Accessibility links

جەعفەر ئیمنکی:لە ڕێگای داواکاری گشتیەوە سکاڵای یاسایی لەسەر ڕابون مەعروف تۆماردەکەم و لەدانیشتنەکان ئیقالەی دەکەین


جەعفەر ئیمنکی-جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەڵێت"لە ڕێگای داواکاری گشتیەوە سکاڵا لەسەر پەرلەمانتار (ڕابوون مەعروف) تۆماردەکات و ئامادەکاری بۆ ئەوەش دەکەین کە ئەو پەرلەمانتارەئیقالە بکرێت لەناو دانیشتنەکانی پەرلەمان بە تۆمەتی سوکایەتی کردن بە پێشمەرگە و سەرۆکی هەرێم،هاوکات باس لە هەوڵەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم و کێشەکانی نێوان بەغداد و هەولێر و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم دەکات.

جەعفەر ئیمنکی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەمیانی وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند:گرژییەکانی دوو ڕۆژی ڕابردووی ناو پەرلەمانی کوردستان بەهۆی لێدوانی نابەرپرسانەی پەرلەمانتارێکەوە دروست بوو کە تێیدا پەخشی ڕاستەوخۆی کەناڵێکی کردە دەرفەت بۆ سوکایەتی کردن بە پێشمەرگە و جەنابی سەرۆکی هەرێم،لەکاتێکدا ماوەی شەش کاتژمێر لەژورەوە ئەو هەموو موناقەشەیە کرا تەنانەت یەک وشەشی لەسەر بڕگە و مادەکانی پڕۆژە یاساکە نەوت،بەڵام هات پەخشی ڕاستەوخۆی تەلەفزیۆنێکی ئیستغلال کرد بۆ سوکایەتی کردن بە پێشمەرگە و جەنابی سەرۆکی هەرێم و گەیاندنی پەیامێکی سیاسی کە هی لیستێکە تازە دروستیان کردووە"

جەعفەر ئیمنکی وتی: بەهۆی ئەو سوکایەتیانەی ئەو پەرلەمانتارە بە پێشمەرگە و جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان،ئیستا سەرقاڵی ئەنجامدانی دوو ڕێکاری یاسایین،یەکەم ڕێکار،لە ڕێگای داواکاری گشتیەوە سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەم،چونکە لەناو حەرەمی پەرلەمان کە پاراستنی لە ئەستۆی منە تا مافی گشتی بپارێزم تێیدا سوکایەتی بە پێشمەرگە و جەنابی سەرۆکی هەرێم کرا ،دووەم ڕێکاریش،ڕێکاری پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستانە،ئامادەکاری دەکەین کە ئەو پەرلەمانتارە(ڕابوون مەعروف) ئیقالە بکرێت لەناو دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان"

بەپێی یاسا پەرلەمانتار لەماوەی ئەندامێتی پەرلەمانیدا هەڵگری پارێز بەندی پەرلەمانیە و بۆ چونە بەردەم دادگا جگە لەتاوانی بینراو پێویستە ئەو پارێز بەندیەی لەڕێگای پەرلەمانەوە لەسەر هەڵبگیرێت،لەبارەی ئامادەیی پەرلەمان بۆ هەڵگرتنی پارێز بەندی لەسەر پەرلەمانتار(ڕابوون مەعروف)؟ جەعفەر ئیمنکی چێگری سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەوتوێژەکەدا وتی"پێشتر چەندین داواکاری هەڵگرتنی حەسانەمان لەسەر چەند پەرلەمانتارێکی تر پێگەیشتووە بەڵام ئەو داوایەمان جێ بەجێ نەکردووە،بەڵام وەک ڕای شەخسی خۆم کە تائێستا لەگەڵ هاوڕێیانم لەسەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و فراکسیۆنەکان باسم نەکردوە،پێویستە ئەو پەرلەمانتارە پارێزبەندی لەسەر هەڵبگیرێت چونکە لەکاتێکدا سوکایەتی کرد کە وڵات لە دۆخی شەڕدایە وپێشمەرگە شەڕی داعش و حەشدی شەعبی دەکات"

دوێنێ ڕابوون مەعروف پەرلەمانتاری پێشووی فراکسیۆنی گۆڕان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیببوی" سیداد بارزانی برای مەسعود بارزانی هاتووەتە پەرلەمان و لە ژوری جێگری سەرۆکی پەرلەمان دایناوە و 10 بۆ 15 کەس بۆی هاتوون و بۆ ماوەی یەک کاژمێر ئەشکەنجەیان داوە. دەشڵێت ئەشکەنجەدانەکەیان بە ڤیدیۆ تۆمارکردووە.

بەڵام جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕەتی دەکاتەوە ئازاری ئەو پەرلەمانتارە درابێت و دەڵێت"ئەو قسانە هیچ بنەمایەکی ڕاستی نیە،پاراستنی پەرلەمان لە ئەستۆی مندایە، من داوام لەجەنابی سەرۆک و حکومەت کرد هێز بنێرن بۆ پاراستنی پەرلەمان و گیانی ئەو پەرلەمانتارە چونکە ئەو هێزەی پەرلەمان هەیەتی بۆ کاتی ئاساییە و لەدۆخی وا نا ئاسایدا پێویستمان بە هێزی ترە.

هەروەها وتی"کاک سیداد بەدرێژایی ژیانی لە ڕەوشتی خۆی و بنەماڵەکەی دوورە هێرش بکاتە سەر تەنانەت دوژمنەکەشیان چ جای پەرلەمانتار بەپێچەوانەوە ئەو پەرلەمانتارەی پاراست و گەیاندمانە ئەو شوێنەی خۆی(ڕابوون مەعروف) داوای کرد،بەڵام ئەوە ناشآرمەوە پەرلەمانتاران لەناو خۆیاندا شەڕیان بوو لەیەکتریان دا،وەک چەند جاری تر ڕویداوە.

جەعفەر ئیمنکی وتیشی"ئەو پەرلەمانتارە نەک هەر ئازار نەدراوە،بەڵکو ئازادانە لەناو ژورەکەی من ڕاستەوخۆ لێدوانی بۆ کەناڵی ڕووداو دەدا ئەو هەموو قسەیەی کرد وە مۆبایلی پێ بوو نامەی دەنارد،بە پێچەوانەوە ئێمە و کاک سیداد و ئاسایش پاراستمان و گەیاندمانە ئەو شوێنەی کەخۆی داوای کرد.

لەبارەی ئەو کەسانەی ببونە مەترسی بۆ سەر ئەو پەرلەمانتارە،جەعفەر ئیمنکی وتی"وەک وتم ئەو پەرلەمانتارە سوکایەتی بە پێشمەرگە کرد و خەڵکێکی زۆری نیگەران کرد بەو سوکایەتیە تەنانەت بەشێک لەوانەی هاتبونە بەردەم پەرلەمان پێشمەرگە بون و لەکاتی پشودا بون کە گەڕابونەوە بەو لێدوانە زۆر نیگەران بوون و هاتبوونە بەردم پەرلەمان.

بەشێکی تری وتوەێژەکەی دەنگی ئەمریکا لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بوو بە چۆنیەتی دابەش کردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم بەسەر سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەت و ئەنجومەنی دادوەری،جەعفەر ئیمنکی وتی:لە یاساکەدا کە ئەمڕۆ دەرچوو ماددە بەمادە دیاریکردووە ئەویش پاش ئەوەی گفتوگۆی چڕکرا لەسەری لەناو لیژنەی یاسایی و پەرلەمانی کوردستان"

لەکاتی ڕاگەیاندنی دەسبەردادربوونی بەڕێز(مەسعود بارزانی)لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم،هێمن هەورامی ڕاوێژکاری بارزانی ڕایگەیاند"لەمەودوا بارزانی وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و مەرجەعی سیسی کوردستان دەمێنێتەوە" سەبارەت بەبونی یاسایەکی تایبەت بۆ دیاریکردنی ئەرک و مافەکانی مەرجەعی سیاسی کوردستان؟جەعفەر ئیمنکی وتی"هیچ یاسایەک لەو بارەیەوە پێشکەشی پەرلەمان نەکراوە،بەڵام کاک مەسعود بارزانی بەحوکمی پێگە مێژووییەکەی و سیاسیەکەی لەناوچەکە و هەرچوار پارچەی کوردستان هەر وەک ڕابەر و مەرجەعێکی سیسی دەمێنێتەوە.

لەبارەی گەڕانەوەی(دکتۆر یوسف)سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ پەرلەمان،جەعفەر ئیمنکی وتی"لەدوای 15-9وە هیچ ڕێگریەک نەما بۆ گەڕانەوەی بەڵام بەداخەوە خۆی ڕەتی کردەوە،وە ئەوە بەتەنها پەیوەندی نیە بە سەرۆکی پەرلەمان بەڵکو پێویستە گۆڕان و پارتی پێکەوە دوو قۆڵی دابنیشن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر گەڕآنەوە بۆ پۆستەکانیان بە چوار وەزیرەکەشیانەوە.

ئیمنکی جەختی لەوەشکردوە کە پەرلەمانی کوردستان بۆ هەمیشە کاراکراوەتەوە نەک بۆ یاسا و دوو یاسا،وتیشی"وەک پەرلەمانی کوردستان بە دڵنیاییەوە ڕۆڵمان هەیە و دەبێت لە لێکنزیک کردنەوەی لایەنە ناکۆکەکانی هەرێم وە بەغداش"

XS
SM
MD
LG