Accessibility links

ئەردەن بەنیازە قەدەغەکردنی هاتوچۆ درێژبکاتەوە


حکومەتی ئەردەن ڕایگەیاند بەنیازە ڕێوشوێنی نوێ بگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەوانەش درێژکردنەوەی قەدەغەکردنی هاتوچۆی شەوانە و داخستنی هەندێک لە کۆمپانیاکان، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی ئەردەن لە تۆمارکردنی ژمارەیەکی پێوانەیی لە حاڵەتەکانی توشبوون بە جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە یەک ڕۆژدا.

وەزارەتی تەندروستی ئەردەن ڕایگەیاند ڕۆژی دووشەممە 7413 حاڵەتی نوێی توشبوون و 52 حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تۆمارکراوە. ئەمەش کۆی حاڵەتەکانی توشبوونی بە ڤایرۆسەکە لە ئەردەن بەرزکردەوە بۆ 435,130 حاڵەت و 4987 حاڵەتی گیان لەدەستدان.

لە تەنها یەک ڕۆژدا لە عەمانی پایتەخت کە نزیکەی 4 ملیۆن خەڵکی تێدادەژی، 3929 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە، ئەوەش تاوەکو ئێستا زۆرترین حاڵەتی توشبوونی ڕۆژانەیە.

وەزیری تەندروستی ئەردەن نەزیر عەبیدات داخستنی کلینیکە تەندروستیەکانی دەرەوەی نەخۆشخانە حکومییەکانی ڕاگەیاند.

وابڕیارە حکومەتی ئەردەن ڕێوشوێنی توندتر ڕابگەیەنێت، لەوانەش درێژکردنەوەی قەدەغەکردنی هاتوچۆی شەوانە کە لە ئێستادا لە کاتژمێر 9 ی ئێوارەوە دەستپێدەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG