ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون سوپاسی هاوڵاتیانی کرد لەسەر پشتیوانیەکانیان لەم " کاتە قورسانەدا." ئەوەش لە نامەیەکی دەگمەندا پێش کۆنگرەی حیزبەکە.
نامە تایبەتیەکەی کیم جۆنگ ئون دوای ئەوە هات هاوڵاتیانی وڵاتەکە لە گۆڕەپانی کیم ئیل سۆنگ لە پیۆنگیانگ پێشوازییان لە ساڵی نوێ کرد.
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کۆریای باکوور ئاماژەیان بەوەداوە کۆنگرەی حیزبی فەرمانڕەوا لە وڵاتەکە لە سەرەتای مانگی یەکدا دەبەسترێت.
کیم جۆنگ ئون لە نامەکەیدا دەڵێت " هیوای خۆشی و تەندروستی و باشی بۆ سەرجەم خێزانەکانی سەرانسەری وڵاتەکە دەخوازم. لە ساڵی نوێدا هەوڵ دەدەم لە سەرەتاوە شتێکی نوێ بکەین کە لە ئاست پێشبینی و ئارەزووی گەلەکەماندا بێت."
وتیشی " سوپاسی گەلەکەم دەکەم لەسەر متمانەیان بە حیزبەکەمان و پشتیوانیکردن لێی، تەنانەت لە " کاتە قورسەکانیشدا." ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ خراپبوونی باری ئابووری وڵاتەکە بەهۆی سزا نێودەوڵەتیەکان و ڕێوشوێنە توندەکانی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کۆریای باشوور ئاماژەیان بەوەدا لە ساڵی 1995 ەوە ئەمە یەکەمین جارە ڕابەری کۆریای باکوور بەبۆنەی ساڵی نوێیەوە نامە بۆ هاوڵاتیان بنێرێت.
سەرچاوە/ فرانس پرێس