Accessibility links

لە کردەوەیەکی خۆکوژیدا لە ئەفغانستان 13 کەس کوژران


وتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان وتی لە ئەنجامی کردەوەیەکی خۆکوژیدا 13 کەس کوژران و زیاتر لە 25 کەسی دیکە برینداربوون، ئەمەش لە کاتی قەرەباڵغیدا لەبەردەم وەزارەتی گەشەپێدانی ڕیفی لە ڕۆژئاوای کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان.

دەزگای هەواڵی ئەعماقی سەر بە ڕێکخراوی داعش بڵاویکردەوە ڕێکخراوەکە بەرپرسیارێتی خۆی ڕادەگەیەنێت لەسەر ئەو هێرشە، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک نیشان بدات.

وتیشی " جیهادییەکی ڕێکخراوی داعش لەبەردەم دەرگای وەزارەتی گەشەپێدانی ڕیفی ئەفغانیدا خۆی دەتەقێنێتەوە."

ئەم هێرشەش لەگەڵ خراپبوونی باری ئاسایشی شارەکەدا دێت کە لەم مانگانەی دواییدا ڕووبەڕووی زنجیرەیەک لە هێرشی کوشندە بۆتەوە پێش هەڵبژاردنەکانی مانگی 10ی ئەو وڵاتە.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ نەجیب دانش بە ڕۆیتەرزی وت " ئافرەت و منداڵ و کارمەندانی وەزارەتەکە لەنێو قوربانییەکاندان."

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی وەحید مەجروح وتی هیچ منداڵێک لەنێو کوژراوەکاندا نیە.

وتەبێژی وەزارەتی گەشەپێدانی ڕیفی فەرەیدون ئەزهاند وتی خۆکوژێک لەبەردەم دەرگای وەزارەتەکەدا خۆی تەقاندۆتەوە، وتیشی " نازانین کە ئایا هەموو قوربانییەکان کارمەندی وەزارەتەکە بوون یاخوود هاوڵاتیانی مەدەنیشیان تێدایە."

وتیشی " وەزارەتەکە دایەنگەیەکی تێدایە کارمەندەکان منداڵەکانیان لەوێ بەجێ دەهێڵن. ئەگەری هەیە ئەو منداڵانە پێوە بووبێتن بەڵام لەم کاتەدا بەدیاریکراوی نازانین."

جێی ئاماژەیە ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی زۆرێک لە هێرشەکانی ئەمدواییەی کابوڵی ڕاگەیاندووە بەڵام بەرپرسانی ئاسایشی ئەو وڵاتە گومانیان لەوە[هەیە و دەڵێن تۆڕی حەقانی سەر بە تاڵیبان لەوانەیە بەرپرسی زۆرێک لەو هێرشانە بێت.

چەکدارانی تاڵیبان ڕۆژی شەممە ئاگربەستیان ڕاگەیاند بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە جەژنی ڕەمەزاندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG