Accessibility links

دامەزرێنەری ئامازۆن پشتیوانی لە پلانی بایدن دەکات بۆ زیادکردنی باج لەسەر کۆمپانیاکان


جێف بیزۆس

دامەزرێنەری ئامازۆن جێف بیزۆس ڕایگەیاند پشتیوانی لە پلانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەکات بۆ زیادکردنی باج لەسەر کۆمپانیاکان، ئەم لێدوانەش چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ئامازۆنی تۆمەتبار کرد بەوەی " ئامڕازی یاسایی جیاوازی " بەکارهێناوە تاوەکو باج نەدات لەسەر فرۆشییەکانی.

بیزۆس لە بەیاننامەیەکدا کە ئامازۆن بڵاویکردۆتەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەڵێت " ئێمە پشتیوانی زیادکردنی باج دەکەین لەسەر کۆمپانیاکان."

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن پلانێکی وەبەرهێنانی گەورەی ئاشکرا کرد بە بڕی دوو تریلیۆن دۆلار و دروستکردنی " ملیۆنان هەلی کار " لە وڵاتەکەدا، پێشنیاریکرد بەشێکی ئەو پارەیەی بۆ ئەم پلانە تەرخان دەکرێت لەڕێی زیادکردنی باجەوە بێت لەسەر کۆمپانیاکان،زیادکردنی باج لە لە سەدا 21 ەوە بۆ لەسەدا 28. بەڵام پێشتر لە سەردەمی سەرۆکایەتی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا باج لەسەر کۆمپانیاکان لەسەدا 35 بوو، بەڵام دواتر کەمیکردەوە بۆ لەسەدا 21.

بایدن جەختی لەوە کردەوە " هیچ شتێکی دژی خاوەن پارەکان نیە " و ڕوونیکردەوە زیادکردنی باج بۆ لەسەدا 28 لەسەر کۆمپانیاکان لە ماوەی 15 ساڵدا دوو تریلیۆن دۆلار دەگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی وڵاتەکە.

بەڵام بایدن لە بەرامبەردا ڕەخنەی لە کۆمپانیا گەورەکان گرت و وتی "لە ساڵی 2019 دا لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ دەریخستووە 91 کۆمپانیا، دووبارەی دەکەمەوە 91 کۆمپانیا لە کۆمپانیا گەورەکانی جیهان، لەوانەش ئامازۆن، ئامڕازی یاسایی جیاوازییان بەکارهێناوە تاوەکو باجی فیدڕاڵی نەدەن، تەنانەت یەک سەنتیشیان نەداوە."

ڕۆژی سێشەممە جێف بیزۆس کە دەوڵەمەندترین کەسی جیهانە وتی " ئێمە پشتیوانی لە بیرۆکەی حکومەتەکەی جۆو بایدن دەکەین بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنانی بوێرانە لە ژێرخانی ئەمەریکادا."

وتی " بەپەرۆشەوەین ببینین کۆنگرێس و حکومەت پێکەوە کۆببنەوە و چارەسەرێکی باشی هاوسەنگ بدۆزنەوە و توانا ڕکابەرییەکان لە ئەمەریکا بپارێزن یاخود تەنانەت پتەویشی بکەن."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG