Accessibility links

سکاڵای چالاکوانێکی تەقتەق و وەڵامی کاربەدەستێک


به‌شێک له‌ خۆپیشانده‌رانی ته‌قته‌ق

چالاکوانێکی ناحیەی تەقتەق دەڵێت" هێزێکی زۆری دەمامکدار لە دوای خۆپیشاندانەکان لە ناحیەکە بڵاوکراونەتەوە و ڕەشبگیری خۆپیشاندەران دەستیپێکردۆتەوە، لە بەرامبەردا بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق ڕەتی دەکاتەوە و دەڵێت ئەوانەی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە و دەستگیرکراون ئەو کەسانەن کە دامودەزگا و بارەگاکانیان سوتاند.

دێهات عوسمان یەکێک لە چالاکوانانی ناحیەی تەقتەق ئەمڕۆ هەینی لە بارەی دۆخی ناحیەی تەقتەق لە دوای خۆپیشاندانەکانی سەرەتای ئەم هەفتەیەوە بۆ دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"هێزێکی دەمامکداری نەناسراو ماوەی دوو ڕۆژە بڵاوەیان پێکراوە لە نێو شارۆچکەی تەقتەق و دەستیانکردووە بە دەستگیرکردن و زیندانیکردن و گەڕان و ڕاوەدوونانی ئەو گەنجە ناڕازیانەی کە لە ئەنجامی نەبوونی خزمەتگوزاری و کەمی کارەبا و نەبوونی نەوت و نەبوونی موچە و نەبوونی دامەزراندن و دەیان مەعاناتی ترە. "

وتیشی"ئەم هێزە بە بیانوی سوتانی بارەگای حزب و هەڵکوتانە سەر دائیرە حکومیەکان لە شێوەیەکی رەشبگیری کەوتووەتە دەستگیرکردنی گەنجان. هاتنی ئەو هێزە زۆرە دەمامکدارە و هەڵسوکەوتی ئەو هێزە دڵەڕاوکێیەکی زۆری لە نێو شارۆچکەی تەقتەق دروستکردووە بە جۆریک گەنجەکان زۆرینەیان شاریان جێهێشتووە و ڕوویان لە دەشت و چیا و گوندەکانی دەوروبەری شارۆچکەی تەقتەق کردوە، بۆیە داوا دەکەین بەزووترین کات ئەو هێزە لە شارۆچکەکەم دوور بخرێتەوە و گەنجە دەستگیرکراوەکان ئازاد بکرێن و ئارامی بۆ شارۆچکەکەمان بگەڕێتەوە."

لای خۆیەوە حاکم عومەر ئەحمەد بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق لە لێدوانێکدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا ڕەتیکردەوە کە هێزی دەمامکدار لە ناحیەکە بڵاوکرابێته‌وه‌ و وتی"ئەو هێزەی لە ناحیەکەدا بڵاوکراوەتەوە بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناحیەکە و خەڵکە نەک بۆ ترساندن." حاکم عومەر لە بارەی دەستگیرکردنی خەڵکەوە وتیشی"ئەوانە خۆپیشاندەر نین، ئەوانەی دەستگیردەکرێن ئەوانەن کە بەڵگەی حاشا هەڵنەگری ڤیدیۆ هەیە، بارەگا و دامودەزگا حوکمیەکانیان سوتاندووە."

وتیشی"ئێمەش لەگەڵ داوا ڕەواکانی خەڵکین بەڵام سوتانی فەرمانگە و دادگا و بارەگاکان چ سوودێکی هەیە" بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق ئاماژەی بەوەشکرد ئەو کەسانەی دەستگیرکراون لەلایەن دادوەرەوە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە. وتیشی هەتا دوێنێ بەپێی مادەی تێکدانی وڵات و ئاژاوەچێتی 11 کەس دەستگیرکراون لەو کەسانەی بارەگا و فەرمانگەکانیان سوتاندبوو.

هەروەها وتی"بەهۆی سوتانی دادگاوە دادگا دەوامی نەبووە، بەڵام ڕۆژی یەکشەممە دادگا دەست دەکاتەوە بە دەوام و ئەو کات دادوەر بە فەرمی فەرمانی دەستگیرکردنەکانیان دەردەکات نەک بە شێوەی زارەکی و تیلفۆن."

حاکم عومەر داواشی هەبوو بۆ ئەو کەسانەی ئێستا ناحیەکەیان جێهێشتووە و وتی"داوا لە خۆیان و کەسوکاریشیان دەکەم کە بەزوترین کات خۆیان ڕادەستی یاسا بکەن ئەوە بۆ خۆیان باشترە وەک ئەوەی لە یاسا هەڵبێن."

وتیشی"بە هاندانی کەناڵێکی تەلەفزیۆن و هەندێک لایەن وایان لە خەڵک کرد کە ئەو فەرمانگە و بارەگایانە بسوتێنرێن، دواتریش ئێمە و ئەوانە بارەگاکانیان سوتێنراوە سکاڵامان لەسەر ئەو کەسانە تۆمارکرد."

XS
SM
MD
LG