Accessibility links

خامنەئی: ئێران بەردەوام دەبێت لەکەمکردنەوەی بەرپرسیارێتیەکانی لە ڕێکەوتنە ناوەکیەکەدا


ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی

ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێرانی زیاتر کرد دوای ئەوەی ڕایگەیاند تاران بەردەوام دەبێت لە لابردنی ئەو کۆتوبەندانەی خراونەتە سەر بەرنامە ناوەکییەکەی و وەڵامی دەستبەسەراگرتنی کەشتیە نەوت هەڵگرە ئێرانییەکەی دایەوە.

دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە، گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن دەستی پێکردەوە.

لایەنە ئەوروپیەکانی بەشدار لە ڕێکەوتنە ناوەکیەکە بڕیاریاندا هەلێکی دیکە بدەن بە وتوێژەکان تاوەکو خۆیان بەدووربگرن لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نێوان ئەمەریکا و ئێران، بەڵام لە هەمان کاتدا هیچ ڕێوشوێنێکیان نەگرتەبەر بۆ پاراستنی ئێران لە سزاکانی ئەمەریکا.

خامنەئی بەڕیتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسای تۆمەتبارکرد بەوەی پابەند نەبوون بە بەڵێنەکانیانەوە بەپێی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە کە ئەویش ئەوەیە ئێران بگەڕێننەوە بۆ پێگەی خۆی لە بازرگانی جیهانیدا، بەتایبەتی لەڕووی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانەوە کە بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە ڕاگیراوە.

ماڵپەڕی فەڕمی خامنەئی لە زاری ڕابەری باڵای ئێرانەوە بڵاویکردەوە " بەپێی وەزیری دەرەوەمان، ئەوروپا 11 بەڵێنی بەخۆیدا و هیچیانی نەبردە سەر. زۆر لەوە زیاتر پابەندبووین بە بەرپرسیارێتییەکانمانەوە. ئێستا کە دەستمان کردووە بە کەمکردنەوەی پابەندبوونمان بە ڕێکەوتنەکەوە، دژایەتیمان دەکەن. ئێوەن کە پابەند نەبوون بە بەڵێنەکانتانەوە."

هەروەها خامنەئی دەڵێت " دەستمان کرد بە کەمکردنەوەی پابەندبوونمان بە بەرپرسیارێتیەکانمانەوە و بەردەوام دەبین بەو ئاڕاستەیەدا."

لە ماوەی ڕابردوودا خامنەئی ڕەخنەی لە ئەوروپا گرت لەسەر ئەوەی بەرپەرچی سەرۆک ترامپیان نەداوەتەوە و ئێرانیان نەپاراستووە لە سزاکانی ئەمەریکا.

ئەمە یەکەمین جارە خامنەئی بە ڕوون و ئاشکرا ڕایدەگەیەنێت کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پێشێلکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە، داواکانی ئەوروپا بە ئاشکرا ڕەت دەکاتەوە.

سەبارەت بە دەستبەسەراگرتنی کەشتیە نەوت هەڵگرەکەی ئێران لەلایەن بەڕیتانیاوە، خامنەئی وتی ئێران وەڵامی " چەتە " دەریاییە بەڕیتانیەکان دەداتەوە.

وتی " چەتەکانی بەڕیتانیا کەشتیەکانمان دەدزن و بە یاساش ئەوە دەکەن. ئێران و ئەوانەی کە بڕوایان بە سیستمەکەمان هەیە ڕێگە بەم کارە خراپانە نادەن بەبێ وەڵام بڕوات. لەکاتی گونجاو و لە شوێنی گونجاودا وەڵام دەدەینەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG