Accessibility links

ڕابەری کۆریای باکوور پەیامێکی پیرۆزبایی دەگمەن دەنێرێت بۆ سەرۆکی چین


دەزگای ڕاگەیاندنی فەڕمی کۆریای باکوور ڕایگەیاند ڕابەری وڵاتەکە کیم جۆنگ ئون پەیامێکی پیرۆزبایی دەگمەنی ناردووە بۆ سەرۆکی چین شی جین پینگ و هیوای سەرکەوتنێکی گەورەی بۆ خواستووە لە ئەرکەکانی داهاتوویدا وەکوو سەرۆکی چین.

ئەم پەیامەی ڕابەری کۆریای باکوور لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوا لە چین دەکەن هەوڵی زیاتر بدات بۆ ڕاگرتنی تاقیکردنەوە ناوەکی و موشەکییەکانی پیۆنگیانگ کە گرژیی خستۆتە هەموو جیهانەوە.

دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور وتی لە پەیامەکەدا هاتووە دەڵێت " بڕوام وایە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە گەشە دەکات و لە بەرژەوەندی گەلی هەردوو وڵاتدا دەبێت."

هەروەها دەشڵێت " گەلی چینی چوونەتە سەر ڕێگەی دروستکردنی سیستمێکی هاوبەشیی بە تایبەتمەندی چینیەوە لە سەردەمی نوێدا."

پەیامەکەش دوای ڕۆژێک لە کۆتایی هاتنی کارەکانی کۆنگرەی حیزبی شیوعی چینی هات کە هەیکەلێکی نوێی بۆ سەرکردایەتی دروستکرد.

کۆمەڵێک وڵاتی جیهان بەتایبەتی ئەمەریکا داوایان لە پەکین کرد هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە بۆ ڕاگرتنی هەوڵەکانی پیۆنگیانگ بۆ بەدەستهێنانی موشەکی بالیستیکی کە بتوانێت سەری چەکی ناوەکی هەڵبگرێت و بگاتە خاکی ئەمەریکا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG