Accessibility links

جۆنسن بەڵێن دەدات لە پۆستەکەی بمێنێتەوە و بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا جیابکاتەوە


سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن بەڵێنیدا لە پۆستەکەی بمێنێتەوە تەنانەت ئەگەر شکستیش بهێنێت لە گەیشتن بە ڕێکەوتنێک لەسەر جیابوونەوەی وڵاتەکە لە یەکێتی ئەوروپا، وتیشی پارتەکەمان تەنها لایەن دەبێت کە بتوانێت لە 31 ی مانگی 10 دا جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا جێبەجێ بکات.

جۆنسن هەوڵدەدات پارتەکەی ڕازیبکات بەوەی کە جیابوونەوە " بابەتی ژیان یاخود مردنە " و لە کۆتای مانگی داهاتوودا بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا جیا دەکاتەوە، ئیتر بە ڕێکەوتن بێت یاخود بەبێ ڕێکەوتن.

بەڵام هێشتا ئاستەنگ هەیە لەبەردەم جۆنسندا، یاسایەک هەیە کە جۆنسن بە " یاسای خۆبەدەستدان " ناودێری دەکات، ئەو یاسایە لەلایەن پەرلەمانی بەڕیتانیاوە پەسەند کراوە و سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ناچار دەکات داوای دواخستنی جیابوونەوە بکات لە یەکێتی ئەوروپا ئەگەر هاتوو نەگەیشتن بە ڕێکەوتنێک لەگەڵ بڕۆکسلدا.

جارێکی دیکە جۆنسن هیچ لێدوانێکی نەدا لەسەر ئەوەی چۆن لەو یاسایە خۆی دەدزێتەوە و بەڵێنی جیابوونەوەکە جێبەجێ دەکات، ئەمەش نادیارییەکان لە گەورەترین گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوە و بازرگانی بەڕیتانیادا زیاتر دەکات.

جۆنسن بە ڕادیۆی بەڕیتانی بی بی سی وت " خەڵک هەست دەکەن ئەم وڵاتە نزیک دەبێتەوە لە ساتێکی هەڵبژاردنی گرنگ و پێویستە لەسەر ئێمە بەردەوام بین و لە 31 ی مانگی 10 دا جیابوونەوەکە جێبەجێ بکەین. لە پۆستەکەمدا دەمێنمەوە و ئەوەش جێبەجێ دەکەم."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG