Accessibility links

سەرۆكى یەكێتى مامۆستایان: مەترسى پەككەوتنى پرۆسەى خوێندن لە ئارادایە


بەرپرسانى رێكخراوى یەكێتى مامۆستایانى كوردستان چاوەڕوانى هاتنە سەر خەتى مەسعود بارزانى سەرۆكى هەرێم دەكەن بۆ چارەسەركردنى گرفتى دواكەوتن و پاشەكەوتكردنى موچەى مامۆستایان، كە پێشتر بارزانى بەڵێنى گفتووگۆكردنى لەگەڵ حكومەت پێدابوون.

ئەحمەد گەرمیانى سەرۆكى یەكێتى مامۆستایانى كوردستان ، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"چاوەڕوانى ئەنجامى كۆبوونەوەى داهاتووى بارزانین لەگەڵ حكومەت كە بڕیارە كۆبوونەوەكە بۆ تاوتوێ‌ كردنى دۆخى ژیان و گوزەرانى مامۆستا ئەنجام بدرێت."

وتیشى"سەرۆكى هەرێم بەڵێنى هاتنە سەرخەت و باشتركردنى بارودۆخى مامۆستاى پێداوین."

بەشێک لە مامۆستایان لە ناوچە جیاجیاكانى كوردستان لە یەكەم رۆژى جەژنى قوربان دا خۆپیشاندان و گردبوونەوەیان ئەنجامدا، داواى پێدانى موچەكانیان و نەهێشتنى سستمى پاشەكەوت كردنى موچەیان كرد ، هەروەک وەزارەتى پەروەردەى حكومەتى هەرێمیش دەستپێكردنى دەوامى خوێندنى بۆ كۆتایى مانگى ئەیلول دواخستووە.

سەرۆكى یەكێتى مامۆستایانى كوردستان ، ئاماژەى بەوەشكرد ئەگەر هەوڵەكانى مەسعود بارزانى هیچى لێ‌ سەوز نەبێت بۆ باشكردنى گوزەرانى مامۆستا ، ئەوكات دەگەڕێنەوە بۆ راى مامۆستا و هەڵوێست وەردەگرن .

ئەحمەد گەرمیانى، مەترسى خۆشى نیشاندا بەوەى كە خوێندنى ئەمساڵ لە هەرێمى كوردستان پەكى بكەوێت.

حكومەتى هەرێمى كوردستان بەهۆى قەیرانى داراییەوە و لە چوار چێوەى سستمى پاشەكەوتكردنى موچەدا، موچەى مامۆستایانى بۆ نیوە كەمكردووەتەوە و مانگانەش لە كاتى خۆیدا موچە بە مامۆستایان نادرێت ئەمەش ناڕەزایەتى لێكەوتووەتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:14 0:00

XS
SM
MD
LG