Accessibility links

لێدان و هێرش کردنە سەر ڕۆژنامەنوسان لە هەولێر لە زاری ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانەوە


وێنە ئەرشیفی هێرشکردنە سەرکەناڵی ئێن ئاڕتی
وێنە ئەرشیفی هێرشکردنە سەرکەناڵی ئێن ئاڕتی

دوێنێ لە ناو بینای پەرلەمانی کوردستان لەسەروبەندی کۆبونەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای دابەش کردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم هێرش کرایە سەر پەرلەمانتارێک و چەند ڕۆژنامەنوسێکی کەناڵە جیاوازە کوردییەکان.

ڕێبوار کاکەیی پەیامنێری کەناڵی ئێن ئاڕتی لەشاری هەولێر کە یەکێک بوو لەو ڕۆژنامەنوسانەی دوێنێ هێرش کرایە سەری لەکاتی ڕووماڵی ڕاستەوخۆی کەناڵەکەیدا وتی"لەلایەن چەمند کەسێکەوە کە زۆرینەیان مێرد منداڵ بوون دوێنێ بەشێوەیەکی توند هێرش کرایە سەر تیمی کەناڵی ئێن ئاڕتی لەکاتی پەخشی ڕاستەوخۆدا جگە لەوەی کامێراکەیان شکاندین بەشەق و دار بەشێوەیەکی توند لەمنیان دا."

ڕێبوار کاکەیی وتی"جگە لە تیمەکەی ئێمە هێرش کرایە سەر کامێرامانی کەناڵی ڕووداو و پەیامنێری کەناڵی(کەی ئێن ئەی)."

کاکەیی ئاماژەی بەو کەسانە کرد کە هێرشی کردۆتە سەر ڕۆژنامەنوسان و وتی"ئێمە لە بەیانیەکەیەوە لە پەرلەمان بوین بەمەبستی ڕووماڵکردنی کۆبونەوەکەی پەرلەمانی کوردستان ئەوکەسانە ئەوانە بون کە بەیانیەکەی لەگەڵ ڕێکخراوەکان هاتبونە بەردەم پەرلەمانی کوردستان بۆ خۆپیشاندان.

ڕێبوار کاکەیی پەیامنێری کەناڵی ئێن ئاڕتی لەشاری هەولێر هەڵوێستی دامودەزگا ئەمنیەکانی بەرز نرخاند و ڕایگەیاند"ئەگەر ئەوان فریامان نەکەوتنایە ئەوا ئازارییان زۆرتر دەداین."

وتیشی"سکاڵای یاساییم تۆمار نەکردوە چونکە شوێنەکە تاریکبوو کەسەکان بەدەموچاو ناتوانم بناسمەوە"

لای خۆیەوە سیروان گەردی بەرپرسی تۆڕی هەماهەنگی ڕێکخراوەکان لەشاری هەولێر کە دوێنێ لە پەرلەمانی کوردستان بوو بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند"بەداخەوە ئێمە هیچ کات لەگەڵ هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنوساندا نین و ئەوەی دوێنێ ڕوویدا ئێمەی نیگەران کردووە."

گەردی وتیشی"ئێمە پێشتر ئاگادارکرابوین کە ئەو پەرلەمانتارە هەوڵی ئەوە دەدات پشێوی دروست بکات."

لەبارەی ئەو کەسانەی هێرشیان کردە سەر ڕۆژنامەنوسان. سیروان گەردی بەرپرسی تۆڕی هەماهەنگی ڕێکخراوەکان لەشاری هەولێر ڕەتی کردوە ئەو کەسانە لەگەڵ ڕێکخراوەکان بوبێتن و وتی"ئێمە چەند کەسێک بوین لە ڕێکخراوەکان یاسا ئەو مافەی پێداوین بەشداری کۆبونەوەی گرنگی پەرلەمان بکەین بەڵام بە ئێمەیان وت،کۆبئنەوەکە داخراوە"

وتیشی:ئەو کەسانە نە پەیوەندی بە ڕێکخراوەکان هەبووە نە بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هەر وەک لە بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشدا هاتبوو ئەو کەسانە کۆمەڵە خەڵکێکی گێرەشێوێن بوون و ئێمە دژیانین"

XS
SM
MD
LG