ناوی ده‌نگده‌ران."

د.سه‌روه‌ر وتی"ئه‌و شێوازه‌ی كاك هاوڕێ باسی كرد كارێكی زۆرباشه‌،به‌ڵام گرفته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ تا ئێستا حكومه‌تی عیراقی كار به‌و تۆماری ده‌نگده‌رانه‌ ناكات وه‌ له‌پارێزگاكانی عیراق و هه‌رێمی كوردستانیش خه‌ڵكێكی كه‌م ناوی خۆیان تۆماركردۆته‌وه‌."

د.سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان سه‌رۆكی په‌یمانگای ئه‌نیستتۆی په‌ی بۆ چاودێری و په‌روه‌رده‌ ئه‌وه‌شی وت"په‌یمانگاكه‌یان لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كیان له‌سه‌ر تۆماری ئێستای ده‌نگده‌رانی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌،به‌پێی ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ زیاتر له‌(٩٠٠)هه‌زار ناوی گومانلێكراو له‌ لیستی تۆماری ده‌نگده‌رانی ئێستای هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ن،كه‌ ده‌كاته‌ زیاته‌ له‌(٤٠)كورسی په‌رله‌مان."

please wait

No media source currently available

0:00 0:11:04 0:00

XS
SM
MD
LG