ڕاوێژكارێكی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باس له‌وه‌ده‌كات كه هیچ ڕێگرییه‌ك نیه بۆ واژۆكردنی فرمانی ده‌سبه‌كاربوونی پارێزگاری نوێی سلێمانی له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه."
به‌پێی وته‌كانی هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر كاندیدی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی كه هه‌فته‌ی ڕابردووتر له‌میانی وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاندبوو"نوسراوه‌كانی ده‌ست به‌كاربوونم له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆوه نێردراوه بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران،وا بڕیاره واژۆ بكرێن و له‌سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو وه‌ك پارێزگاری سلێمانی ده‌ست به‌كارده‌بم."
به‌ڵام دوای تێپه‌ڕبونی(١٠)ڕۆژ به‌سه‌ر ئه‌و وتانه‌دا هێشتا هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر ده‌ست به‌كارنه‌بووه.
دڵشاد شه‌هاب ڕاوێژكاری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی واژۆنه‌كردنی فرمانی ده‌ست به‌كاربوونی هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر وه‌ك پارێزگاری سلێمانی له‌لایه‌ن سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه به‌ده‌نگی ئه‌مریكای ڕاگه‌یاند"ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادارم جگه له‌ڕێكاره یاسایی و ئیدارییه‌كان كه پێویسته ئه‌نجام بدرێن هیچ ڕێگرییه‌كی تر نیه بۆ ده‌ست به‌كاربوونی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی كه ده‌نگی پێویستیان له ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌ده‌ست هێنابێت وه مه‌رجی بوون به پارێزگاری تێدابێت."
ڕاوێژكاری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕونیشیكردوه،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی من ئاگادار نیم كه‌ی نوسراوه‌كان هاتۆته ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ڵام به‌بۆچونی من جگه له‌و ڕێكاره یاسایی و ئیداری و ڕێكخستنی كارانه‌ی كه پێویسته به‌پێی یاسا ئه‌نجام بدرێن،هیچ هۆكارێكی تر نیه بۆ ده‌ستبه‌كاربونی ئه‌و به‌ڕێزه."