Accessibility links

کۆمیتەی داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان: ئەیوب عەلی وەرتی بۆ ماوەیەکی کورت لە کوردستانی عێراق دەستبەسەرکرا


ئەیوب وەرتی
ئەیوب وەرتی

کۆمیتەی داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان CPJ کە بنکەکەی لە شاری نیویۆرکی ئەمەریکایە دەڵێت بەرپرسانی کوردستانی عێراق دەبێت دەستبەجێ سەرجەم ئەو تۆمەتانە لاببەن کە ئاڕاستەی ڕۆژنامەنووس ئەیوب عەلی وەرتییان کردووە، دەبێت دڵنیایی بدەن لەسەر ئەوەی بتوانێت ئازادانە کاربکات.

کۆمیتەکە کە لەسەر ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکانی ڕاگەیاندنێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردۆتەوە، دەڵێت بەپێی بەشدار حەسەنی پارێزەری کە بە تەلەفون قسەی لەگەڵ CPJ دا کردووە، ڕۆژی دووشەممە ڕۆژنامەنووس ئەیوب عەلی وەرتی کە کار بۆ کەناڵی کەی ئێن ئێن دەکات لە هەولێر دەستبەسەرکراوە.


وەرتی و پارێزەرەکەی دەڵێن پاشان لەلایەن پۆلیسەوە براوە بۆ دادگای هەولێر و تۆمەتی ناوڕزاندنی ئاڕاستە کراوە. دواتر گەڕێندراوەتەوە بۆ بنکەی پۆلیس و بە کەفالەتی دوو ملیۆن دینار ئازاد کراوە.

پارێزەرەکەی وتیشی ئەگەر بێت و بە پێی ماددەی 434 ی لە یاسای سزادانی عێراق تاوانباربکرێت، ئەوا شیانی هەیە بۆ هەتا یەک ساڵ زیندانی بکرێت. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد هێشتا کاتێک بۆ دادگاییکردنی دەستنیشان نەکراوە.

توێژەرەوەی باڵای CPJ یاگنی ڕێزیان دەڵێت " بەرپرسانی کوردستانی عێراق دەبێت دەستبەجێ سەرجەم ئەو تۆمەتانە لاببەن کە ئاڕاستەی ڕۆژنامەنووس ئەیوب عەلی وەرتییان کردووە و بێزارکردنی ڕۆژنامەنووسان بەهۆی کارەکانیانەوە ڕابگرن. یاساکانی تاوانی ناوڕزاندن جێگەیان نابێتەوە لە کۆمەڵگەیەکی کراوەدا و بەرپرسانی عێراقیش دەبێت بە زووترین کات چاکسازی لە یاساکانی وڵاتەکەدا بکەن."

بەشدار حەسەن بە CPJ وت دەستبەسەرکردنی وەرتی بەهۆی سکاڵایەکی ناوڕزاندنەوە بووە لەلایەن نەشتەرگەرێکی جوانکارییەوە، ئەوەش دوای ئەوەی وەرتی ڤیدیۆیەکی یوتیوبی ئەو پزیشکەی بەکارهێناوە بۆ باسکردن لە ڕاپۆرتەکانی ئەو دەستدرێژییە سێکسییانەی کە لەلایەن پزیشکانەوە ئەنجام دەدرێن.

حەسەن دەڵێت ئەو جۆرە سکاڵایانە یاسایی و ئاسایین، بەڵام بەرپرسان دەبوو سکاڵاکەیان بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری وڵاتەکە پەسەند بکردایە، کە ڕێگە بە دۆسییەکانی ناوڕزاندن دەدات بەبێ ئەوەی ڕۆژنامەنووسەکە دەستگیر بکرێت.

حەسەن وتیشی " ئێمە، تیمی پارێزەران، داوا لە دادگا دەکەین دۆسییەکە بگۆڕێت بۆ یاسای ڕۆژنامەگەری، ئەگەر نا ئەوا داوای پێداچوونە بە بڕیارەکەی دادگادا دەکەین."

XS
SM
MD
LG