Accessibility links

پاشای سعودیە لە نیۆم چاوی بە سەرۆکی میسڕ کەوت


پاشای سعودیە پێشوازی لە سەرۆکی میسڕ عەبدول فەتاح سیسی کرد لە شارێکی گەورەی نوێ بە ناوی نیۆمەوە کە لە تەنیشت دەریای سوور و کەنداوی عەقەبەوە دروست دەکرێت.

نیۆم ناوچەیەکی ئابووری گەورەیە و 500 ملیار دۆلاری تێچووە کە شازادەی جێگرەوەی سعودیە بەڵێنیدا لە سەرەتاوە دروستی بکات و بیکاتە ناوچەیەکی گرنگ لە وڵاتەکەدا.

دەزگای هەواڵی فەڕمی سعودیە وتی شازادەی جێگرەوەی سعودیە ئەمیر محەمەد بن سەلمان بەشداری کردووە لە کۆبوونەوەکەدا و تیایدا گفتوگۆ لەسەر ئەو پەیوەندییە برایەتیانە کراوە کە دوو وڵاتەکە پێکەوە دەبەستێتەوە.

سەرۆکایەتی میسڕیش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند سیسی ڕۆژی سێشەممە لەسەر داوای پاشا سەلمان سەردانی سعودیەی کردووە.

وتیشی " لە میانەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و بابەتە گرنگە هاوبەشەکانی نێوانیان کراوە و هەروەها گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییە برایەتییەکانی نێوانیشیان کراوە."

دەزگای فەڕمی سعودیە ڕایگەیاند لە 30 مانگی حەوتدا پاشا سەلمان بۆپشوودان گەیشتۆتە نیۆم.

شازادە محەمەد ساڵی ڕابردوو پلانێکی ڕاگەیاند بۆ دروستکردنی شارێک ڕووبەڕەکەی 26500 کیلۆمەتر دووجایە و پشت دەبەستێت بە تەکنیکی پێشکەوتوو، ئەمش لە چوارچێوەی ئەو چاکسازییانەدا کە ئامانج لێیان دروستکردنی هەلی کار و هاندانی وەبەرهێنانە بیانییەکان و دابینکردنی ئازادی زیاترە بۆ سعودییەکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG