Accessibility links

ئوردن دەڵێت هێشتا ئامادە نیە خاڵی سنووری لەگەڵ سوریادا بکاتەوە


وەزیری دەرەوەی ئوردن ئەیمەن سەفەدی

وەزیری دەرەوەی ئوردن ئەیمەن سەفەدی وتی وڵاتەکەی کاتێک خاڵی سنووری لەگەڵ سوریادا دەکاتەوە کە ئامادە بێت بۆ ئەو کارە.

جێی ئاماژەیە قەبارەی بازرگانیی ساڵانە لەگەڵ ئەوروپا و کەنداودا کە لەڕێی خاڵی سنووری نەسیبەوە تێپەڕ دەبوو دەگەیشتە ملیاران دۆلار، ئەمەش پێش هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆی سوریا لە ساڵی 2011 دا. چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن لە ساڵی 2015 دا دەستیان گرت بەسەر خاڵە سنوورییەکەدا و داخستنی خاڵە سنوورییەکەش خراپ کاری کردە سەر دارایی سوریا و وڵاتانی دراوسێ.

دیمەشق لەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند ڕێگەی خاڵە سنوورییەکە ئامادەیە بۆ بەکارهێنان، بەڵام سەفەدی وتی هیچ داوایەکی پێ نەگەیشتووە بۆ دووبارە کردنەوەی خاڵە سنوورییەکە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیف لودغیان، سەفەدی وتی " بەپێی بەرژەوەندیی خۆمان مامەڵە لەگەڵ داواکەدا دەکەین، دەبێت ڕەوشەکە جێگیر بێت."

سەفەدی وتی باسی لە کردنەوەی خاڵە سنوورییەکە کردووە لەگەڵ ڕوسیادا. کۆنتڕۆڵکردنەوەی خاڵە سنوورییەکە ئامانجی سەرەکی ئەو ئەرکە سەربازییەی هێزەکانی سوریا بوو بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانی باشووری ڕۆژئاوای سوریا.

سەفەدی وتی " لەڕووی بنەمامانەوە ئێمە دەمانەوێت سنوورمان کراوە بێت لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێدا، بەڵام کەی و چۆن، کاتێک داواکە دێت بۆ کردنەوەی خاڵی سنووری نەسیب، ئەوا گفتوگۆی لەسەر دەکەین و بەپێی بەرژەوەندیی و ئاسایشی خۆمان بڕیاری لەسەر دەدەین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG