کرێملن وتی هیوادارە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لە میانەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن لە باشووری ڕوسیا زانیاری زیاتر بدات لەسەر پلانەکانی ئەنقەرە لە باکووری سوریا.
وتەبێژی کرێملن دیمتری بێسکۆڤ وتی پوتن و ئەردۆگان بابەتی زۆریان هەیە سەبارەت بە سوریا تاوتوێی بکەن و مۆسکۆ تێبینی ئەوەی کردووە ئەمەریکا و تورکیا زانیاری زۆر لەنێوانیاندا دەگۆڕنەوە.
هەروەها کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە بیرۆکەکەی وەزیری بەرگری ئەڵمانیا بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی ئاسایش لەژێر سەرپەرشتیەکی نێودەوڵەتیدا لە باکووری سوریا بە بەشداری تورکیا و ڕوسیا، بێسکۆڤ وتی کرێملن تاوتوێی ئەو بیرۆکەیە دەکات و بە بیرۆکەیەکی نوێی دەزانێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز