Accessibility links

سلێمانی..پێشێلکارییەکانی ئەمڕۆ بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن


لۆگۆی دەزگاکانی ڕاگەیاندن

ئەمڕۆ لەکاتی خۆپیشاندانی بەشێک لەمامۆستایانی ناڕازی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی سلێمانیەوە لەسەرەتای خۆپیشاندانەکە ڕێگری لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەکرێت کەڕوماڵی خۆپیشاندانەکان بکرێت و دواتر دەست بەسەر کەلوپەلی ڕۆژنامەنوسی چەند کەناڵێکدا دەگیرێت و هەوڵی هێرش کردنە سەر پەیامنێری کەناڵی(کوردستان24)یش لەلایەن ژمارەیەک مامۆستاسی ناڕازییەوە دەدرێت ئەمەش بەوتەی جێگری ڕێکخەری گشتی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی کردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان .

لەوبارەیەوە دیاری مەحمود جێگری ڕێکخەری گشتی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی کردن لەمافی ڕۆژنامەنوسان بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند"بەداخەوە لەگەڵ توندبونەوەی ململانێ سیاسیەکان لەهەرێمی کوردستان و ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکان پێشێلکاری بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسان زیاتر دەبێت،ئەمڕۆش لەکاتی خۆپیشاندانی مامۆستایاندا لەسەرەتادا لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ڕێگری لە ڕۆژنامەنوسان کراوە ڕوماڵی خۆپیشاندانەکان بکرێت و دواتریش دەستگیراوە بەسەر کامێرای کەناڵەکانی(ڕووداو،کەی ئێن ئێن،وارتیڤی)،هەرەوەها هەوڵی هێرشکردنە سەر پەیامنێری(کوردستان24)دراوە لەلایەن چەند خۆپیشاندەرێکەوە"

جێگری ڕێکخەری گشتی سەنتەری میترۆ وتیشی"ئەمە چەندین جارە لەکاتی خۆپیشاندانەکان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ئەو پێشێلکارییانە دژ بە ڕۆژنامەنوسان دەکرێت و ئێـمە کاتێک سەبارەت بە هۆکاری دووبارە بونەوەی ئەو پێشێلکارییانە لە دەزگا ئەمنیەکان بەتایبەت ئاسایش دەپرسین وەڵامیان پێ نیە"

بەتەنها دەزگا ئەمنیەکان نەبوون کە پێشێلکارییان دژ بەڕۆژنامەنوسان ئەنجام داوە بەڵکو بەوتەی (مونیر سەلیم)پەیامنێری کەناڵی(کوردستان24)لە سلێمانی لەلایەن چەند خۆپیشاندەرێکەوە هەوڵی هێرش کردنە سەری دراوە لەکاتی ڕوماڵی خۆپیشاندانی ئەمڕۆی مامۆستایانی سلێمانی"

مونیر سەلیم پەیامنێری کەناڵی (کوردستان24)لە سلێمانی بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" بەمەبەستی ڕوماڵکردنی خۆپیشاندانی بەشێك لەمامۆستایانی پارێزگای سلێمانی ئێمە وەکو تیمی k24 چوینە شوێنی گردبوونەوەکە لە بەردەم پەرپەردەی ڕۆژئاوا ، کاتێك ویستمان دەست وێنەگرتن بکەین ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران هێرشیان بۆ هێناین بە قسەی نەشیاوو جنێوو تۆمەت ، بەڵام بەسوپاسەوە ژمارەیەک لەمامۆستایانی سەرپەرشتیار و هێزە ئەمنیەکان ئێمەیان لە هێرشی ئەوان پاراست.

پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان لە هەرێمی کوردستان هەندێکجار سنوری ناوچەیی پێوە دیارە لەپارێزگایەکی دیاریکراو زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر چەند کەناڵێکی دیاریکراو ئەنجام دەدرێت،لەبارەی هۆکاری جیاکردنەوەی کەنالەکان و پێشێلکاری بەرامبەریان لە پارێزگایەکی دیاریکراو. دیاری مەحمود وتی"بەداخەوە وەک ئەوەی دەبینین زۆرکات لەکاتی توندبونەوەی ململانێ سیاسیەکان و خۆپیشاندان و ناڕەزایی لەسنوری پارێزگای هەولێر و دهۆک کەناڵەکانی(کەی ئێن ئێن و ئێن ئاڕتی)زۆرترین پێشێلکارییان بەرامبەر دەکرێت،هەروەها لە سنوری پارێزگای سلێمانیش،کەناڵەکانی(کوردستان24 و ڕووداو)لە پێشی کەناڵەکانن بۆ هەوڵی هێرشکردنە سەریان هەندێکجار"

جێگری ڕێکخەری گشتی سەنتەری میترۆ وتیشی"ئەوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی دەسەڵاتی حیزبایەتی زاڵە لەناوچەکان و پارێزگاکان نەک دەسەڵاتی حکومەت"

XS
SM
MD
LG