بەرپرسانی ئەفغانی وتیان بەهۆی سێ تەقینەوەوە لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان بەلایەنی کەمەوە 12 کەس کوژران و یەکێک لە تەقینەوەکان پاسێکی کردۆتە ئامانج کە کارمەندە حکومییەکانی گواستۆتەوە.
بەرپرسەکان وتیان لە هێرشەکەدا بۆ سەر پاسەکە پێنج کارمەندی وەزارەتێک کوژراون و 10 کارمەندی دیکە برینداربوون، لەکاتێکدا لە تەقینەوەی دووەمدا حەوت کەس کوژران و زیاتر لە 20 کەس برینداربوون.
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان لە کابوڵ نەسرەت ڕحێمی وتی " لە سەرەتادا بۆمبێکی موگناتیسی جێگیر بە پاسێکی بچوکدا تەقیوەتەوە و دواتر خۆکوژێک لەنزیک تەقینەوەی پاسەکەوە خۆی تەقاندۆتەوە و سێیەمین تەقینەوەش لەکاتێکدا بوو کە کۆمەڵێک چەکدار ئوتومبێلێکیان تەقاندەوە."
وتیشی " دەکرێت ژمارەی کوژراوان لەو سێ تەقینەوەیەدا زیاد بکات."
تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکانی ڕانەگەیاندووە کە هاوکات بوو لەگەڵ کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی ئەمەریکا جۆزێف دانفۆرد و بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی ناتۆ لە کابوڵ.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز