Accessibility links

هێزێکی سوریایی لایەنگری تورکیا ڕۆژنامەنووسێک دەستگیر دەکات کە کار بۆ فرانس پرێس دەکات


ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە ڕۆژنامەنووسێکی سوریایی کە کار بۆ چەندین دەزگای هەواڵی دەکات بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسیشەوە، لە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی ئەو گروپە چەکدارییانەی باکووری سوریا کە تورکیا پشتیوانییان دەکات، لەلایەن بەرپرسانی ناوخۆوە دەستگیرکراوە.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ وتی هۆکاری دەستگیرکردنی بەکر ئەلقاسم لەلایەن " پۆلیسی سەربازیی " ناوخۆوە نەزاندراوە.

هاوسەرەکەی قاسم، نەبیهە تەها، کە ئەویش بە هەمان شێوە ڕۆژنامەنووسە، بە فرانس پرێسی وت خۆی و هاوسەرەکەی ڕۆژی دووشەممە لە شاری ئەلباب دەستگیرکراون، لە نزیک سنووری تورکیا.

نەبیهە تەها وتی بە ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی ئازادکراوە، بەڵام قاسم هێشتا دەستبەسەرە، وتیشی نەیزانیوە " هۆکاری دەستگیرکردنەکە چی بووە و ناشزانم لە کوێ دەستبەسەر کراوە."

وتی تەلەفونەکانییان لێسەندوون و خانووەکەشییان پشکنیوە، کۆمپیوتەر و کامێراکەی قاسمیشیان بردووە.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەڕیتانیایە و چەندین سەرچاوەی هەیە لە ناو سوریادا، وتی قاسم لەلایەن " پۆلیسی سەربازیی ناوخۆ و هەواڵگری تورکیاوە " دەستگیرکراوە و " لێی دراوە."

سەرۆکی حکومەتی کاتی سوریا کە بەڕێوبەرایەتی ناوچەکە دەکات، عەبدوڕەحمان موستەفا بە فرانس پرێسی وت ئەگەر دەستگیرکردنەکەی قاسم " پەیوەندی بە ئازادی ڕۆژنامەگەرییەوە بووبێت ئەوا شیکاری بۆ دەکرێت و بە زووترین کات مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت."

قاسم لە ساڵی 2018 ەوە کار بۆ دەزگای هەواڵی فرانس پرێس دەکات و ڕووماڵی شەڕی ناوخۆی سوریای کردووە، هەروەها ڕووماڵی بومەلەرزە کوشندەکەی ساڵی 2023 ی تورکیا و سوریای کردووە کە 17 ئەندامی خێزانەکەی خۆی لەو بومەلەرزەیەدا لە دەستداوە.

هەروەها کاری بۆ دەزگای هەواڵی ئەنادۆڵۆی تورکیا و دەزگا هەواڵییە ناوخۆییەکانی سوریا کردووە.

فرانس پرێس دەڵێت " داوا لە بەرپرسانی ناوخۆی باکووری سوریا دەکەین دەستبەجێ بەکر ئەلقاسمی ڕۆژنامەنووسمان ئازاد بکەن و ڕێگەی بدەن ئازادانە بگەڕێتەوە سەر کارەکەی."

جێی ئاماژەیە هێزەکانی تورکیا و گروپە چەکدارییەکانی سەر بە تورکیا خاکێکی بەرفراوانییان لە باکووری سوریا کۆنتڕۆڵ کردووە، ئەنکەرەش لە ساڵی 2016 ەوە بەردەوام هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر ناوچەکە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG