دەزگای ڕاگەیاندنی ڕوسیا لە زاری ئەندامێکی باڵای پەرلەمانی ڕوسیاوە بڵاویکردەوە ڕوسیا موشەکی ئیسکەندەری پیشکەوتووی لە کالینینگرادی سەر دەریای بەڵتیق بڵاوکردۆتەوە کە توانای هەڵگرتنی سەری چەکی ناوەکیی هەیە.
ڕوسیا وتی ئەرکەکانی پێشوو بۆ بڵاوکردنەوەی موشەکی ئیسکەندەر لە کالینینگراد کە لەلایەن پۆڵەندا و لیتوانیاوە گەمارۆدراوە کاتییە و وەکو وەڵامدانەوەیەکی ئەمەریکا دانراوە کە هێزەکانی لە ناوچەی بەڵتیق پتەو کردووە.
واشنتن دەڵێت بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە سیستمی موشەکیانە لە نزیک وڵاتانی بەڵتیق و پۆڵەندای ئەندام لە ناتۆ دەبێتە هۆی ناجێگیری لە ناوچەکەدا، بەرپرسانی ئەمەریکی نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە بڵاوکردنەوە موشەکەکان کە هەمیشە گەشەکردنی هێزەکانی ڕوسیا لە ناوچەکەدا دەردەخات.
دەزگای ڕاگەیاندنی ڕوسیا وتی ڤلادیمێر شاڤانۆڤی سەرۆکی لیژنەی بەرگری لە ئەنجومەنی دۆما وتوویەتی سیستمی موشەکەکانی ئیسکەندەر ڕەوانەی کالینینگراد کراوە، بەڵام ژمارەی موشەکەکانی دیاری نەکرد و ئاماژەشی نەدا بەوەی کە تاوەکو کەی بڵاوکردنەوەی ئەو موشەکانە بەردەوام دەبێت.
دەزگاکە لە زاری شامانۆڤەوە بڵاویکردەوە " بەڵێ بڵاوکراونەتەوە، بڵاوکردنەوەی ژێرخانێکی سەربازیی دەکەوێتە چوارچێوەی کارە سەرەکییەکانەوە."
موشەکی ئیسکەندەر موشەکێکی باڵیستیکی و جووڵاوە و ناتۆ پێی دەڵێت ئێس ئێس-26 ستۆن و جێگەی موشەکی سکۆدی سۆڤیەتی گرتۆتەوە.
سیستمەکە دوو موشەک هەڵدەدات کە مەوداکەیان دەگاتە 500 کیلۆمەتر و دەتوانن سەری چەکی ناوەکیی هەڵبگرن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز