ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون وەکو سکرتێری گشتی حیزبی فەرمانڕەوا لە وڵاتەکە هەڵبژێردرا، ئەمەش لەکاتێکدا پێشتر سەرۆکی حیزبەکە بوو، بەپێی شارەزایان ئامانج لەم گۆڕانکارییە پتەوکردنی دەسەڵاتەکانیەتی بەسەر حیزب و وڵاتەکەدا.
کۆریای باکوور بەهۆی سزا نێودەوڵەتیەکانەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و لە ئێستادا بەهۆی دەرەنجامی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە ئابووری وڵاتەکە زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە.
دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور ئاماژەی بەوەدا ڕۆژی یەکشەممە کیم جۆنگ ئون " بە کۆی دەنگ " بۆ پۆستی سکرتێری گشتی حیزبەکە هەڵبژێردرا.
پێنج ساڵ لەمەوبەر و لەمیانەی کۆنگرەی حیزبەکەدا کیم وەکو سەرۆکی حیزبی کرێکاران هەڵبژێردرا.
ئەم هەنگاوەش هەلێکە بۆ پتەوکردنی پێگەی ڕابەری کۆریای باکوور کە لە ساڵی 2011 دا لە باوکییەوە دەسەڵاتی بۆمایەوە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس