Accessibility links

بەرپرسێکی ئەمەریکا: هێزەکانی ئەمەریکا بەڵگەیان دۆزیوەتەوە لەسەر ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە لەلایەن تورکیاوە


جەیمس جێفری نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بۆ سوریا
جەیمس جێفری نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بۆ سوریا

جەیمس جێفری نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بۆ سوریا وتی هێزەکانی ئەمەریکا بەڵگەیان بینیوە لەسەر ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە سوریا لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە لەمیانەی هێرشەکەیاندا بۆ سەر کوردەکانی سوریا.

جەیمس جێفری لە دانیشتنێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکادا وتی " بەڵگەیەکی دیارمان نەبینی لەسەر ئەنجامدانی پاکتاوی نەژادی لەلایەن تورکیاوە، بەڵام ڕاپۆرت هەن لەسەر کۆمەڵێک ڕووداوی زۆر کە بە تاوانی جەنگ دادەنرێن."

وتیشی بەرپرسانی ئەمەریکا تاوتوێی ئەم ڕاپۆرتانە دەکەن و داوایان لە تورکیا کردووە ڕوونکردنەوەیان لەسەر بدات. هەروەها وتیشی بەرپرسانی ئەمەریکا لێکۆڵینەوە لەو هەواڵانە دەکەن کە تورکیا فۆسفۆڕی سپی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە لە هێرشەکانیدا.

جێی ئاماژەیە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە دیموکراتەکان و کۆمارییەکانیش دژایەتی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپیان کرد بۆ کشانەوە لە سوریا و ئەوەش بووەی هۆی ڕێگە خۆشکردن لەبەردەم تورکیادا تاوەکو هێرش بکەنە سەر کوردەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە ماوەی چەند ساڵێکە یارمەتی هێزەکانی ئەمەریکایان داوە لە شەڕیاندا دژی ڕێکخراوی داعش.

سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ئیلیەت ئەینجڵ لە دەستپێکی دانیشتنەکەدا وتی " چۆن ئەمەریکا توانیویەتی بەم ئەندازەیە ناشرین و خراپ مامەڵە بکات کە لەگەڵ هیچ بەهایەکماندا یەک ناگرێتەوە."

جێفری لە دانیشتنەکەدا جەختی لە بەیاننامەکەی وەزیری بەرگری ئەمەریکا مارک ئیسپەر کردەوە کە زیاتر لە 100 چەکداری ڕێکخراوی داعش هەڵهاتوون. وتیشی " نازانین لەکوێن."

جێفری لە دانیشتنەکەی ڕۆژی سێشەممەدا لەبەردەم ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکادا وتی دەیان چەکداری داعش لە سەرەتای لەشکرکێشییەکەی تورکیاوە بۆ سەر باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا هەڵهاتوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG