Accessibility links

سێشنس : سەرەڕای ڕەخنەکانی سەرۆک ترامپ هەر وەکو وەزیری داد دەمێنمەوە


وەزیری دادی ئەمەریکا جێف سێشنس دەڵێت هەتاکوو گونجاو بێت لەسەر کارەکەی دەمێنێتەوە، ئەمەش دوای ئەوە هات سەرۆک ترامپ ڕەخنەی لێگرت سەبارەت بەوەی سیشنس خۆی دەربازکردووە لە لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە دەست تێوەردانەکەی ڕوسیا لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردووی ئەمەریکادا.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ نیویۆرک تایمس لە ئۆڤاڵ ئۆفیس سەرۆک ترامپ وتی ئەگەر بمزانیایە جێف سێشنس خۆی دەرباز دەکات لە بابەتەکەی ڕوسیا ئەوا هەرگیز وەکو وەزیری دادی ئەمەریکا دەستنیشانم نەدەکرد.

سەرۆک ترامپ وتی " سێشنس نەدەبوو خۆی دەرباز بکات، وە ئەگەر بەنیازی ئەوەش بووبێت خۆی دەرباز بکات دەبوو پێش ئەوەی دەستنیشانی بکەم بۆ کارەکە پێی بووتمایە و ئەو کاتە من کەسێکی دیکەم دەستنیشان دەکرد."

سێشنس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی وەزارەتی داددا سەبارەت بە لێدوانەکانی سەرۆک ترامپ پرسیاری لێکراو وتی " شانازییە بۆ من کە وەکوو وەزیری داد خزمەت بکەم، ئەوە شتێکە کە هەرگیز پێم وانەبووە دەیکەم. ئێمە ئەم کارەمان خۆش دەوێت، ئەم وەزارەتەمان خۆش دەوێت، وە پلانیشم وایە هەتاکوو بگونجێت لە کارەکەمدا بمێنمەوە."

لێدوانەکەی سێشنس بۆ ماوەیەکی کاتی ئەو گومانانەی لابرد کە دەوترا سێشنس واز لە کارەکەی دەهێنێت، پێش ئەوەی سەرۆک ترامپ دەست بکات بە یەکەم گەشتی بۆ دەرەوەی وڵات سێشنس لە مانگی پێنجدا داوای کرد دەست لەکاربکێشێتەوە بەڵام لەو کاتەدا داواکارییەکەی ڕەت کرایەوە.

سێشنس یەکێکە لە لایەنگرانی سەرۆک ترامپ، لە مانگی سێدا خۆی دەرباز کرد لە لێکۆڵینەوەکانی دەستێوەردانی ڕوسیا لە هەڵبژاردنەکاندا دوای ئەوەی چەند پەیوەندییەکی کرد بە باڵیۆزی ڕوسیاوە لە واشنتن سێرجی کیسلیاک.

دوای ئەوەی سێشنس خۆی دەرباز کرد، ڕۆد ڕۆسێنشتاینی جێگری بەڕێوبەرێکی پێشووی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ڕۆبەرت میولەری کردە لێکۆڵەرەوەی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی ڕوسیا. هەروەها لیژنەکانی سینات و ئەنجومەنی نوێنەرانیش بە هەمان شێوە لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکە دەکەن.

سەرۆک ترامپ جەند جارێک دووبارەی کردۆتەوە کە هیچ بەریەککەوتنێک نەبووە لەنێوان ئەو و ڕوسیادا بۆ کارتێکردنی هەڵبژاردنەکان.

سەرۆک ترامپ بە تایمسی وت " هیچ شتێکی هەڵەم نەکردووە. دەبوو لێکۆڵەرەوەی تایبەت دەستنیشان نەکرێت بۆ ئەم دۆسیەیە."

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG