Accessibility links

سه‌میر سه‌لیم:پێش ڕیفراندۆم نه‌مانده‌زانی چه‌ند كه‌سێكی لایه‌نێكی سیاسی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی كه‌ركوك ئه‌نجام ده‌ده‌ن و كوردییان برده‌وه‌ چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م


سه‌میر سه‌لیم -كارگێری مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی

سه‌میر سه‌لیم كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ده‌ڵێت،یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌گه‌ڵ بچوككردنه‌وه‌ و هه‌مواركردنه‌ له‌م كابینه‌ی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی به‌ هۆی بوونی پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی و پشتیوانی سیاسی له‌م هه‌رێمه‌ چونكه‌ ئه‌گه‌ر پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئێمه‌ نه‌بێت به‌غداد ده‌توانێت به‌هێزی سه‌ربازی مامه‌ڵه‌ی خراپترمان له‌گه‌ڵدا بكات."

سه‌میر سه‌لیم كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌میانی گفتوگۆیه‌كی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا باس له‌دۆخی سیاسی هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداد ده‌كات و ده‌ڵێت"ڕیفراندۆم كرایه‌ پاساو ئه‌گه‌رنا خراپی ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كه‌ڵه‌كه‌بوونی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداد له‌دوای ساڵی(٢٠٠٣)وه‌،دوای داعش به‌غداد ڕیفراندۆمی كرده‌ پاساو بۆ جێ به‌جێ كردنی مه‌رامه‌كانی ئه‌گه‌رنا ڕیفراندۆم هۆكار نه‌بووه‌"

كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌سه‌ر داواكاری پێكهێنانی حكومه‌تی ڕزگاری نیشتمانی له‌هه‌رێمدا وتی"خۆی هه‌ركه‌سه‌ و بیر بكاته‌وه‌ چۆن ڕێگه‌ چاره‌ دانێین بۆ ڕزگاربوون له‌م دۆخه‌ی كه‌هه‌یه‌،به‌ڵام بۆ لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌م حكومه‌ته‌ی ئێستا جگه‌ له‌ ئیعتباره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كه‌ی كه‌تێی كه‌وتوین و هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ پشتیوانی خۆیان بۆ ئه‌م حكومه‌ته‌و سه‌رۆك و جێگره‌كه‌ی دوپات كردۆته‌وه‌،له‌ناوخۆی هه‌رێمیشدا له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ ده‌بێت ٢\٣ی په‌رله‌مانتاران متمانه‌ له‌م حكومه‌ته‌ بسه‌نێته‌وه‌ ئه‌مه‌ش نایه‌ته‌ دی چونكه‌ پارتی و یه‌كێتی خۆیان ژماره‌ی كورسیه‌كانیان هاوپه‌یمانه‌كانیان ڕێگه‌ به‌ پێكهنانی ئه‌و ژماره‌یه‌ نادات واته‌ له‌ڕوی یاساییه‌وه‌ پێكهنانی حكومه‌تی ڕزگاری نیشتمانی نایه‌ته‌ دی."

سه‌میر سه‌لیم باسی له‌هۆكارێكی تر كرد كه‌ بۆچی یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌م قۆناغه‌دا له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ڕزگاری نیشتمانی نیه‌،وتی"له‌ڕووی ئیعتباری نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ئه‌و ئیعتباره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌مان نه‌بێت به‌غداد ده‌توانێت به‌هێزی زیاتر ڕێوشوێنی زیاتر دژ به‌هه‌رێمی كوردستان بگرێته‌به‌ر و مامه‌ڵه‌ی خراپترمان له‌گه‌ڵدا بكات"

وتیشی"دوای ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش متمانه‌ی خۆیان دایه‌وه‌ به‌م حكومه‌ته‌ و پشتیوانیان لێكردن له‌هه‌ریه‌كه‌ له‌(قوباد تاڵه‌بانی و نێچیرڤان بارزانی،ئه‌م ئیعتباره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌ هه‌لومه‌رجی پێكهێنانی حكومه‌تی ڕزگاری نیشتمانی له‌باربرد"

سه‌میر سه‌لیم ئه‌وه‌شی وت"هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌تی ڕزگاری نیشتمانی هه‌وڵێكه‌ بۆ ڕزگاربون له‌م دۆخه‌ و مه‌نتقیشی تێیدایه‌ به‌ڵام به‌ڕای به‌شێك له‌چاودێرانی ده‌ره‌وه‌ حكومه‌تی ڕزگاری نیشتمانی هه‌وڵێك و پیلانكی به‌غدایه‌ بۆ ڕووخانی شه‌رعیه‌ت له‌هه‌رێمی كوردستان،به‌تایبه‌ت به‌غداد به‌ته‌مابوو له‌٦-١١ په‌رله‌مان شه‌رعیه‌ت نه‌مێنێ و به‌غداد به‌نیازبوو مافی ده‌ستوری خۆی به‌كاربێنێ و ته‌داخول بكات به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان شه‌رعیه‌تی خۆی و حكومه‌تی درێژكرده‌وه‌ به‌غداد نه‌یتوانی ئه‌و كاره‌ ئه‌نجامبدات"

كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان وتیشی"بۆ ئێمه‌ وه‌ك یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌م دۆخه‌دا ئه‌و ئیعتباره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌ گرنگه‌ هه‌تا كورد بێكه‌س كوژ نه‌كرێت كه‌ ئێستا گه‌له‌كۆمه‌كه‌ دژ به‌كورد هه‌یه‌"

سه‌میر سه‌لیم ڕونیكرده‌وه"له‌ڕوانگه‌ی ئیعتباراتی ناوخۆیی كه‌ هی جه‌ماوه‌ره‌ وه‌ ئیعتباراتی نێوده‌وڵه‌تی كه‌پشتیوانیان له‌سه‌رۆك و جێگری حكومه‌ت كرد و ده‌رگا داخراوه‌كانیان به‌ڕوودا كرایه‌وه‌ له‌م دوو سۆنگه‌یه‌وه‌ یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان پێی باشه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئیعتباراتی جه‌ماوه‌ری گۆڕانكاری له‌وه‌زاره‌ته‌كان بكرێت و ده‌موچاوه‌كان بگۆڕدرێن و حكومه‌ت بچوك بكرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و دوو كه‌سایه‌تیه‌(نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی)له‌ پۆسته‌كانیان به‌هۆی بونی ئیعتباره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كه‌ی كه‌ هه‌یانه‌،ئه‌و حكومه‌ته‌ ناو بنێین حكومه‌تی گۆڕانكاری وه‌زاره‌ته‌كان و هه‌موو لایه‌نه‌كانی ناو په‌رله‌مان به‌شداربن و پێكه‌وه‌ گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ به‌غداد به‌ڕێوه‌ ببه‌ن و ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژاردن بكه‌ین"

سه‌باره‌ت به‌و ڕه‌خنانه‌ی ئاڕاسته‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ده‌كرێت كه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێن به‌ پشتیوانی له‌حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستان به‌تایبه‌ت پارتی دیموكراتی كوردستان،سه‌میر سه‌لیم وتی"یه‌كگرتوو هه‌میشه‌ له‌به‌ره‌ی گه‌ل و نیشتماندا بوه‌ ئیتر دیدی به‌رامبه‌ر كه‌ خۆی سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌ له‌هێنانه‌دی ئامانجه‌كانی وه‌كو ئه‌و قوتابیه‌ وایه‌ كه‌ خۆی له‌ تاقیكردنه‌وه‌ ده‌رنه‌چووه‌ و به‌ڵام دوایی بڵێت خه‌تای مامۆستاكه‌م یا هاوڕێكه‌م بووه‌ له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر قوتابی خۆی هه‌وڵبدات سه‌رده‌كه‌وێت"

سه‌باره‌ت به‌ پشتیوانی كردنی یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌ ڕیفراندۆم وتی"ئه‌وه‌ ستراتیژی ئێمه‌یه‌ وه‌ك یه‌كگرتوو كه‌ له‌دوو كۆنگره‌ی ڕابردوودا پشتیوانی مافی چاره‌ی خۆنوسیمان بۆ گه‌له‌كه‌مان دوپاتكردۆته‌وه‌،ئه‌مه‌ به‌ته‌نها هی هێزێك یا دووان نیه‌ ئه‌مجاره‌ كه‌ گه‌یشتینه‌ نزیكبونه‌وه‌ی به‌دیهنانی ئه‌و ستراتیژه‌ له‌ كۆتا قۆناغدا به‌هۆی هه‌ڵه‌ی سیاسی هێزێكی سیاسی یا چه‌ند كه‌سێك له‌هیزێكی سیاسی گه‌یشتینه‌وه‌ چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م"

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی كه‌ ئێوه‌ وه‌ك یه‌كگرتووی ئیسلامی ده‌تانزانی ڕیفراندۆم ده‌كرێته‌ پاساو بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بۆچی یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم بوو؟سه‌میر سه‌لیم وتی"ئێمه‌ له‌پێش ڕیفراندۆم نه‌مانده‌زانی ڕیفراندۆم ئه‌م مه‌ترسیانه‌ی ئێستای ده‌بێت چونكه‌ نه‌مان ده‌زانی كه‌ هێزێكی سیاسی یان ئه‌و چه‌ند كه‌سه‌ له‌و هێزه‌ سیاسیه‌ له‌كۆتا خوله‌كدا دێن ئه‌و هه‌ڵه‌ سیاسیه‌ ده‌كه‌ن،وه‌ ئه‌مریكا و ئه‌وروپاش گڵۆپی سه‌وز بۆ حكومه‌تی عیراقی هه‌ڵده‌كه‌ن دژ به‌ كورد"

كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان بێ ئه‌وه‌ی ئاماده‌بێت ناوی ئه‌و هێز و كه‌سایه‌تیانه‌ ببات كه‌خۆی ده‌ڵێت هه‌ڵه‌ی سیاسیان كرد و كوردییان برده‌وه‌ چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م به‌ڵام وتی"هه‌موومان و هه‌موو میله‌تی كورد ده‌زانێت ئه‌و كه‌سانه‌ و لایه‌نه‌ كێیه‌ كه‌هه‌ڵه‌ی سیاسی كردووه‌،ئه‌گه‌ر به‌ته‌نها(٤٨ یان ٧٢)سه‌عات له‌كه‌ركوك به‌رگری بكرایه‌ هه‌روه‌ك چۆن له‌ كۆبانی به‌رگریكرا ئه‌وا هاوكێشه‌ی سیاسی نێوده‌وڵه‌تی ئێستا له‌به‌رامبه‌ر كورد ده‌گۆڕدرا،چۆن ئه‌مریكا دوای كۆبانی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌په‌گه‌ كرد كه‌ لقێكی په‌كه‌كه‌یه‌ و لای ئه‌مریكا له‌ لیستی تیرۆردایه‌ ئاواش مامه‌ڵه‌ به‌جۆرێكی تر له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌كرا،هه‌میشه‌ هه‌ڵه‌ی سیاسی ئه‌نجامی ڕووداوه‌كان ده‌گۆڕێت،ئێمه‌ نه‌مانده‌زانی ئه‌و هه‌ڵه‌ سیاسیه‌ ڕووده‌دات كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ به‌وجۆره‌ گۆڕدرا"

ده‌رباره‌ی بێده‌نگی ئه‌مینداری یه‌كگرتوو له‌م دۆخه‌،سه‌میر سه‌لیم وتی"یه‌كگرتوو حیزبێكی كردارییه‌ و ئه‌مینداری یه‌كگرتوو وه‌ك هه‌ندێك كه‌س به‌ته‌ڵی شاشه‌ نیه‌ به‌ڵكو له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی سه‌رقاڵی بیركردنه‌وه‌یه‌ بۆ ڕزگاربون له‌م دۆخه‌ به‌كه‌مترین زیان و هێنانه‌دی یه‌كڕیزی نیشتمانی و ڕێگه‌گرتنه‌ له‌دوباره‌ بونه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی سیاسی واته‌ بێده‌نگیمان پلان دانانه‌ بۆ ئاینده‌"

سه‌میر سه‌لیم كارگێری مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ئه‌وه‌شی وت"هه‌ندێك له‌وانه‌ی هه‌ڵه‌كه‌یان كردوه‌ ده‌ڵێن"ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ بنه‌مایه‌كی یاسایی هه‌یه‌ چونكه‌ پێشتر ڕێكه‌وتن هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نی حكومه‌تی عیراقی بۆ كشانه‌وه‌ی كورد له‌و ناوچانه‌، وه‌ بۆ ئه‌وه‌ بوه‌ كه‌ركوك وه‌ك حه‌ڵه‌بی لێنه‌یه‌ت،ئه‌ی باشه‌ بۆ ناڵێن كه‌ركوك وه‌ك موسڵی لێنه‌یه‌ت؟! ئێمه وه‌ك یه‌كگرتوو ئه‌گه‌ر بڕوامان به‌و پاساوانه‌ هه‌بووایه‌ ئه‌وا وه‌ك ئه‌وان بیرمان ده‌كرده‌وه‌"

سه‌میر سه‌لیم وتیشی"سه‌رقاڵی گفتوگۆین تا بتوانین له‌ ئاینده‌دا كۆبونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان ده‌ست پێبكاته‌وه‌"

XS
SM
MD
LG