موشەکێک لە ناوەڕاستی ناوچەیەکدا لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان کەوتە خوارەوە کە بنکە حکومیەکان و نوێنەرە دیبلۆماسییەکانی تێدایە و بووە هۆی ئەوەی باڵیۆزخانە بیانییەکان زەنگی ئاگادارکردنەوە لێبدەن.
پۆلیس وتی موشەکەکە لە ڕێگایەکی پارێزراو کەوتۆتە خوارەوە لەدەرەوەی کۆشکی سەرۆکایەتی و لەنزیک ناوچەیەک کە بنکە حکومیەکانی ئەفغانستان و نوێنەرە دیبلۆماسییەکان و بنکەی سەربازیی سەرکردایەتی هاوپەیمانانی نیودەوڵەتی تێدایە.
پێش تەقینەوەکە لەڕێی بڵندگۆکانەوە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا ئاگاداری داوە لە هێرشە موشەکییەکە.
تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە بەڵام تاڵیبان و ڕێکخراوی داعش هێرشەکانیان بۆ سەر کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان زیادکردووە.
هێرشەکە دوای چەند کاتژمێرێک لە وتارەکەی سەرۆک ترامپ هات سەبارەت بە داهاتووی بوونی سەربازانی ئەمەریکی لە ئەفغانستان.
سەرکردە سەربازییەکانی ئەمەریکا داوای چەند هەزار سەربازێکی تریان کردووە بۆ یارمەتیدان لە مەشقەکان و پشتیوانیکردنی هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانستان.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز