Accessibility links

جه‌لال جه‌وهه‌ر: ئه‌گه‌ر حكومه‌تی كاتی پێكبێت پێویسته‌ پارتی و یه‌كێتی و هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌شداربن


جه‌لال جه‌وهه‌ر
جه‌لال جه‌وهه‌ر

جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: ئەگەر حكومەتی كاتی پێكبێت، پێویستە هەموو لایەنەكان بەپارتی‌و یەكێتییەوە بەشداربن‌و دەشڵێت: شاندەكەی حكومەت پێیانوتین "ئێمە پێمان باشە ئەم حكومەتە بمێنێتەوە، بەڵام دژی حكومەتی كاتی نین."

جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لەمیانی وتووێژێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا باسی لەناوەڕۆكی پڕۆژەكەی بزووتنەوەی گۆڕان كرد، كە لەكاتی سەردانی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ لای لایەنەكان پێشكەشیان كردو وتی: "ناوەڕۆكی پڕۆژەكەیان لەهێڵە گشتییەكاندا یەك دەگرێتەوە لەگەڵ ئەو بەیاننامەیەی، كە پێشتر هەرسێ لایەنەكە (بزووتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، هەروەها هاوپەیمانی دیموكراسی) دەریان كرد."

گۆڕان لەلایەك داوای هەڵوەەشاندنەوەی حكومەت دەكات لەلایەكیش پڕۆژە دەداتە ئەم حكومەتە؟ جەلال جەوهەر بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە، "بەڵێ ئێمە سورین لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەم حكومەتەی، كە لەسەرجەم بوارەكاندا شكستی خواردووەو سەراپای گەندەڵییە، ئەمەشمان بەشاندی حكومەت ڕوبەڕوو وت، هەرچەندە ئەوان پاساوی خۆیان هەبوو."

هەروەها وتی: "پڕۆژەكەمان، كە دایە شاندەكەی حكومەت بۆ خۆی بۆ ئەركەكانی ئەو حكومەتە كاتییەیە، كە سێ ئەركی سەرەكی‌و گرنگە لەوانە، ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنێكی پاكوبێگەرد بكرێت، دووەم، پێكهێنانی شاندێكی باڵای گفتوگۆكردن بۆ بەغدا، كە گفتوگۆ بكات لەسەر هەموو ئەو گیروگرفتانەی لەنێوان هەرێم‌و بەغدادا هەن، هەروەها سێَیەم ئەركیشی بریتی بێت، لەدابینكردنی خزمەتگوزاری گشتی‌و موچەی فەرمانبەران."

جەلال جەوهەر وتیشی: "پڕۆژەكە لەهێڵی گشتیدا گوزارشت بوو لەبۆچوونی سێ لایەنەكە (بزووتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و لیستی هاوپەیمانی دیموكراسی، بەڵام بەشێوازە تەفاسیلییەكەی هی بزووتنەوەی گۆڕان بوو."

جەلال جەوهەر هەروەها وتیشی: "شاندەكەی حكومەت، كە هاتنە لای بزووتنەوەی گۆڕان، ئەوان هاتبوون وەك حكومەت بەرگریییان لەخۆیان دەكرد، بەڵام ئێمە ڕامان وابوو، كە ئەم حكومەتە ئیرادەی بەدەست خۆی نییە، دووەم لەسیاسەتی ئابووری‌و موچەو خزمەتگوزاری شكستیان خواردووە، لەپەیوەندی لەگەڵ بەغدا شكستیان خواردووە واتە بەكورتی لەڕووی خۆیان پێمان وتن سەرلەبەری حكومەتەكە شكست خواردووە، بەڵام ئەوان بەرگرییان كردو وتیان دەكرێت گۆڕانكاری لەم حكومەتەدا بكەین‌و چاكی بكەین، بەڵام ئەو قسەیەشیان كرد، وتیان ئێمە دژی حكومەتی كاتی نین."

جەلال جەوهەر لەبارەی وەڵامی حكومەت‌و لایەنەكان بۆ پڕۆژەكەی گۆڕان لەدوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە وتی: "وەك دەزانرێت كات لەبەرژەوەندی كوردو حكومەتی هەرێم‌و هێزە لایەنە سیاسییەكان‌و هیچ لایەكمان نییە، بۆیە هەردوولا كەوتنێك لەزیانی حكومەتی هەرێم‌و كوردە."

سەبارەت بەوەی ئەگەر ئەمجارەش وەڵامی پڕۆژەكەیان نەدرایەوە هاوشێوەی جارانی پێشوتر هەڵوێستیان چی دەبێت؟ جەلال جەوهەر وتی: "ئێمە وەك بزووتنەوەی گۆڕان وەك بەرپرسیارییەتییەكی نیشتمانی‌و خەمخۆریمان لەسەر ئایندەی وڵاتمان ئەم ئەركە جێبەجێدەكات‌و بزووتنەوەی گۆڕان لەو ڕەوەوە بەردەوامدەبێت‌و هەموو هەڵ‌و كۆششێك دەكات بۆ ئەوەی ئەم بارە ڕاست بكاتەوە، خۆ ئەگەر ئەم پرۆژەیەش سەری نەگرت ئەوا لەهەوڵی مەدەنیانەی خۆمان بەردەوام دەبین، بەدڵنییاییەوە ئەوانیش ئەگەر گوێ لەمیللەت‌و لایەنە سیاسییەكان نەگرن ڕۆژگاری ڕەشتر خراپتر لە (١٦) ئۆكتۆبەر چاوەڕێیان دەكات، هەموو ئەو گیرو گرفتانەی توشی ئەم میللەتە بووە هۆكارەكەی ئەوەیە، كە ئەم دەسەڵاتدارانە هەر بیرییان لای پارەو خۆیان بووە لەپێشووتردا گوێیان نەگرتووە بۆ هیچ كەس."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی كێ سەرۆكایەتی ئەم حكومەتە دەكات‌و چۆنە؟ جەلال جەوهەر وتی: "جارێك بزانین وەك مەبدەئی پێیان قبووڵە، هێشتا قسە لەسەر ئەوە نەكراوە كێ بكرێتە سەرۆكی ئەو حكومەتە، قسەش كرابێت نەبووەتە بڕیار، ئەو برادەرانەی ئێستا سەرۆكایەتی حكومەت دەكەن، كە سەرۆكەكەی لەپارتی دیموكراتی كوردستانەو جێگرەكەشی لەیەكێتی نیشتمانی كوردستان، پشتگیرییەكی نێودەوڵەتیان هەیە بەپێی زانیاری ئێمە بەشێك لەلایەنە عێراقییەكانیش لەگەڵ مانەوەی ئەوانن، تا ئێستا هەر ئەوانن بەڕاستی، بەڵام ئێمە وەك بڕیار، بڕیاری كۆتایمان وەرنەگرتووە، چۆن مامەڵە بكەین، ئێمە مەبدەئەكەمان پێ گرنگ بوو قبوڵی بكەن، ئەگەر قبوڵیان كرد وەك كوردەواری دەڵێت: (ئەو خەمە بۆ ئەو دەمە)".

جەلال جەوهەر لەبارەی ڕێگای پێكهێنانی حكومەت‌و بەشداری لایەنەكان زیاتر ڕوەنیكردەوەو وتی: "ئێمە دەبێت ئەو گۆڕانكارییە لەڕێگای پەرلەمانەوە بكەین، وەك دەزانرێت هەرسێ لایەنەكەمان ناگاتە (٤٠) كورسی، بۆیە بەدڵنیاییەوە پێویستمان بەدەنگی لایەنەكانی ترە بۆ متمانەدان بەو حكومەتە كاتییە، بەدڵنیاییەوە یەكێتی‌و پارتیش بەشداردەبن، بەڵام كێ سەرۆكایەتی دەكات؟ ئەوە نازانرێت."

دەربارەی هۆكاری دەستلەكارنەكێشانەوەی وەزیرەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لەكاتێكدا خۆیان دەڵێن حكومەتەكە گەندەڵەو شكست خواردووە؟ جەلال جەوهەر وتی: "وەك دەزانرێت ئەو بابەتە پێش كاراكردنەوەی پەرلەمان بابەتێكی سیاسی بوو، هەندێك لەوەزیرەكانمان چەندین جار دەستی لەكاركێشاوەتەوە، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان لەبەر هەندێك ئیعتباراتی سیاسی، ڕەنگە ئێستا جێگای وتن نەبێت هێشتوونییەتییەوە، ئەگەرنا دەزانین دوای ئەو دوو ساڵە هەرچی بڵێی بنەمای حكومەت لەم حكومەتەدا نییە، حكومەتێكە ئیرادەی لەدەست خۆیدا نییەو ئاڕاستە دەكرێت‌و دەهێنرێت‌و دەبرێتـ بۆیە ڕێگەشمان نەداوە بگەڕێنەوە ناو ئەو حكومەتە، بەڵام دەبێت هەرچی زووە وەزیرەكانی بزووتنەوەی گۆڕانە دەست لەكاربكێشنەوە".

جەلال جەوهەر وتیشی: "ئەمجارەش لەكۆبوونەوەكەدا سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی‌و تەنانەت شاندی پارتیش، كە هاتووەتە لامان ستایشی وەزیرەكانی گۆڕانیان كردووە، بەڵام هۆكاری نەچوونە دەوامی وەزیرەكانمان خۆیان نەبوون بەڵكو ئیزن دانیان‌و داگیركردنی هەولێر بووە، ئێمە بەهیچ جۆرێك بڕوامان بەم حكومەتە نەماوە تا وەزیرەكانمان بگەڕێنەوە ئەگەر بڕوامان پێیبوایە داوای حكومەتی ڕزگاری نیشتمانی‌و كاتیمان لەگەڵ دوو لایەنەكەی تر نەدەكرد."

دەربارەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، وتی: "ئێمە ئێستا لەگفتوگۆداین لەسەر ئەو بابەتە، بەڵام بەشێكی دەوەستێتە سەر ئەو پڕۆژەیەی، كە ئێمە پێشكەشمان كردووە لەسەر حكومەتی كاتی، ئەگەر لەسەر حكومەتی كاتی ڕێك بكەوین قابیلی ئەوەیە لەسەر شتەكانی تریش ڕێكبكەوین."

XS
SM
MD
LG