Accessibility links

سیناتۆرە باڵا دەستەکانی کۆمارییەکان پشتیوانی لە مۆڵەر دەکەن


لێکۆڵەرەوەی تایبەت ڕابەر مۆڵەر
لێکۆڵەرەوەی تایبەت ڕابەر مۆڵەر

سیناتۆرە باڵا دەستەکانی کۆمارییەکان پشتیوانی بەهێزی خۆیان بۆ لێکۆڵەرەوەی تایبەت ڕابەرت مۆڵەر دەرخست کە لێکۆڵینەوە سەبارەت بە دەست وەردانەکەی ڕوسیا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا دەکات، بەڵام هەموویان هاوڕا نین لەسەر ئەوەی پێویست بکات کۆنگرێس پڕۆژە یاسایەک پەسەند بکات کە نەهێڵێت سەرۆک ترامپ مۆڵەر لە کارەکەی دووربخاتەوە.

سیناتۆر لیندسی گراهامی ساوث کارۆلاینا و سوسان کۆڵنسی مەین لەگەڵ هەندێک لە هاوڕێ کۆمارییەکانیاندا لە کۆنگرێس وتیان پشتیوانی لەو پڕۆژە یاسایە دەکەن کە زیاتر لەلایەن یاسادانەرەکانی دیموکراتەکانەوە پشتیوانیەکی زۆری لێدەکرێت.

دوو یاسادانەری کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکادا، کێڤن مککارثی کالیفۆرنیا و ترێی گاودی ساوث کارۆلاینا هەردووکیان وتیان پشتیوانی لە مۆڵەر دەکەن لە لێکۆڵینەوەکاندا بەڵام وتیشیان هیچ پێویستییەک نابینن لەوەی یاسایەک دەربچێت ڕێگە لە مۆڵەر بگیردرێت.

مۆڵەر لێکۆڵینەوە لە دەست وەردانەکەی ڕوسیا دەکات لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016ی ئەمەریکادا. لەمدواییانەدا هەواڵی ئەوە بڵاوبۆوە کە سەرۆک ترامپ لە مانگی شەشی ساڵی ڕابردوودا فەرمانی بە پارێزەری کۆشکی سپی دان مکگان کردووە کە مۆڵەر دەربکات و لە کارەکەی دووری بخاتەوە. بەڵام دواتر لە بڕیارەکەی پاشگەزبۆتەوە دوای ئەوەی مکگان هەڕەشەی دەست لە کارکێشانەوەی کردووە.

لەم مانگانەی دواییدا سەرۆک ترامپ چەند جارێک ڕەتی کردەوە کە بیری لە دەرکردنی مۆڵەر کردبێتەوە.

لیندسی گراهام وتی خۆشحاڵ دەبێت ئەگەر بێتوو پڕۆژە یاسایەک پەسەند بکرێت ڕێگە لە سەرۆک ترامپ بگرێت نەتوانێت مۆڵەر لە کارەکەی دووربخاتەوە، کە ئێستا لەگەڵ پارێزەرەکانی سەرۆک ترامپدا لە وتوێژدایە بۆ ڕێکخستنی چاوپێکەوتنێک تاوەکوو بتوانێت گەواهیدانی سەرۆک ترامپ وەربگرێت سەبارەت بە دەست وەردانەکەی ڕوسیا، تاوەکو بزانێت کە ئاخۆ بە دەرکردنی جەیمس کۆمی بەڕێوبەری پێشووی ئێف بی ئای سەرۆک ترامپ بەربەستی خستۆتە بەردەم یاسا یاخوود نا.

بەڵام گراهام وتیشی سەرەڕای ئەوەی پڕۆژە یاساکە پەسەند بکرێت یاخوود نا " هیچ بەڵگەیەک نابینم لەسەر ئەوەی سەرۆک ترامپ بیەوێت بەڕێز مۆڵەر دەربکات لەم کاتەدا. لای من و هەمووانی دیکە کە لە کۆشکی سپیدا کار دەکەن ئاشکرایە کە ئەگەر سەرۆک ترامپ بەڕێز مۆڵەر دەربکات ئەوا ئەوە کۆتایی سەرۆکایەتی ترامپ دەبێت."

گاودی وتی " لە سەدا سەد پشتیوانی لە مۆڵەر دەکەم بەتایبەتی ئەگەر کات و سەرچاوەی سەربەخۆی پێبدرێت تاوەکوو کارەکەی خۆی بکات."

سەرۆک ترامپ هەفتەی پێشوو دووبارە جەختی کردەوە لەوەی کە هیچ بەریەککەوتنێک نەبووە لەنێوان ئەو و ڕوسیادا تاوەکوو شکست بە ڕکابەرە دیموکراتەکەی هیلاری کلینتن بهێنێت لە هەڵبژاردنەکاندا، هەروەها وتیشی هیچ بەربەست دانانێک نەبووە لەبەردەم لێکۆڵینەوەکاندا.

وتیشی ئامادەیە لەبەردەم پارێزەرەکانی مۆڵەردا شایەتی بدات و سوێندیش دەخوات. بەڵام پارێزەرەکانی وتیان کە هێشتا وتوێژەکان لەگەڵ تیمەکەی مۆڵەردا بەردەوامە سەبارەت بە چاوپێکەوتنەکە و ئەو بابەتانەی کە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت لە چاوپێکەوتنەکەدا.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG