Accessibility links

کیم جۆنگ ئون: ڕێگای گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆریای باشووردا کراوەیە


ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون ئەمڕۆ هەڕەشەی لە ئەمەریکا کرد بەوەی کە دوگمەیەکی ناوەکی هەیە لە ئۆفیسەکەیدا و ئامادەیە بۆ بەکارهێنان ئەگەر بێتوو وڵاتەکەی ڕووبەڕووی هەڕەشە ببێتەوە، بەڵام سەبارەت بە کۆریای باشوور وتی ڕێگا کراوەیە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سیئۆلدا.

دوای ساڵێک لە جەنگی لێدوانەکان و زیادبوونی گرژییەکان بەهۆی بەرنامە ناوەکییەکەی کۆریای باکوورەوە، کیم بەهۆی سەری ساڵی نوێوە لێدوانێکیدا و داوای کرد گرژییە سەربازییەکانی نیمچە دوورگەی کۆریا کەم بکرێنەوە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆریای باشووردا باشتر بکەن.

کیم وتی " سەبارەت بە پەیوەندییەکانی باکوور و باشوور پێویستە لەسەرمان گرژییە سەربازییەکانی سەر نیمچە دوورگەی کۆریا کەم بکەینەوە و ژینگەیەکی ئاشتیانە دروست بکەین. دەبێت باکوور و باشوور هەوڵ بدەن."

کیم وتیشی نوێنەرانی کۆریای باکوور دەنێرێت بۆ خولی یارییەکانی ئۆڵمپیاد کە لە شاری پیۆنگچانگی کۆریای باشوور ئەنجام دەدرێت.

وتی " بەشداربوونی کۆریای باکوور لە یاریە ئۆڵۆمپیادە زستانەییەکاندا هەلێکی باش دەبێت بۆ دەرخستنی یەکیەتی نەتەوەیی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم لە یارییەکاندا. لەوانەیە بەخێرایی بەرپرسانی هەردوو کۆریاکە کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بابەتە."

سەرۆکی کۆریای باشوور مون جەی ئین لە ماوەی ڕابردوودا وتبووی بەشداربوونی کۆریای باکوور لەو ئۆڵۆمپیاددا گرەنتی پارێزراوی خولەکە دەکات، هەروەها مانگی ڕابردوو پێشنیاری ئەوەی کرد واشنتن و سیئۆل مانۆڕە سەربازییەکانیان دوابخەن بۆ دوای یارییەکان.

کیم وتی " پێویستە لەسەر کۆریای باشوور لەجیاتی ئەوەی هانی ڕێوشوێنەکانی ئەمەریکا بدات کە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی نیمچە دوورگەی کۆریا، دەبێت وەڵامی ئەم شتانە بداتەوە کە کۆریای باکوور پێشکەشی دەکات."

کیم وتیشی " ئەمساڵ دەبێت گرنگی بدەین بە بەرهەمهێنانی بڕێکی زۆر چەکی ناوەکیی و موشەکی باڵیستیکی، ئەم چەکانە بەکار نایەن تەنها لە کاتێکدا نەبێت کە ئاسایشمان لە مەترسیدا بێت."

وتیشی " هەموو ئەمەریکا لەژێر مەودای چەکە ناوەکییەکانماندایە و دوگمەی چەکە ناوەکییەکە هەمیشە لە ئۆفیسەکەمدایە و ئەوە ڕاستییەکە نەوەک هەڕەشە."

لەلای خۆیانەوە کۆریای باشوور پێشوازییان لە لێدوانەکانی کیم جۆنگ ئون کرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG