Accessibility links

خۆکوژێک کۆبوونەوەیەکی پیاوانی ئایینی لە کابوڵ کردە ئامانج و هەشت کەس کوژران


بەرپرسانی ئاسایش وتیان خۆکوژێک بەلایەنی کەمەوە هەشت کەسی کوشتووە لەکاتێکدا کە لەنزیک کۆبوونەوەی کۆمەڵێک پیاوی ئاینییەوە خۆی تەقاندۆتەوە، کۆبوونەوەکە بۆ داواکردنی ئاشتی و سەرکۆنەکردنی تیرۆر بووە.

تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان ڕانەگەیاندووە، ئەم هێرشەش تیشک دەخاتە سەر خراپبوونی باری ئاسایشی کابوڵی پایتەخت پێش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجومەنەکانی شارەوانی وڵاتەکە کە وابڕیارە لە 20 ی مانگی 10 دا بەڕێوەبچێت.

لەم مانگانەی دواییدا هێرشە یەک لەدوایی یەکەکان دەیان کەسیان لە کابوڵ کوشتووە و هیچ ئاماژەیەکی کەمبوونەوەی هێرشەکان لە مانگی ڕەمەزاندا بونی نیە.

ڕۆژی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو کۆمەڵێک چەکدار هێرشیان کردە سەر بنکەی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان و بۆ ماوەی زیاتر لە دوو کاتژمێر لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشدا شەڕیان کرد.

هەروەها لە مانگی چواردا دوو تەقینەوەی یەک لە دوای یەک لە کابوڵ 26 کەسی کوشت کە لەنێویاندا نۆ ڕۆژنامەنووس هەبوون، دوای تەقینەوەی یەکەم هاتبوون ڕووماڵی ڕووداوەکە بکەن و خۆکوژێکی دیکە ئەوانی کردە ئامانج.

پێش هەفتەیەکیش لەوە، خۆکوژێک لەبەردەم بنکەی تۆمارکردنی دەنگدەراندا خۆی تەقاندەوە و لە ئەنجامدا 60 کەس کوژران و سەد کەسی دیکە برینداربوون.

ڕێکخراوی داعشیش بەرپرسیارێتی زۆربەی هێرشەکانی ڕاگەیاندووە لە کابوڵ بەڵام بەرپرسانی ئاسایش دەڵێن گومانیان هەیە لەوە و پێیان وایە تۆڕی حەقانی سەر بە تاڵیبان لە پشت ئەو هێرشانەوە بن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیاندنێکدا هێرشەکەی سەرزەنشتکرد و گوتی ئەمەریکا لە پاڵ حکومەت و هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانستان دەوەستێت. هەروەها واشنتن پشتیوانی لە هەوڵی پـیاوانی ئاینی دەکات بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە ئەفغانستاندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG