Accessibility links

بەڕێوبەری کاسپەرسکای: هەواڵگری ڕوسیا داوایان لێنەکردووین سیخوڕی بەسەر ڕۆژئاواوە بکەین


یوجین کاسپەرسکای
یوجین کاسپەرسکای

دامەزرێنەر و بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کاسپەرسکای لاب بۆ ئاسایشی ئینتەرنێت کە بنکەکەی لە مۆسکۆیە وتی دەزگاکانی هەواڵگری ڕوسیا هەرگیز داوایان لە کۆمپانیاکەی نەکردووە سیخوڕی بکەن بەسەر وڵاتانی ڕۆژئاواوە و ئاماژەشی بەوەدا کە ئەگەر هاتوو داوایەکی وای لێبکرێت ئەوا کۆمپانیاکەی لە ڕوسیا دەگوازێتەوە بۆ دەرەوەی ڕوسیا.

کۆمەڵێک ترس هەبوون سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئەو کۆمپانیایە بە دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕوسیاوە و تواناکانی سیستمی دژە ڤایرۆسەکەی بۆ دیاریکردن و سڕینەوەی زانیارییەکان بەرپرسانی ئەمەریکی ناچارکرد لە ساڵی ڕابردوودا زنجیرەیەک لە هۆشیاریدان و ڕێوشوێن بگرنە بەر.

ڕێوشوێنەکانی ئەمەریکا گەیشتنە ئاستێک کە وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ لەمساڵدا بەکارهێنانی هەموو بەرهەمەکانی کاسپەرسکای لە دامەزراوە حکومییەکاندا قەدەغە کرد.

بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە یوجین کاسپەرسکای لە ئۆفیسی کۆمپانیاکە لە بەڕیتانیا کاتێک سەبارەت بەوەی کە ئایا دەزگای هەواڵگری ڕوسیا داوایان لێکردووە یارمەتییان بدات لە سیخوڕیکردن بەسەر ڕۆژئاواوە، لە وەڵامدا وتی " ئەوە هەرگیز ڕووینەداوە، هەرگیز."

وتیشی " هەرگیز داوایان لێنەکردووین سیخوڕی بەسەر کەسەوە بکەین، هەرگیز."

کاسپەرسکای کە کاتی خۆی ئەندازیار بووە لە دەزگای هەواڵگری سەربازیی سۆڤییەتدا پێش ئەوەی کۆمپانیاکەی دابنێت لەو ساڵانەی دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەتدا وتی ئەگەر ئەو داوایەی لێبکرێت ئەوا کۆمپانیاکەی بۆ دەرەوەی ڕوسیا دەگوازێتەوە.

وتیشی کۆمپانیاکەی لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەمەریکا و حکومەتی ئەمەریکاوە هێرشی دەکرێتە سەر.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG