Accessibility links

خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەشێک لە مامۆستایانی سلێمانی دەستیپێکردەوە


mamosta Adil -مامۆستا عادل
mamosta Adil -مامۆستا عادل

ئەمڕۆ بەشێک لە مامۆستایانی سلێمانی بە هۆی پێنەدانی موچەکانیانەوە خۆپیشاندان و ڕێپێوان ئەنجام دەدەن و ئەندامێکی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیش دەڵێت،گیرفانی بەتاڵی مامۆستایان لە زۆر شوێن بایکۆتی بە پڕۆسەی پەروەردە کردوە.

مامۆستا عادل حەسەن ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لەبارەی خۆپیشاندان و ڕێپێوانی ئەمڕۆی بەشێک لە مامۆستایانی سلێمانی بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند"لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕونی دەکەینەوە بەڵام بێ گومان خۆپیشاندان دژی گەندەڵی و فەسادی بیست و شەش ساڵە و پێنەدانی موچەیە"

ساڵی ڕابردوو مامۆستایانی ناڕازی چەند مانگێک بایکۆتی پڕۆسەی خوێندنیان کرد لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەڵام پاش چەند مانگێک بەهۆی شکانی بایکۆت لەلایەن زۆرینەی مامۆستایان و گەڕانەوەیان بۆ هۆڵەکانی خوێندن ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی بڕیاری شکانی بایکۆت و خۆپیشاندانەکانیان دا،بە بڕوای مامۆستا عادل حەسەن بارودۆخی ئەمساڵ جیاوازە و حکومەت وەڵامی مامۆستایان دەداتەوە"بارودۆحی ئەمساڵ زۆر جیاوازە حکومەت فشاری زۆر لەسەرە ناتوانێت وەڵامی نەبێت"

لەبارەی ئەگەری بڕیاری بایکۆت کردنی پڕۆسەی خوێندن مامۆستا عادل حەسەن وتی"دواتر ڕوون دەبێتەوە ئایا تا چەندە مامۆستایان پابەندی هەڵوێستەکانی مامۆستایانی ناڕازی دەبن بە بۆچونی ئێمە بایکۆت پێویستی بە بڕیار نەماوە گیرفانی بەتاڵی مامۆستایان لەزۆر شوێن بایکۆتی بە بەپرۆسەی پەروەردە کردووە"

مامۆستا عادل حەسەن وتیشی"پێمان وانییە خۆپیشاندانی مامۆستایان ئاراستەی خراپی لێ بکەوێتەوە خەباتی ئێمە مەدەنی و شارستانی یە ئێمە لە هەموو شتێکدا دژی دەسەڵات بین لە پاراستنی هێمنی شار هاوڕای یەکین"

لەدوای بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی ناوەندی عیراقەوە،فەرمانبەرانی میری هەرێمی کوردستان موچەکانیان بەڕێژەی نیوە زیاتر کەمکراوەتەوە سەرەڕای ئەوەی زۆرکات بە مانگ و نیو یا زیاتر ئەو بڕە موچەیەیان پێدەدرێت،بەوهۆیەوە زۆرترین خۆپیشاندان و ناڕازی بوون بۆ پێدانی موچە لەنێوان فەرمانبەران،مامۆستایان ئەنجامیان داوە و ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازییان بۆ ئەو مەبەستە پێکهێناوە.

XS
SM
MD
LG