Accessibility links

ئەفسانەی یاری باسکەی ئەمەریکا کۆبی برایانت لە کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرێکیدا گیانی لەدەستدا


کۆبی برایانت
کۆبی برایانت

کۆبی برایانت یەکێک لە مەزنترین یاریزانەکانی باسکەی ئەمەریکا کە لە ماوەی 20 ساڵی یاریکردنیدا پێنج جار بۆتە پاڵەوان، لە ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی هێلیکۆپتەر لە دەرەوەی شاری لۆس ئانجلس لە ویلایەتی کالیفۆرنیا گیانی لەدەستدا.

سەرۆکی بەشی پۆلیسی لۆس ئانجلس وتی برایانت و جیانای کچی کە تەمەنی 13 ساڵ بووە لە نێو ئەو نۆ کەسەدا بوون کە لە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەدا گیانیان لەدەستداوە. فڕۆکەکە لە کالاباساس لە ویلایەتی کالیفۆرنیا کەوتە خوارەوە کە دەکەوێتە 65 کیلۆمەتر باکووری ڕۆژئاوای شاری لۆس ئانجلسەوە.

کاربەدەستان تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکیان نەداوە لەسەر هۆکاری کەوتنە خوارەوەکە.

وەکو ئاشکرایە برایانت هێلیکۆپتەرە تایبەتیەکەی بەکاردەهێنا کاتێک لە ماڵەکەیەوە دەچوو بۆ یارییەکان لە لۆس ئانجلس تاوەکو خۆی بەدووربگرێت لە قەرەباڵغی هاتوچۆی شاری لۆس ئانجلس.

کۆبی برایانت تەمەنی 41 ساڵ بوو، یەکێک بوو لە باشترین یاریزانەکان لە مێژووی یاری باسکەی ئەمەریکادا. برایانت زۆربەی تەمەنی گەنجێتی لە ئیتاڵیا بەسەر بردووە کە لەوێ باوکی یاری باسکەی دەکرد دوای ئەوەی ژیانی وەرزشی لە NBA تەواو بوو.

برایانت لە ماوەی 20 ساڵی وەرزشیدا کۆمەڵێک دەستکەوتی بەدەستهێناوە، لەوانەش لە ساڵی 1998 دا بووە گەنجترین ئەستێرەی NBA، هەروەها لە ئۆڵۆمپیادی ساڵی 2008 و 2012 دا مەدالیای ئاڵتوونی بەدەستهێناوە.

XS
SM
MD
LG