له باس کردن و لێکدانه‌وه‌ی تۆندوتیژی له کۆمه‌ڵگادا، جگه له‌وه که کێ تاوانباره له‌م ڕه‌وشه‌دا له بواری سیاسی و یاسایدا، پسپۆڕانی بواری ده‌روونناسی ده‌ڵێن به گشتی گۆشاره ده‌روونیه‌کان و ئه‌و توڕه‌یه و ناهۆمێدیه که له نێو مرۆڤ له کۆمه‌ڵگایێکدا ساز ده‌بێت ده‌کرێت وه‌ک هۆکاری سه‌ره‌کی درووست بوونی تۆندوتیژی له هه‌ر چه‌شنه نارازایه‌تی نیشاندانێکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا چاوی لێ بکرێت.
به پێی لێکۆڵینه‌وه زانستیه‌کان، له‌و وڵاتانه‌ی شه‌ڕ تێیدا ڕوویداوه و ڕه‌وشی ئاسایشی مرۆڤ له مه‌ترسیدایه و هاووڵاتیانی ترسی مه‌رگ و شه‌ڕیان ئه‌زموون کردوه و یان ده‌سه‌ڵاتی سه‌رکۆتگه‌ر وڵات ئیداره ده‌کات و گرفتی ئابووری و سیاسی له کۆمه‌ڵگادا هه‌یه، ڕیژه‌ی خه‌مۆکی و توڕه‌ی و هه‌ست به بێ‌ده‌ره‌تانی لای خه‌ڵک به‌رز ده‌بێته‌وه و ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه تۆندوتیژی زیاتر بێت و هاووڵاتیان به که‌مترین هۆکارێک تووشی تۆندوتیژی بن.
خۆپیشاندانه‌کان له هه‌رێمی کوردستان له چه‌ند ڕۆژی ڕابردووش‌دا تێکه‌ڵی تۆندوتیژیێکی زۆر بوه. چه‌ند خۆپیشانده‌ر و پۆلیسێک کۆژراون و زیاتر له 300 هاووڵاتی خۆپیشانده‌ر بریندار بوون. پرسیار ئه‌وه‌یه که باری ده‌روونی هاووڵاتی کورد و هه‌روه‌ها هێزی ئاسایشی و به‌رپرسی کورد له هه‌رێمی کوردستان چه‌ند له به‌ره‌و تۆندوتیژی ڕۆشتنی خۆپیشاندانه‌کان له هه‌رێمی کوردستاندا کاریگه‌ر بوه.
بۆ باس له سه‌ر باری ده‌روونناسی تۆندوتیژی له خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌م دوایه‌ی کوردستان، میوانداری دۆکتور نه‌بی فه‌تاحی، ده‌روونناس و یاریده‌ری پرۆفێسۆر له زانستی له‌ش‌ساخی له زانکۆی یۆتیبۆری له سوئد ده‌که‌ین.