چین وتی بەڵێنی نەهێشتنی چەکی ناوەکیی لە ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون وەرگرتووە ئەوەش لە میانەی کۆبوونەوەیەکی مێژووییدا لەگەڵ سەرۆکی چین شی جین پینگ کە بەڵێنیدا پەیوەندییەکانی باش بکات لەگەڵ دراوسێکەیدا.
دوای دوو ڕۆژ لە پێشبینییەکان، چین ڕایگەیاند کیم سەردانی پەکینی کردووە و چاوی بە شی کەوتووە لە سەردانێکی نافەڕمیدا لە ڕۆژی یەکشەممەوە بۆ ڕۆژی چوارشەممە.
ئەمەش یەکەمین سەردانی کیم جۆنگ ئونە بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی لەو کاتەوەی کە لە ساڵی 2011 دا دەسەڵاتی گرتە دەست، هەروەها هەندێک دەڵێن ئەم سەردانە وەکو خۆ ئامادەکردنێکە بۆ کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکانی نێوان ڕابەری کۆریای باکوور لەگەڵ کۆریای باشوور و ئەمەریکادا.
دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور ئاماژەی بە بەڵێنەکەی کیم نەداوە بۆ نەهێشتنی چەکی ناوەکیی یاخوود کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا.
جێی ئاماژەیە چین گەورەترین هاوپەیمانی کۆریای باکوورە، بەڵام بەهۆی هەوڵەکانی کۆریای باکوورەوە بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوەکیی و پشتیوانییەکانی چین لە سزا نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر کۆریای باکوور پەیوەندییەکانیان گرژیی تێکەوت.
دەزگای شینخوا لە زاری کیمەوە بڵاویکردەوە کیم بە سەرۆکی چینی وتووە ڕەوشەکەی نیمچە دوورگەی کۆریا لە باشبووندایە ئەوەش بەهۆی ئەوەوە کە کۆریای باکوور هەوڵیداوە گرژییەکان کەم بکاتەوە و پێشنیاری ئەنجامدانی گفتوگۆی ئاشتی کردووە.
شینخوا لە زاری کیمەوە بڵاویکردەوە " هەڵوێستمان جێگیرە و پابەندبوونە بە نەهێشتنی چەکی ناوەکیی لە نیمچە دوورگەی کۆریادا."
هەروەها وتیشی کۆریای باکوور ئامادەیە لەگەڵ ئەمەریکادا دانوستاندن ئەنجام بدات و کۆبوونەوەیەکی لوتکە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ساز بکات.
کیم وتی " بابەتی نەهێشتنی چەکی ناوەکیی لە نیمچە دوورگەی کۆریادا دەکرێت چارەسەر بکرێت، ئەگەر کۆریای باشوور و ئەمەریکا وەڵامی نیاز پاکیمان بدەنەوە و کەشێکی گونجاو دروست بکەن بۆ ئاشتی و سەقامگیری لەگەڵ گرتنەبەر ڕێوشوێنی گونجاو بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز